پزیشكەكانی عێراق لە چاوەڕوانی مەرگدا

عێراق پێویستی بە 100 هەزار پزیشكە لەئێستادا

ژیان: زانا حەمە غەریب

پانزە ساڵی رابردوو عێراق بەتەنیا نەبۆتە مەیدانی ململانێ و شەڕی مەزهەب و تائیفی و تیرۆر... بەتەنیا شوێنی یەكلایكردنەوەی سیاسەت و دەسەڵاتی وڵاتانی تر نەبووە، بەڵكو بەهەزاران قەیران بەهۆی بۆشایی ئەمنی و خراپی دەسەڵات و حوكمڕانیەوە هاتۆتە كایەوە، یەكێك لە قەیرانەكانی تری عێراق كەرتی تەندروستی و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ نەخۆش و نەبوونی پزیشكی پێویست و هەڵهاتنی پزیشكەكان لەعێراق بەهۆی مەترسی و هەڕەشەكانی سەر ژیانیان، لەكاتێكدا عێراق پێویستی بە 100 هەزار پزیشكە لەئێستادا، بەڵام لەو رێژەیە بەتەنیا 35 هەزار پزیشك بوونی هەیە، ئەویش بەشێكی زۆری بۆ هەڕەشەو كوشتنی پزیشكان دەگەڕێتەوە كەڕێژەیەكی زۆری پزیشكەكان بەو هۆیەوە وڵاتیان بەجێهێشتووە.

كۆچی بەلێشاوی پزیشكان هۆكارو دەرئەنجامەكانی 

لە ساڵی2004 شەپۆلێكی كوشتن و رفاندنی پسپۆڕان و پزیشكان دروست بوو، كەچەندین پزیشك بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستداو ئەمەش وایكرد بەشێك لەپزیشكە عێراقیەكان بەهۆی چیرۆكی جۆراوجۆرەوە عێراق بەجێبهێڵن، سەعد هاشم، یەكێكە لەو پزیشكانەی عێراقی بەجێهێشتوەو ئێستا نیشتەجێی ووڵاتی ئەڵمانیایە لەبارەی كۆچەكەیەوە بۆ ژیان ووتی "دوای ئەوەی لە ساڵی 2013 كۆلیژی پزیشكی موسڵم تەواوكرد لەگەڵ ئەو شەپۆلی كۆچەی پزیشكانی عێراق كەلەو ماوەیەدا وڵاتیان بەجێهێشت منیش كۆچم كرد، ئەویش بەهۆی ئەزمونی تاڵی ژیانی خۆمەوە بوو كەدەمزانی وەك چۆن كاتێك باوكم كە دكتۆری شكاوی بوو لە شاری موسڵ و لەساڵی 2007 ئێوارەیەك لە كلینكیەكەی لەگەڕەكی شیفا بەدەستڕێژی گولله دەیكوژن، دەمزانی كەچارەنووسم كوشتنە بۆیە پەنام بۆ كۆچكردن بردوو ئێستاش لەگەڵ هەزاران پزیشكی تری عێراقی لەئەڵمانیا دەژیم و بەردەوامی بەكارەكەم دەدەم".

فیراس ئیغال، یەكێكی ترە لەو پزیشكە عێراقیانەی بەهۆی هەڕەشەكانی سەر ژیانیەوە عێراقی بەجێهێشتووە، فیراس لەبارەی چیرۆكی هەڵاتنەكەی بۆ ژیان باسی لەوەكرد، لەساڵی 2004 لە عێراق كریگ لامبرشتم ناسی كە پزیشكێكی بە رەچەڵەك ئەمریكی بوو لە بنكەی سەربازی سكانیا، من لەوێ‌ وەك وەرگێرو هاریكاری پزیشكی كارمدەكرد، دوای یەكتر ناسینمان بڕیارماندا لەدەرەوەی سەربازگەكە لەكلینكێكی بچووك چارەسەری سوتاوی بكەین بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی، دواتر كریگ لە ساڵی 2006 گەڕایەوە ئەمریكاو منیش لەساڵی 2007 كەوتمە بەر هەڕەشەی چەكدارانی نەناسراو، زانیاریم هەبوو  كەناوم لەلیستی ئەو كەسانەدا هاتووە كەمیلیشیاكان بڕیاری كوشتنیانداوەو بەو هۆیەشەوە بڕیاری ئەوەمدا كۆچی ئەمریكا بكەم لەهەمان ساڵ، ئێستاش مافی پەنابەریم وەرگرتووەو لەگەڵ دكتۆر كریگ هاوڕێ‌ ئەمریكیەكەم سەرقاڵی كاری پزیشكیم لە ئەمریكا".

