كۆمپانیای نەوتی باكور چوار شمشێرەكەی دانایەوە ‌و دژەتیرۆری عێراق لایبرد


ئەمڕۆ دووشەممە 19ی تشرینی دووەم، ژمارەیەك ئەندازیاری كۆمپانیای نەوتی باكور پەیكەری چوار شمشێرەكەیان لە شوێنەكەی پێشوی خۆی دانایەوە، كە لە 15ی شوباتی 2015ەوە بە ‌بڕیاری نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك لابرا، بەهۆی ئەوەی یەكێكە لە سیمبوڵەكانی حزبی بەعس.

پەیامنێری كەركوك ناو، لە شوێنی روداوەكە وتی "كۆمپانیای نەوتی باكور بەبێ ئاگاداركردنەوەی ئیدارەكەی كەركوك چوار شمشێرەكەیان هەر لە شوێنی پێشوی خۆی داناوەتەوە، بەڵام هێزەكانی دژە تیرۆری عیراق چواردەوری ناوچەكەیان گرت و لەئێستادا جارێكی تر سەرقاڵی لابردنەوەی پەیكەرەكەن".

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری وتی "بەبێ ئاگاداری ئێمە ئەو پەیكەرە دانراوەتەوە، ئەوە بڕیاری ئێمە نییە"، هەروەها جەختیكردەوە كە لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە ئەو هەواڵەی زانیوە و قسە لەگەڵ شارەوانی دەكات بۆ ئەو مەبەستە"

هەروەها هێزە ئەمنییەكانی كەركوك چەند ئەندازیارێكی كۆمپانیاكەیان لەگەڵ خۆیان بردوە و دواتر ئازادیان كردوین.

پەیكەری چوار شمشێرەكە لە سەردەمی رژێمی پێشووی عیراق ‌و لە ساڵی 1987دا لە رێگەی سەرەكی كۆمپانیای نەوت و لە دەروازەی ناوچەی عەرەفە دانرا.

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك كاتی لابردنی پەیكەرەكە لە ساڵی 2015، وتی"لابردنی پەیكەرەكە بە رێنمایی پارێزگاری كەركوك بووە، بە پشتبەستن بە نوسراوێكی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران كە داوادەكات بە لابردنی هەموو ئەو سیمبوڵانەی دەگەڕێنەوە بۆ رژێمی پێشوو، جگەلەوەش ئەو شمشێرانە لەگەڵ دیزاینی یەكتربڕی ناوچەی عەرەفە یەكناگرێتەوە ‌و هەروەها ئەو گۆڕەپانە رێگە لە جموجوڵی هاتوچۆ دەگرێت".