پیاوانی كوردستان لە دۆخێكی باشدا ناژین


بورهان عەلی، سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان لەبارەی رەوشی پیاوان لە هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو كۆتایی مانگی 10، پیاوان بەهۆی كێشەی جۆراوجۆرەوە 517 سكاڵایان لە دژی ژنان لە رێكخراوەكەیان تۆماركردووە. 

هاوكات ئەوەشی رونكردۆتەوە، هەر بەپێی ئەو ئامارەی لەلای ئەوان تۆماركراوە لەماوەی ئەو 10 مانگەدا 45 پیاو خۆیان كوشتووە ‌و 4 پیاویش لەلایەن ژنانەوە بەهاوكاری كەسانی دیكە كوژراون.

ناوبراو جەختی لەوەش كردۆتەوە، پیاوان لە كوردستان وەكو بەشێك لە وڵاتان لە دۆخێكی باشدا ناژین و دەشڵێت"بەداخەوە پیاوان هەمیشە تۆمەتبار دەكرێن بە سەرچاوەی تووندوتیژی، كە ئەوە خۆی لە خۆیدا تووندوتیژیە بەرامبەر پیاوان دەكرێت".

ساڵی 1999 رۆژی جیهانی پیاوان دیاری كراوە بۆ ئەوەی كێشەكانی پیاوان بخرێنەڕوو و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە، لەسەرەداتا تەنها دوو وڵات بەشداری ئەو رۆژەیان كرد، بەڵام لەئێستادا لەزۆربەی وڵاتان لە 19/11 ئاهەنگی رۆژی جیهانی پیاوان دەگێڕن.