پزیشكێك: ماوەی دوو ساڵە كەوتوینەتە بەردەم هەڕەشەی كوشتن و رفاندن لەلایەن كەسانی نەناسراو


بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراقی لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا نزیكەی بیست هەزار پزیشك عێراقیان بەجێهێشتوەو كۆچیان كردووە، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراقی لەبارەی ژمارەو هۆكاری كۆچی بەلێشاوی پزیشكانی عێراقی لە چەند ساڵی رابردوو دەڵێت "بەداخەوە لەبابەتی كۆچی ناچاری و بەكۆمەڵ لەعێراق پزیشكانیش بێ‌ بەش نەبوون و دەكرێت بڵێم پشكێكی گەورەشیان بەركەوتوو، كەبەپێی ئامارە نافەرمیەكان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو تاوەكو ئێستا، بیست و دوو هەزار پزیشك بەناچاری و لەترسی هەڕەشەو مەترسی لەسەر ژیانیان لەلایەن گروپە نەناسراو تیرۆریستیەكان یاخوود لەلایەن خەڵكانی عەشائیرو دەست رۆیشتوو بەناچاری عێراقیان بەجێهێشتوەو روویان لەووڵاتانی دەرەوە كردووە، ئەمەش زیانێكی گەورەیە بەكەرتی تەندروستی لەعێراق گەیاندووە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراقی بۆ ژیان باسی لەوەشكرد، لەبەرئەوەی پزیشكی عێراقی خاوەن پسپۆڕیی و دڵسۆزییەكی تایبەتن بۆ كارەكەیان و بەو هۆیەشەوە هەموو ووڵاتێك بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لەكەسانی وەها دەكات كاتێك دەزانێت سوودی گەورەیان دەبێت بۆ كەرتی تەندروستی ئەو وڵاتەی وەك پەنابەر رووی تێدەكەن، بەشێكی زۆر لەو پزیشكانە بەهۆكاری هەڕەشەو مەترسی لەسەر ژیانیان لەلایەن گروپ و خەڵكانی نەناسراو بەشێكیشیان بەهۆی هەڕەشەی عەشائیری بەتایبەت كاتێك هەڵەیەكی پزیشكی لەبەرامبەر نەخۆشێك رووبدات ئیتر ئەو پزیشكە رووبەڕووی گەورەترین مەترسی دەبێتەوەو ئەم حاڵەتەش لەزۆربەی پارێزگاكانی عێراق رووبەڕووی پزیشكان بۆتەوە.

حوسێن تەمیممی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی سەبارەت بەكۆچی ئەو رێژە زۆرەی پزیشكان و چۆنیەتی گێڕانەوەیان بۆ عێراق تاوەكو خزمەت بە وڵاتەكەیان بكەن بۆ ژیان رونیكردەوە، رێژەی كۆچی پزیشكان تادێت روو لە هەڵكشانەو تەنیا وڵاتێكی وەك بەریتانیا نزیكەی پێنج هەزار پزیشكی عێراقی كۆچیان بۆ كردووەو 2700 پزیشكیان لەوەزارەتی تەندروستی بەریتانیا تۆماركراون و ئەركیان پێسپێردراوە، بەجۆرێك بەشێكیان بەرپرسیاریەتیی باڵایان پێدراوە، سەبارەت بەچۆنیەتی گەڕانەوەی ئەو پزیشكانە پێویستە حكومەت رێگە بگرێتەبەرو دڵنیایی تەواوەتیان بۆ دابین بكات لەعێراق، وەزارەتی تەندروستی هەتا ئێستا توانیویەتی 507 پزیشك بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق و بۆ سەر ئەركەكانیان كەئەوەشرێژەیەكی كەمە بەبەراورد بەپێویستی پزیشك لەعێراق بۆ كەرتی تەندروستی.  
هەڕەشەی عەشائیری مەترسیەكی تری سەر پزیشكان.

