راپەرینی 1991 لەنێوان سەركەوتن و شكستدا

راپەڕینی 1991

ژیان: تێكۆشەر حوسێن

راپەرین رابونێكی جەماوەری سەرتاسەری باشوری كوردستان بوو دژی رژێمی پێشووی عێراق، راپەرینەكە هاوكاتی كشانەوە و تێكشكاندنی سوپای عێراق بوو لەدوای جەنگی كەنداو.

دایكی بروسكەكان كامەیە؟
"لە زمناكۆوە بۆئازاد 1760 ، تكایە برادەران ئاگادار بكەرەوە 7ی مانگ زەماوەند بكەن"
وەك چۆن هەمیشە لەكاتی شەڕدا پێویست دەكات هەندێك شت بەنهێنی بدركێنرێت بۆئەوەی بەهیچ شێوەیەك دوژمن ئاگاداری جوڵە و بەرنامە و نەخشە سەربازیەكانت نەبێت، چ ئەوەی هەندێك جار فەرماندەكان ناوو ناسناوی نهێنی بۆخۆیان هەڵدەبژێرن، چ ئەوەی كاتێك لەبێ تەل قسە دەكرێت بۆ هەندێك شوێن و جوڵەی سەربازی كۆد بەكاردەهێنرێت، بەهەمان شێوە پەیامی بروسكەی شەڕو خۆئامادەكردن بۆ راپەرین و هەڵكوتانە سەر بنكە وبارەگا سەربازیەكانی دوژمن بەنهێنی وەك كۆدێك خوێندراوەتە لەئێزگە، وەك ئەوەی بروسكەكەی خالید رەزا ئەمین، كە لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە و ماوەیەك پێش دەستپێكردنی راپەرین بەردەوام لەئێزگە خوێندراوەتەوە، خالید ئەمین خاوەنی بروسكەی زەنگی دەسپێك بۆئامادەكاری ڕاپەڕین دەڵێت: دەكرێت ناوی بنێین دایكی بروسكەكان.
ئەو باس لەوەدەكات كەوا مەبەست لە زمناكۆ؛ سەركردایەتی شانە چەكدارەكانی شاڵاو بوو، هەرچی، وشەی ئازادیشە، مەبەست لێی وەك رەمزێك بووە بۆئاگاداركردنەوەی هەموو لایەك.

 لە یەكێك لەنامەكان كە نەوشیروان مستەفا بۆ شەهید علی نبی ناردووە، ئاماژە بەوە دەكات كە ۷ی مانگ دیاریكراوە وەك تەوقیت بۆ راپەرین

لەبری بەكارهێنانی "راپەرین"یش زەماوەند بەكارهاتووە لەبروسكەكە، لەوەو پێشتریش هەموو شانەچەكدارەكان ئاگاداركرابونەوە كەوا گوێگری رادیۆ بكەن بۆئەوەی ئاگاداری هەموو شتێك بن، چونكە شتی زیاتریش بەبروسكەی نهێنی بڵاوبكرێتەوە.

هۆكاری پێش خستنی راپەڕین

دەردەكەوێت كە تەواوی ئامادەكاریەكان و تەوقیتی راپەرین 7ی مانگ دەبێت، بەردەوام لەرادیۆی دەنگی گەلی كوردستانەوە دڵنایی لەسەر ئەوە دەكرایەوە كەوا راپەرین 7ی مانگ دەست پێدەكات، بەڵام بۆچی پێشدەكەوێت بەروارەكە دەبێتە 5ی مانگ، لەبەر ئەوەی كە هەندێ لەشانە چەكدارەكانی ناوشار پێیان وابوە دەبێت زووتر دەست پێبكرێ بەر لەو وادەیەی دیاریكراوە، لە یەكێك لەنامەكان كە نەوشیروان مستەفا بۆ شەهید علی نبی ناردووە، ئاماژە بەوە دەكات كە ۷ی مانگ دیاریكراوە وەك تەوقیت بۆ راپەرین، شەهید علی نبی لە تۆمارێكی دەنگیدا باس لەو نامەیە دەكات كە نەوشیروان مستەفا بۆی ناردوە سەبارەت بە ڕاپەڕین، كە ئەمەی خوارەوە دەقی ووتەكانی خۆیەتی:

