وتەبێژی دادگای سلیمانی: لە هەرێمی كوردستان 29 هەزار كەس یەك دادوەری بەردەكەوێت

شاسوار عەبدولواحید دوای 12 مانگ لە ئاگاداری چۆتە بەردەم دادگا
دادوەر عومەر ئەحمەد، وتەبێژی دادگای سلێمانی

ژیان: زانكۆ سەردار

وتەبێژی دادگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ 10 مانگ لەمەوبەر ئاگاداری دادگا ئاراستەكراوە بۆ ئامادەبوون لەبەردەم دادگا، بەڵام ئامادە نەبووە پاشان بڕیارەكە گۆڕدراوە بۆ راپێچكردنی زۆرەملێ.

دادوەر عومەر ئەحمەد، وتەبێژی دادگای سلێمانی لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتی ژیان باس لە كەیسی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جولانەوەی نەوەی نوێ دەكات كە ئامادەی بەردەم دادگا نەبووە، لەگەڵ چەندین كێشەی بەردەمیان لە بەڕێوەچوونی رێكارەكانی دادگا بەتایبەت كەمی دادوەر.

ژیان: زۆرجار باس لەوەدەكرێت دادگاكان سەربەخۆ نین و چەندین تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەسترێت؟

عومەر ئەحمەد: دادگاكان لەهەرێمی كوردستان بەیاسایەك كارەكانیان رێكخراوە كە یاسای دادوەری ژمارە 23ی ساڵی 2007، لەچوار چێوەی ئەو یاسایەدا دادگاكان كارەكانیان بەڕێوەدەبەن، دادگای تەمیز لەهەرێمی كوردستان چاودێری بڕیارەكانی دادگا دەكات، هەروەها ئەنجومەنی دادوەریشمان هەیە كە سەرپەرشتی كارە كارگێڕی دادگاكان دەكات، دادگاكان هەریەكەو بەپێی تایبەتمەندی خۆی كارەكانی دەكات، بەڵام كەمی دادوەرو فەرمانبەر كێشەی سەرەكییە. دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی سەرپەرشتی كارەكانی دادگاكانی ئەو سنورە دەكات كە تەنها 69 دادوەرمان هەیە، ئەم ژمارەیە دابەش بووە بەسەر سەرجەم دادگاكانی سنوری سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانیدا، 102 لێكۆڵەری دادیمان هەیە كە ئەمەش ژمارەكەیان هەر زۆر كەمە، هەموو سنوری دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی 832 فەرمانبەری هەیە لەكاتێكدا كە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی بازرگانی 1,964,475 كەسە، كە بەپێی ستانداردی جیهانی دەكرێت بۆ هەر 4-5 هەزار كەس هاوڵاتییەك دادوەرێكی هەبێت، بەڵام لەهەرێمی كوردستان ئەگەر ژمارەی دانیشتوان دابەشی بكەین بەسەر ژمارەی داوەرەكاندا 28-29 هەزار هاوڵاتییەك یەك دادوەری بەردەكەوێت، ئەمە ئەركی دادوەرەكانی زۆر قوڕس كردوە، بۆتە هۆی ئەوەی لەهەندێك حاڵەتدا هاوڵاتیانیش گلەیی ئەوەبكەن كە داواكانیان وەك پێویست و لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا یەكلا ناكرێتەوە. زانراویشە بنەمای سەرەكی دادوەری زوو یەكلایكردنەوەی داواكان و بەئاسانی بەدەنگەوە هاتنی دادگاكانە بۆ ئەو داوایانەی كە هاوڵاتیان پێشكەشی دەكەن، تاوەكو هاوڵاتیان هان بدرێن پەنا نەبەنە بەر تۆڵەكردنەوە وتوندو تیژی.