جگە لە باڵادەستی میلیشیاو گرووپە چەكدارەكان و هەڕەشەی كوشتن و رفاندنەكانیان بۆ پزیشكەكان، بەشێكی زۆر لە پزیشكان جگە لەو هێرش و پەلامارانەی لە نەخۆشخانەكان رووبەڕووی دەبنەوە، كێشەیەكی تر رێكەوتنی عەشائیریە، بەجۆرێك لەكاتی مردنی نەخۆشەكاندا كەس و كاریان داوای پارەیەكی زۆر لە پزیشكەكان دەكەن، دكتۆر لەیس شاكر، چیرۆكی خۆی و دوان لەهاوپیشەكانی بۆ ژیان دەگێڕێتەوە كەتووشی كێشەی عەشائیری بوون و دەڵێت "لەساڵی 2010 دوو هاوڕێم كەپزیشكن بەهۆی هەڕەشەی عەشائیریەوە بەو بیانوەی كەئەوان بوون بەهۆی مەرگی گەنجێكی 18ساڵی كەنەشتەرگەریەكەی سەركەوتوو نەبوو، هاوڕێكانم بەناچاری بڕی شەست هەزار دۆلاری ئەمریكیاندا بەخانەوادەكەی و دواتر بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراوبێت بەناچاری عێراقیان بەجێهێشت، هەروەها بۆخۆشم بەهەمان شێوە لەساڵی 2015 دەرزیم بۆ كەسێك بەكارهێناو لەدوای ماوەیەك كەسوكارەكەی هاتنە نۆرینگەكەم و پێیان راگەیاندم كەقاچێكی ئیفلیج بووە".

دكتۆرە شەیما كەمالی، لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی بەغدادە ئەو سەبارەت بەوكێشە عەشائیریانەی رووبەڕووی بونەتەوە بۆ ژیان ووتی"بەهۆی ئەركەكەمەوە چەندینجار رووبەڕووی مەترسی بومەتەوە، بۆ نمونە جارێك نەخۆشێكیان هێنایە لامان و كەسانێكی زۆری لەگەڵ بوو رێگریم كرد لەوەی هەموان لای نەخۆشەكە بمێننەوەو بەباوكیشیم ووت دەبێت لەكاتی زیاتر لەوەی دیاریكراوە بۆ سەردانیكردن بمێنێتەوە، بەو هۆیەوە رووبەڕووی هەڕەشەی چەكداری بومەوەو ماوەی 10 رۆژ خۆم حەشاردا".

قوتەیبە جبوری، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لەپەرلەمانی عێراقی لەبارەی پرسی پزیشكان و هەڕەشەكانیان بۆ ژیان ووتی"بەداخەوە لەدوای ساڵی2003 تاوەكودێت هێرش و پەلامارەكانی سەر پزیشك و كارمەندانی تەندروستی زیاد دەبێت، لەئێستاشدا دیاردەی هەڕەشەكردن بەكوشتن یان سوڵحی عەشائیری و پارە وەرگرتن لەپزیشكان بۆتە دیاردەو پێویستە رێگری لەم كارە بكرێت و دەبێت بەپێی یاسای رووبەڕووبونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كەهێرش و پەلامار بۆ سەر پزیشك و ناوەندە تەندروستیەكان ئەنجام دەدەن".

سەندیكای پزیشكانی عێراق رایدەگەیەنێت "پێویستە یاسای پاراستنی پزیشكان كە لەساڵی 2013 دەرچووە پێویستە هەموار بكرێتەوە كەبەپێی یاساكە پێویستە سكاڵای نەخۆش و كەمتەرخەمی دكتۆرەكان و پەلاماردانی پزیشك لەرێگەی یاساو لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك وەزارەتی ناوخۆ داد بەدواداچونیان بۆ بكرێت نەوەك لەرێگەی داواكاری و سوڵحی عەشائیری".

سەندیكای پزیشكان: ئەو هەڕەشەو مەترسیە بەردەوامەی لەسەر پزیشكان هەیە بەهۆی خەمساردی وەزارەتەكانی ناوخۆ و تەندروستی یە

گیانی پزیشكان لە چاوەڕوانی حكومەتدا

ئەو هەڕەشەو مەترسیانەی لەماوەی ساڵانی رابردوو رووبەرووی چینی پزیشكان بویەوە شەقامی عێراقی هێنایە دەنگ و حكومەتی بێدەنگ كرد، بەشێك لە چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەعێراق كەمپینی (كوشتنی پزیشكەكان بوەستێنن) راگەیاند لەبەرانبەر ئەو هێرشانەی دەكرایە سەر پزیشكان، بەڵام وەك دەوترێت حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بێدەنگ بوون و نەتوانراوە هەنگاوی جدی بنێت بەئاراستەی پاراستنی گیانی پزیشكان و دەستگیركردنی تۆمەتباران.