" لە راپەریندا لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاك نەوشیروان نامەیەكی بۆ ئێمە نوسی بوو، لەگەل یەك جیهازی راكاڵ كە بۆی ناردبوین، لەناو شار بڕیار بوو۷ ئازار راپەرین سەرهەڵدات و دەست پێبكات، كاك نەوشیروان ووتی، ئێوە لەوێ خۆتان كۆبكەنەوەوخەریكی رێكخستن بن، ئەو چەكدارانەی بڕواتان پێیە قسەیان لەگەڵ بكەن و خۆتان ئامادەبكەن كە پێشمەرگە هاتن بۆ ناوشار، پشگیری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بكەن، ئامادەبن بۆ لێدانی حكومەت، چونكە بڕیاربوو لە ۷ی ئازار لەسەرتاسەری كوردستان راپەرین دەست پێبكات و لە ئەمن و ئیستخبارات و رژێمی بەعس بدرێ، بەڵام ئێمە دەستپێشخەریمان كرد، چونكە هێزێكی گەورەو زۆری حكومەت بەڕێوە بوو، دیارە حكومەت هەستی پێكردبوو لە ۷ی ئازار راپەرین دەست پێدەكات، بەنیاز بوو رانیە بەهێزێكی زۆرو لەشكرێكی گەورەی سوپاوە زیاد بكا، بەو حوكمەی سەر سنور بوو، بۆیە هێزێكی زۆر بەڕێ كەوتبوو، لێرەش لەناوشار دەزگا ئەمنیەكان پڕ هێز و پڕ چەك كرابوون، بۆیە ئێمە وتمان ئەگەر لەگەڵ هەمان بەروار بین، تاخیر دەبین و سەركەوتوش نابین، بۆیە ئێمە هانی جەماوەرماندا و وتمان ئێمە حەزەكەین دەست پێبكەین پەلاماری حكومەت بدەین".

لەڕانیە ژنێك دەورێكی باڵای هەبووە لەجۆشدانی جەماوەر بۆهێرشكردنە سەر بنكەی پۆلیس، ئەو ژنە ناوی هەمینە شۆڕ بووە

هێز ولایەنە سیاسیە بەشداربوەكانی راپەرین لەشار

راپەرین دەسكەوتێكی مێژوویی بوو، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەدیاریكراویش پێشمەرگە و فەرماندەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشكی شێری بەردەكەوێت لەراپەریندا، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لایەنی تریش لەشاردا بەشداری راپەرینیان كرد، ئەمانیش:

- پارتی كرێكارانی سۆشیالیست

- یەكێتی خەباتی كۆمۆنیستی

- ئاڵای شۆڕش

- رەوتی كۆمۆنیست 

- كۆمەڵەی خەباتی سور

- كۆمەڵەی رەنجدەران، كەلەشاریش رێكخستنیان هەبوو

- شانە چەكدارەكانی بروسك و شاڵاو

كاتژمێر 7ی بەیانی ئامادەكاری كرا 

هەر زوو رێكخستنەكان هەموو لایەك لەوە ئاگادار دەكەنەوە كەوا باشترین دەرفەتی زێڕین بۆئەوەی بتوانن سودی لێوەرگرن كاتەكەیە، بیردەكەنەوە كەوا لەبەر ئەوەی فەرمانبەران لەكاتژمێر 7ی بەیانیەوە خۆیان ئامادە دەكەن بچنە سەر كارەكانیان لەدام و دەزگاكانی دەوڵەت، بۆیە كاتێكی باشە، لە 7ی بەیانیەوە دەست پێبكرێت، بۆئەوەی هیچ كامێك لەفەرمانبەران نەچنە دەوام و رێگا سەرەكیەكان دابخەن و هاتوچۆ پەكی بكەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژنانیش وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی لەراپەرین بەشداری پێبكرێن، تاوەكو ورەو جۆش وخرۆش بدات بەهەموو چین و توێژەكان، لەنێویشیان لەڕانیە ژنێك دەورێكی باڵای هەبووە لەجۆشدانی جەماوەر بۆهێرشكردنە سەر بنكەی پۆلیس، ئەو ژنە ناوی هەمینە شۆڕ بووە، كە لەژیاندا نەماوەو دایكی دوو شەهیدی رێگای رزگاریشە، ئیتر بە وتنەوەی دروشم پێش جەماوەر دەكەوێت.