ژیان: كەواتە دەكرێت بڵێین ئەو گلەییانەی كە هاوڵاتیان دیكەن لەبەرامبەر كاری دادگاكان لەشوێنی خۆی دایە؟

عومەر ئەحمەد: هاوڵاتیان مافی خۆیانە كە گلەییان لەكاری دادگاكان بكەن، بەجۆرێك لەجۆرەكان ئەوە واقیعەكەیە كەباسمان كرد بۆئەوەی لای هاوڵاتیشانیش رون بێت كە ئەمە بارودۆخی دادگاكانە. دیارە ئەو دۆخە ئابورییەی هەرێمی كوردستانی گرتەوە بەرۆكی دادگاكانیشی گرت كە نەتوانین فەرمانبەری پێویست دابمەزرێنین، نەتوانراوە لێكۆڵەری دادی دابین بكرێت، نەتوانراوە دادوەری پێویستیش دابمەزرێنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیمانگەی دادوەری لەهەرێمی كوردستان بەدووساڵ جارێك خولێكی پێگەیاندنی دادوەر دەكاتەوە، ئێستا ئەمانە لەخولی چوارەمی پێگەیاندنی دادوەراندان و لەدووساڵی داهاتوودا ژمارەیەكی دیكە لەدادوەران پێدەگەیەنرێن كە ژمارەیان نزیكەی 25 دادوەر دەبێت.

دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی 69 دادوەری هەیە لەگەڵ 102 لێكۆڵەری دادی و 832 فەرمانبەر

ژیان: لەئێستای دۆخی هەرێم زۆرترین ئەو كەیسانە چین كە لەنێو دادگاكاندا هەیە؟

عومەر ئەحمەد: بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە راگەیەنراوە، دادگاكانی لێكۆڵینەوە زۆرترین كەیسی لێكۆڵەینەوەیان هەیە، بۆ نمونە ژمارەی ئەو داوایانەی كە لێكۆڵینەوەیان تێدا كراوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی 6,996 داوا هەبووە لە ساڵی 2018 دا، 48 هەزار و 858 داوا یەكلاكراوتەوەو ئەوەشی ماوەتەوە لێكۆڵینەوە تێیاندا بەردەوامە، ئەمەش داوا سزاییەكانن كە بەڕاستی دڵخۆشكەرنین، بەڵكو دەبێت دڵمان بەوە خۆشبێت كە داوای شارستانیمان زۆر بێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی سەیر بكەین هەرچەندە ئەگەر داواكانمان زۆر بێت لەوەباشترە كە هاوڵاتیان پەنا بەرنە بەر تۆڵە سەندنەوەی كەسێتی.

ژیان: چ جۆرێك لەتاوان زیادی كردوە؟

عومەر ئەحمەد: تاوانەكان جۆراوجۆرن و تاوانی كەتنن، ئەوانەن كە سزاكەیان لە 5 ساڵ تێناپەڕێت، بەڵام دیاریمان نەكردوە چەندیان تاوانی دزی و كوشتن و ئەو جۆرانەن، ژمارەی تاوانەكان راستە زیادیان كردوە، بەڵام ناتوانین بەدیاریكراوی پەنجە بخەینە سەر جۆرێك لەتاوان.

ژیان: دەوترێت رێژەی جیابونەوی هاوسەرەكان زیاد كردوە؟ 

عومەر ئەحمەد: ساڵی 2018 ژمارەی جیابونەوە 4085 دۆسیە تۆماركراوە، بەڵام لەسەرجەمی ئەو ژمارەیەدا بڕیاری كۆتایی تێدا وەرنەگیراوە، چونكە لەیاسایی پێداچونەوەی مەدەنیدا بەشێكی زۆریان رەتدەكرێنەوە لەبەر ئەوەی بەشێكیان ئامادە نابن، رێكەوتن لەنێوان هاوسەرەكان دەكرێت، یاخود دادگا پەنا دەباتە بەر ناوبژیوان لە هەردوولا كە زۆرجار هاوسەرەكان لەم قۆناغەدا بەیەك دەگەنەوە.

ژیان: كۆی گشتی كێشەكانی نێوان هاوسەرەكان پەیوەندییان بەچییەوە هەیە، ئایا دۆخی ئابورییە یاخود بوونی گرفتی كۆمەڵایەتی و خیانەتی هاوسەرەییە؟

عومەر ئەحمەد: چەند هۆكارێك بوونی هەیە لە هەڵكشانی جیابونەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە پێی گەیشتووین كاریگەری خراپی ئەو دراما توركیانەیە كە پەخش دەكرێت و پەیوەندییە خێزانییەكان بەجۆرێك نیشان دەدات كە ساردی نێوان پەیوەندیییەكان و پەیوەندیەدەرەكییەكانی خێزان ئاسایی دەكاتەوە، كە نەریتێكی زۆر ناشرینی لەنێو كۆمەڵگەدا دروستكردوە، ئەمە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانە.