ئەنەس قاسم، پزیشكی پسپۆڕی ئێسكە لەخانەوادەیەكی پزیشكی ناسراو باوكی و براكەی و خێزانی براكەشی پزیشكن، ئەوان یەكێكن لەو خانەوادانەی رووبەڕووی هەڕەشە بونەتەوە لەبارەی چیرۆكەكەیانەوە بۆ ژیان ووتی "بەداخەوە ماوەی دوو ساڵە كەوتوینەتە بەردەم هەڕەشەی كوشتن و رفاندن لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە، ئەمە جگە لەوەی لەساڵی رابردوو لەبەردەمی ماڵەكەماندا ئۆتۆمبێلەكەیان سوتاندم دواتر بۆمبێكیان هەڵدایە ماڵەكەمانەوە، لەدوای ئەوەش بەبەردەوامی لەرێگەی نامەوە هەڕەشەمان لێدەكرێت، لەداوی ماوەیەك لەگەڵ براكەم یەكێك لەتاوانبارەكانمان دەستگیركرد كەڤیدیۆی كارەكانی هەیە كەئەنجامی داون، هەروەها ئەو نامانەی نووسیونی ساغ بۆتەوە كەئەو لەپشتیانەوە بووە، رادەستی هێزە ئەمنیەكان كرد، بەڵام بەداخەوە لەجێگای لێپێچینەوەو سزادانی دوای ماوەیەكی كەم بەكەفالەت ئازادكراو ئێستاش گەڕاوەتەوە سەر هەڕەشەكانی پێشووتری".

باسی لەوەشكرد، ئێمە ماڵەكەمان بەجێهێشتووەو ناتوانین كاربكەین لەبەرئەو هەڕەشانەی لەسەرمانەو حكومەت و لایەنە ئەمنیەكانیش هیچ بەدواداچوونێكیان نیە لەپێناو سەلامەتی و پاراستنی ژیانی ئێمە.

سەندیكای پزیشكانی عێراقیش وەزارەتەكانی تەندروستی و ناوخۆ بەكەمتەرخەم دەزانێت لەبارەی پاراستنی گیانی پزیشكان، عەبدول ئەمیر موحسین، نەقیبی سەندیكای پزیشكانی عێراق لەو دەڵێت "بەردەوامی زنجیرەی كوشتن و رفاندن و هەڕەشەكان بۆ سەر پزیشكانی عێراق هەڕەشەو مەترسی جدیە بۆ سەر كەرتی تەندروستی لە عێراق، چونكە بەشێكی زۆر لەو پزیشكانەی رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە عێراق بەجێدەهێڵن و بەو هۆیەشەوە كاریگەری خراپ دروست دەبێـت لەسەر كەرتی تەندروستی".

نەقیبی سەندیكای پزیشكان بۆ ژیان باسی لەوەشكرد، ئەو هەڕەشەو مەترسیە بەردەوامەی لەسەر پزیشكان هەیە بەهۆی خەمساردی وەزارەتەكانی ناوخۆ و تەندروستی عێراقیە لەپاراستنی گیانی پزیشكان، بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی تاوەكو ئێستاش نەیتوانیوە ئەو یاسایەی تایبەت بەپاراستن و پاسەوانی پزیشكان جێبەجێ بكات.

سەبارەت بەهەوڵەكانی حكومەت بۆ بەرگرتن لەهەڵمەتی كوشتن و هەڕەشەی سەر ژیانی پزیشكانی عێراق وەهاب ئەلتائی، راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ ژیان ووتی "هێزەكانمان بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ دەستگیركردن و ئاشكراكردنی ئەو باندانەی دەستیان لە كوشتنی پزیشكە عێراقیەكان یاخوود رفاندن و هەڕەشەكانی سەر ژیانیان هەیەو لەماوەی چوار ساڵی رابردووش توانیومانە 13 باند دەستگیربكەن كەدەستیان هەبووە لەو كردەوانە ئەمە جگە لەوەی چەندین تاوانبار دەستگیركراون و دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە".