جگەرخوێن


ژیان:

ئەو شاعیرەی هەموو ژیانی كرد بە قوربانی خەباتی سیاسی و لە زۆرینەی شۆڕش و سەرهەڵدانەكانی كورد بەشداری كردووە و پشتیوانی سەرجەمیشیانی كردووە.  

ناوی تەواو شێخ مووس كوڕی حەسەن كوڕی موحەمەد. 

لە ساڵی ١٩٠٣ لە باكووری كوردستان لە گوندی حەسار نزیك بە شاری ماردین لەدایكبووە. 

بەمنداڵی شوانی و گاوانی كردوو، لەبەر ئەوەی نەداربوە و باوكی كۆچی دواییكردوە، خوشكەكەی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی كردووە. 

 لەبەرنەداری و ھەژاری بەناچاری گوندی حەسار جێدەھێڵن و لەساڵی ١٩١٤ بۆ گوندی عاموودە دەیگوێزنەوە. 

ھەر لە منداڵییەوە حەزی لە خوێندن كردووە. 

ناردوویانە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت و سەرجەم خوێندنەكانی زۆر زیرەكانە بەرێكردووە وەك خوێندنی زمانی عەرەبی و زانستەكانی ئایینی ئیسلام، بۆیە بە ئومێدی تەواوكردنی مۆڵەتی دوازدە زانستی باكور و ھەر چوار پارچەی كوردستان گەڕاوە و دواتر لەسەر دەستی مەلا عوبێد وەرگرتووە. 

لە ڕۆژئاوای كوردستان و ماوەیەكیش لە باشووری كوردستان و ڕۆژھەڵاتی كوردستان مەلایەتی كردووە.

جگەرخوێن لەساڵی ١٩٤٦ڕوو دەكاتە شاری قامیشلی و دەست بەكاری ڕامیاری دەكات و دەبێتە ئەندامی پارتی جڤاتا ئازادی و یەكیەتییا كورد.
لەساڵی ١٩٤٨دا دەبێتە ئەندامی پارتی كۆمنیستی سوری.

 لەساڵی ١٩٥٤ دا بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی سوریا دەپاڵێورێت. 

لەساڵی ١٩٥٧ واز لەپارتی كۆمۆنیست دەھێنێت و ڕێكخراوی ئازادی دادەمەزرێنێت. 

ئەو ڕێكخراوەش پاشتر دەچێتە ناو پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریاوە. 

لەساڵی ١٩٥٩دا جگەرخوێن ڕوودەكاتە باشووری كوردستان و تا ساڵی ١٩٦٣ ز لە زانكۆی بەغدا دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە بەشی زمانی كوردی. 

دواتر دەگەڕێتەوە بۆ قامیشلی سەرقاڵی نووسین و كاری ڕامیاری دەبێت. ھەر لەو ساڵەدا و لە شاری دیمەشق دەخرێتە گرتووخانەوە.

لەساڵی ١٩٦٩ ڕوو دەكاتە كوردستانی باشوور و بەشداری لە شۆڕشی مەلا مستەفا با‌رزانی دەكات.

لەساڵی ١٩٧٣دا بەرەوو لوبنان دەچێت و لەوێش ھۆنراوەی كیمە ئەز (Kîme Ez) دەنووسێت.

جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٧٦دا بۆ سوریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ ناچار دەبێت ڕووبكاتە وڵاتی سوێد و لەوێ وەك پەناھەندەیەك دەگیرسێتەوە و بەنووسینەوە سەرقاڵ دەبێت.

 لە ١٩٨٤.١٠.٢٢ كۆچی دوایی دەكات و تەرمەكەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بەخاك دەسپێدرێت، ئەوەش ھەروەك خۆی پێش مردنی داوایكردبوو.

كاریگەریی ھۆنراوە نەتەوەییەكانی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری كۆیی و شۆڕشە نەتەوەییەكی شێخ سەعیدی پیران لە باكووری كوردستان لە ١٩٢٥ دا، بووە شاعیرێكی لێھاتووی ھۆنراوەی نەتەوەیی.

بەرھەمەكان 

دیوانی یەكەم: دیوانی ئاڤستای جگەرخوێن :پریسك و پەتی (Prîsk û Pêtî)، ساڵی ١٩٤٥ دیمەشق

دیوانی دووەم: سەورا ئازادی (Sewra Azadî)، ساڵی ١٩٥٤ دیمەشق

دیوانی سێیەم: كیمە ئەز (Kîme Ez)، ساڵی ١٩٧٣دیمەشق

دیوانی چوارەم: ڕۆناك (Ronak)، ساڵی ١٩٨٠ ستۆكھۆڵم

دیوانی پێنجەم: زەند ئاڤستا (Zend-Avista)، ساڵی ١٩٨١ ستۆكھۆڵم

دیوانی شەشەم: شەفەق (Şefeq)، ساڵی ١٩٨٢ستۆكھۆڵم

دیوانی حەوتەم: ھێڤی (Hêvî)، ساڵی ١٩٨٣ ستۆكھۆڵم

دیوانی ھەشتەم: ئاستی (Astî)، ساڵی ١٩٨٥ ز ستۆكھۆڵم

دەستوورا زمانێ كوردی (Destûra Zimanê kurdî)، ساڵی ١٩٦١بەغدا

فەرھەنگ (پەرچێ یەكەم) (Ferheng، perçê yekem)، ساڵی ١٩٦٢بەغدا

فەرھەنگ (پەرچێ دوەم) (Ferheng، perçê diwem)، ساڵی ١٩٦٢ بەغدا