ژیان: بۆ ئێوە وەك دادوەران و داواكاری گشتی لەسەر ئەو بابەتە نایەنە دەنگ لەكاتێكدا بەشێكی زۆری هاوڵاتیان ناڕەزایەتیان بەشێوازی جۆراو جۆر دەربڕییووە؟

عومەر ئەحمەد: دادگاكان دادوەری دەكەن و لەهۆكاری كێشەكان دەكۆڵنەوە، بەڵام چۆنیەتی بنەبڕكردن و چۆنیەتی نەهێشتنی ئەو كێشانەو راگرتنی دراماو كەناڵێك كاری دادگاكان نیە، هەرچەندە ئێمە هەر كێشەكمان بینیی بێت بەلایەنی پەیوەندیدارمان ووتوە، بەڵام ئەوە ئەركی سەرەكی وەزارەتی رۆشنبیرییەو كاری سەرەكی داواكاری گشتی یە، دەبێت هەڵوێستەیەك لەسەر ئەو بابەتە بكەن، پاشان دۆخی داراییش رۆڵێكی گرنگی هەیەو هاوكات سۆشیال میدیاو ئامێرەكانی پەیوەندیكردن كاریگەری خراپیان لەسەر كۆمەڵگەی كوردی داناوە كە ئەوەش ووردەكاری زۆرە لەیاسادا.

بەپێی ستانداردی جیهانی چوار بۆ پێنج هاوڵاتیی دادوەرێكی پێویستە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان 29 هەزار هاوڵاتیی یەك دادوەری بەردەكەوێت

ژیان: دەمەوێت باس لەدەست وەردانی حزب بەسەر داگاكانەوە بكەم، چونكە یەكێكە لەو بابەتانەی جێگەی گومانی بەشێكی زۆری هاوڵاتیانە؟

عومەر ئەحمەد: بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە 23ی ساڵی 2007 لەمادەی 52 دا هاتووە، دەبێت ئەو كاتەی دادوەرێك دادەمەزرێت راستەوخۆ دەستلەكاركێشانەوەی لەهەر حزب و ریكخراوێك بەئاشكرا بكێشێتەوەو ئەمەش یەكێكە لەمەرجەكان بۆ بونە دادوەر، ئەمە وەكو یاسا، بەڵام دادگاكان لەلایەن دادوەرەكانەوە سەركردایەتی دەكرێن و ئەم بابەتەش سروشتییەو ناتوانین بەیەكجاری بڵێین هەیمەنەی حزب بەسەر هیچ دادوەرێكەوە نیە، بەڵام بزانرێت دەست وەردانی حزب بەسەر دادگاكانەوە هەیە، ئەو دادوەرە توشی لێكۆڵینەوەی یاسایی دەبێت، لەسنوری دادگای سلێمانی تاوەكو ئێستا هیچ كەس و حزبێك نەیتوانیوە خۆی بەسەر دادگادا بسەپێنێت، بەڵام نایشارمەوە ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەو پارێزبەندانەدا هەیە كە خەڵكانێك هەیانە وەك پۆلیس، پەرلەمانتار، پێشمەرگە و پارێزەر.....هتد، ئەمەش بۆتە مایەی گلەیی هاوڵاتیان.

ژیان: لەماوەی رابردوودا سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چوە بەردەم داداگاو لەهەمانكاتیشدا دادگای بە بێدەسەڵات تۆمەتبار كرد؟