رۆڵی مزگەوت

یەكێكی تر لەئامادەكاریەكان بۆئەوەی هەموو ماڵەكان ئاگاری راپەرین بن، بەكارهێنانی بڵندگۆی مزگەوتەكان بووە، چەند مەفرەزەیەكی پێشمەرگەو چەند شانەیەكی رێكخستن لەبەیانیەكی زوودا هەڵدەستن بەشكاندنی قوفڵی دەرگای مزگەوتەكان و لەمزگەوتەوە بڵندگۆ بەكاردەهێنرێت و بانگی جەماوەر دەكرێت لەبەشداری كردنیان لەو رۆژە مەزنەدا، ئەو دوو مزگەوتە سەرەكیەی لەرانیە لەبڵندگۆكانیانەوە بانگی ئازادی و هاواری راپەرینی لێوەكراوە هەریەك لەمزگەوتی گەورەی رانیەیە كەدەكەوێتە چەقی شار و ناوبازاڕەوە، هەروەها مزگەوتی ناجیە خان كە ئەویش لەسەرەتای بازاڕەوەیە، بەم شێوە هەموو ئەو خێزانانەی كە بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری راپەرین نەبون لەڕێی بانگ و بڵنگۆی مزگەوتەكانەوە توانیان ئەوانیش لە سەرهەڵدانی راپەرین ئاگادار بنەوە.

نەوشیروان مستەفا لەوپەڕی دونیا لەپێناو ئامانجێكی گەورەی وەك هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ و سەربەخۆیی گەلەكەی و راپەرین لەخۆشترین وڵاتی دنیاوە دوو دكتۆرا جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە شاخەكانی كوردستان

ئەندازیاری ڕاپەرین كێ بوو؟

بەگشتی هونەری سەركەوتن لەجەنگ دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی، ئەمانیش، نەخشە و پلانی سەربازی و پێداویستیە لۆجستیەكانی وەك چەك و تەقەمەنی، كاتی هێرشكردن بۆسەر دوژمنیش بەیەكێك لەهەرە هۆكارە سەرەكیەكانی سەركەوتن دادەنرێت، دوای تەواوبوونی ئامادەكاریەكان لەڕووی دابەشكردنی هێزەكە بەچەند قۆڵێكەوە، هەروەها دانانی فەرماداری بەتواناو شارەزا لەبواری سەربازی بۆهەریەكێك لەقۆڵەكانی شەڕ، جگە لەوەش ئامانجی گەورەو ورەی خەڵك و جەماوەرو پێشمەرگەش لەپێناو راپەرین و وەدەست هێنانی ئامانجە گەورەكە.

لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت پێگە و جێدەستی ئەندازیاری راپەرین نەوشیروان مستەفا لەو راپەرینە بەرز بنرخێرێت، چونكە نەوشیروان مستەفا لەوپەڕی دونیا لەپێناو ئامانجێكی گەورەی وەك هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ و سەربەخۆیی گەلەكەی و راپەرین لەخۆشترین وڵاتی دنیاوە دوو دكتۆرا جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە شاخەكانی كوردستان، وەك چۆن خۆی لەپەرتوكی لەكەناری دانوبەوە بۆخڕی ناوزەنگ لەلاپەڕەی حەوتدا " ڤیەننا " بەبوكی ڕازاوەی جیهان ناوی دێنێت، هەروەها لەلاپەڕەی دەدا ڤیەننا بەیەكێك لەهەرە خۆشترین شارەكانی دنیا دادەنێت، هەروەها وەك ناوەندێكی گرنگی دیبلۆماسی و مۆسیقا و فەلسە پێناسەی بۆ دەكات.
رەنگ بێت جوانترین وەسف ئەو هۆنراوەیەی ئیسماعیل ساڵح بێت بۆ وەسفی كەسایەتی نەوشیروان مستەفا، كە لەدەسپێكدا دەڵێت: لەكەناری دانوبەوە بەرەو رێگای خڕی ناوزەنگ، مێژووی شۆڕشێكی نوسی و گڕی بەردایە شەوە زەنگ، ئەو سەركردەو پێشمەرگە بوو بۆسەرفرازی نیشتمان، ورەی بەرزی ئەندازیار بوو بۆسەربەخۆیی و پارتیزان، وەك سەركردە جارێكی تر مێژووی دوبارە كردەوە.

هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ڕاپەرین چی بوون؟

یەكەم: سڕینەوەی شوناسی كورد(تعریب).

دووەم: بەزۆرەملێی خەڵك بوبوون بەئەندامی حزبی بەعس(تبعیس).