عومەر ئەحمەد: هەر كەسێك تۆمەت ئاڕاستەی دادگاكان دەكات، پێویستە بیسەلمێنێت كە دەزگاكان بێدەسەڵاتن، دادگاكانی لێكۆڵینەوە لەو كەیسانەدا بڕیاری خۆیداوە، بڕیارەكانیش شایستەی ئەوەیە تانەی لێ‌ بدرێت لەدادگایەكی باڵاتردا، بۆیە گومان خستنەسەر بڕیاری دادوەر بۆی هەیە بەشێوازی سكاڵاكردن مامەڵەی لەگەڵ بكات لەلایەن سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوە، ئەو كەسەی باس لە بێدەسەڵات بوونی دادگا دەكات دەبێت رۆشنبیری ئەوەنە هەبێت كە دادگاكان بڕیار دەردەكەن. ئەو بەڕێزەی كەدەڵێت دادگاكان بێدەسەڵاتن لە 3ی ئایاری 2018 بانگهێشتكردنی هەبووە لە لایەن دادگاوە، پاشان فەرمانی بانگهێشتەكەی بەفەرمی پێڕاگەیەندراوەو نەهاتۆتە بەردەم دادگا، بۆیە فەرمانەكەی بۆ گۆڕدراوە بە فەرمانی گرتن، واتا لە ئایاری 2018ەوە تاوەكو 3ئازاری 2019 ئەو بەڕێزە بۆ نەهاتۆتە بەردەمی دادگا، ئەگەر رێزگرتن لەدادگا بێت ئەوا هەركەسێك كە پێی راگەیەنراوە دەبێت ملكەچی بڕیارەكانی دادگا بێت، نابێت كەسانی سیاسی حەزو ئاواتەكانی خۆیان لەڕێگەی نابوتكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە بهێننەدی، نابێت كەسێك لە ئایاری 2018ەوە بانگراوی، بەڵام لە مانگی ئازاری 2019 دا هاتۆتە بەردەم دادگا، فەرمانی گرتنەكە جێبەجێ‌ نەكراوە بەسەریدا، بۆ بەدادگا ناڵێت بێدەسەڵاتن بەرامبەر بەمن كە من ساڵێكە فەرمانی گرتنم هەیەو بۆ نەتانگرتووم؟ دادگا فەرمانی گرتنەكان دەردەكات نەك فەرمانەكە جێبەجێ‌ بكات، بەڵكو ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن وەك پۆلیس و ئاسایش دەكات، هەریەكە بەپێی رۆڵی خۆی و ئەوان بڕیارەكان جێبەجێ‌ دەكەن، ئەگەر ئەوان لەدواخستنی بڕیارەكاندا كەمتەرخەمییان كرد، هەم عەیبەیە بۆ ئەوان و هەم سەرپێچی ئەوانیشە لەیاسا، سكاڵا لەهەر كەسێك كرابێت لە هەر ئاست و پلەیەكدا بێت دادوەری لێكۆڵینەو دادوەری دادگای تاوانەكان و دادوەری كەتن، هەروەها دادگا مەدەنییەكانیش بڕیاری خۆی دەركردوە، دادگا وەكو كەسێك مامەڵەی لەگەڵداكردوە كە ناوی هاتووە، خۆزگە هەموو دامەزراوەكانی تر وەكو دامەزراوەی ئەنجومەنی دادوەری پابەندیی یاسایی خۆیان بونایە، بەسەدان بەرپرس فەرمانی گرتنی هەبووە، ئەو بەرپرسەی نەهاتۆتە بەردەمی دادگا یاسا بەنەهاتوو (غیاب) مامەڵەی لەگەڵكردوەو هەر بەنەهاتووش سزاكەیان پلەی كۆتایی وەردەگرێت.

ژیان: ئەی بۆ دادگا بەنەهاتوو مامەڵەی لەگەڵ دۆسییەكەی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێدا نەكرد لەكاتێكدا ئەو فەرمانی گرتنی هەبووەو بەئاشكراش هاتوچۆی كردوە؟

عومەر ئەحمەد: ئەم پرسیارە دەتوانن لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دامەزراوەكانی پۆلیس بكەن، ئایا بۆ فەرمانی گرتنێك ماوەی ساڵێك دەهێڵدرێتەوەو جێبەجێ‌ ناكرێت، دادوەری لێكۆڵینەوە سەرپەرشتیاری پرۆسەی لێكۆڵینەوەیەو هەر ئەندامێكی داواكاری گشتیش سەرپەرشتیارە بەسەر ئەفسەرانی لێكۆڵینەوە، بۆیە لەو حاڵەتەدا ئەگەر هەركەمتەرخەمییەك لەلایەن ئەفسەری لێكۆڵەر یاخود دادوەوری لێكۆڵەر هەبوو ئەوا ئەندامی داواكاری گشتی راپۆرتێك بەرز دەكاتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و ئەو ئەفسەری لێكۆڵینەوە بەكەمتەرخەم مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.