سێیەم: راگواستنی بەزۆرەملێ دێهات نشینەكان(ترحیل).

چوارەم: نەبوونی ئازادی(عدم الحریە).

پێنجەم: ئەنفال و زیندانیكردن و جینۆساید.

ئەنفال كەبەهەشت قۆناغدا تێپەری، پڕۆسەی یەكەمی ئەنفال لە ۲۱ شوباتی 1988 دەست پێدەكات¬و دوو رۆژ پێش نەورۆزی هەمان ساڵ قۆناغی هەشتەمی ئەنفال كۆتایی دێت.

شەشەم: كیمیابارانی هەڵەبجە وناوچەكانی سێوسێنان و قەرداغ و بالیسان هتد...

هۆكارەكانی سەركەوتنی ڕاپەرینەكە

یەكەم: جێ دەست و وجودی ئەندازیاری راپەرین نەوشیروان مستەفا ئەمین و جێبەجێكردنی نەخشەو پلانی ڕاپەرینەكە لەلایەن خەڵك و پێشمەرگەو جەماوەرەوە.

دووەم: تێكشكانی سوپای عێراق دوای جەنگی كەنداو، سوپای عێراق لەڕووی تەكنیكی سەربازی و لۆجیستی و مەعنەویشەوە توشی تێشكانی جەنگ و داتەپینی ورەی سەبازەكانی بوبویەوە، دوای شەڕی كوێت و داگیركردن و كشانەوەی سوپای عێراق پاش فشاری دەوڵەتانی زلهێزی جیهان و لێدانی هاوپەیمانان لەسوپا تێشكاوەكەی عێراق.

سێیەم: ورەی پۆڵاینی پێشمەرگەو ولێهاتوویی شانە چەكدارەكانی ناوشار و پەیوەندی بەهێزی نێوان رێكخستنەكانی شار وشاخ.

چوارەم: كاریگەری رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان، لەسەر جۆشدانی خەڵك و جەماوەرو پێشمەرگە.

پێنجەم: تەوقیتی راپەرینەكە گرنگ بوو، چونكە سەركردایەتی كورد بەوریاییەوە مامەڵەی كردووە لەگەڵ روداوەكان، نەكشانەوەی هێزەكانی سوپای عێراق لەكوەیت ئەگەر هەیە هاوپەیمانان زەنگی هێرشی زەمینی و ئاسمانی بەڕووی سوپای عێراقدا لێبدەن، هەرئەوەشە ئەندازیاری ڕاپەرین نەوشیروان مستەفا لەنامەیەكا بۆسەركردایەتی كورد دەنوسێت: " كە دەبێت نیشتمانەكەی خۆمان رزگار بكەین‌و نابێت بەهیچ جۆرێكیش بهێڵین مەسەلەی كورد ببێتە بەشێك لە موئامەرەی نێودەوڵەتی، جگەلەوەش نابێت رێگە بدەین كەداوا رەواكانی گەلی كورد بكرێن بەدەسكەلای سیاسەتی دەوڵەتانی ئیقلیم و هاوپەیمانان، بۆیە پێویست دەكات سەربەخۆیی‌ خۆمان و هاوسەنگی خۆمان بەدادپەروەری لەو موعادەلەیە بپارێزین"

شەشەم: ئامانجی سیاسی گەورەی وەك سەربەخۆیی...

 جۆرج بوشی باوك بەئاشكرا رایگەیاند، كەوا ئامانجی ئێمە بریتی نیە لەڕوخاندنی بەعس و كۆتایی پێهێنانی، بەڵكو تاكە ئامانجی ئێمە رزگاردنەوەی كوێتە و كشانەوەی سوپای عێراقە لەو وڵاتە

هۆكاری گەورەكەی شكستی ڕاپەڕین 

لە پاش شكستی گەورەی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی و ئابووریی رژێمی بەعسی عێراق بە داگیركردنی دەوڵەتی كوێت هەلێكی زێڕین بۆ گەلانی عێراق بە تایبەتی گەلی كورد لە باشووری كوردستان هەڵكەوت، كە لەبەرامبەر ئەو رژێمە سەركوتكارە راپەڕین و كۆتایی بە داگیركاری دەیان ساڵەی ئەو رژێمە بهێنن.
كاتی تەواوی سەرهەڵدان و ناڕەزاییەكانی گەلی عێراق چ ئەوەی كوردی عێراق چ ئەوانەشی لەناوەڕاست بوو هاوزەمانی دەنگدانەوەی ناڕەزایی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان بەرامبەر عێراق تەنها هۆكار داگیركاری كوێت بوو لەلایەن عێراقەوە نەوەك روخاندن و كەوتنی رژێمی سەدام حوسین بووبێت، ئەوەبوو كە جۆرج بوشی باوك بەئاشكرا رایگەیاند، كەوا ئامانجی ئێمە بریتی نیە لەڕوخاندنی بەعس و كۆتایی پێهێنانی، بەڵكو تاكە ئامانجی ئێمە رزگاردنەوەی كوێتە و كشانەوەی سوپای عێراقە لەو وڵاتە، رژێمی عێراق لەوە تێگەیشت كەوەك ئەوە وایە گڵوپی سەوزی بۆهەڵكرابێت لەسەركوتكردن ودامركاندنەوەی تەواوی سەرهەڵدانەكانی گەلی عێراق باكوریشەوە، ئیتر دوای ئەوە عێراق لەڕێگەی بەكارهێنانی هێڵی ئاسمانیشەوە توانی كۆتایی بەو راپەرین و سەرهەڵدان و ناڕەزاییانە بهێنێت، یەكێكی تریش لەهۆكارەكانی شكستەكە نەبوونی هەماهەنگی بوو لەخوارووی عێراق ناوەڕاست و باكوور، هەرچی پەیوەستیشە بەسەرهەڵدان و تەقینەوەی جەماوەری و راپەرینی كوردەكانەوە بەشێك لە هۆكاری شكستەكە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كەهەندێك لەسەركردایەتی كورد بەتایبەت مسعود بارزانی، لەوبڕوایەدا نەبوو كورد بتوانێت لەڕێی راپەرینەوە ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت لەبەرامبەر رژێمی عێراق، چونكە ئەوكاتەی نەوشیروان مستەفا، لەنامەیەكدا داوای لێدەكات بۆئامادەكاری و خۆكۆكردنەوەو هێزكۆكردنەوە، لەبەر ئەوەی مسعود بارزانی بڕوای پێنابێت بۆیە ناتوانێت هێز كۆبكاتەوە، تەنانەت لە رۆژی ۱۰ ئازار كاتێك هەریەك لە نەوشیروان مستەفاو مسعود بارزانی لەسۆران لەكۆمەڵگەی گەڵاڵە لەسەر دیواری حەوشەی ماڵەكەی مام عزەت وتارێك پێشكەش دەكەن سەبارەت بەو دەستكەوتە گەورەیە، بارزانی لەسەرەتای وتارەكەیدا باس لەوەدەكات ئەوەی ئێستا دەیبینین خەونە و نایشارێتەوە كەوا لەو بڕوایەدا نەبووە رۆژێك لەرۆژان بەڕاپەرین خەونەكانمان بێتەدی، ئیتر دوای ئەوە نەوشیروان مستەفا وتارێك پێشكەش دەكات و رودەكاتە خەڵكەكەو دەڵێت: نا بەعەكسەوە ئەوەی كەئێستا دەیبینین هیچ خەون نیە، بەڵكو جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە كەلەوەو پێش كارمان بۆیكردوە و بەرنامەكاریمان بۆی كردووە، لەكۆتایشدا رایدەگەیەنێت كەوا نابێت بەم جۆرە بیربكەینەوە، چونكە هێشتاش كاری گەورەترمان لەپێش ماوە دەبێت ئەنجامی بدەین. دیارە كەنەوشیروان مستەفا مەبەستی ئازادكردنی هەموو كوردستان بووە، لەسەروو هەمووشیەوە كەركوك، ئەوەبوو بۆ ۲۱ ئادار ئاگری نەورۆز لەكەركوك هەڵكرا و ئازادكرا.
لەنامەیەكیشدا بەبۆنەی راپەڕین و ئازادكردنی كەركوكەوە نەوشیروان مستەفا پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە مەزنە ئاراستەی گەلی كورد دەكات، لەبەشی كۆتایی نامەكەدا دەڵێت "بەم بۆنەیەوە كەرۆژێكی مێژویی و تاجی سەركەوتنی كردە سەری راپەرینی گەلی كورد لەعێراق، داوا لەمیلەتەكەمان دەكەین كە بەیەكگرتن و یەكێتی ریزەكانی بەوریایی و هوشیاری پارێزگاری ئەم دەسكەوتە بكات".