ئەلجەزری..ئەو كوردەی عەرەب بە هی خۆی و توركیش بە هی خۆی دەزانێت


ژیان: 
ناوی تەواوی بەدیعوزەمان ئەبی عەزی كوڕی ئیسماعیلی كوڕی ڕەزازی جەزری 

ئەندازیار و میكانیكزانە داهێنەری چەندین ئامێری كەورەی مێژوویە

لە 1136ی زاینی لەدایكبووە.

 سەرچاوەكان سێ شوێنیان بۆ لەدایكبوونی دیاریی كردووە كە بریتییە لە (ئامەد، ماردین، جزیرا بۆتان). 

توركەكان بە دانا و زانایەكی توركی هەژمار دەكەن و چەندان كتێب و لێكۆڵینەوەیان لەسەر ژیانی كردووە.

ئەلجەزری 300 ساڵ بەر لە هاتنی تورك بۆ ناوچەكە ژیاوە، بۆیە بەستنەوەی ڕیشەی ئەو زانا گەورەیە بە تورك كارێكی هەڵەیە.

عەرەبەكانیش سوورن لەسە ئەوەی كە عەرەب بووە.

 سەردەمی ژیانی جەزری بۆ كاتی دەوڵەتەكەی سەلاحەدینی ئەیوبی دەگەڕێتەوە.

سەرچاوە بیانییەكانیش جەزری بە زانایەكی ئیسلامی ناو دەبەن.

جەزری خاوەنی شارەزایی و داهێنانی زۆر گەورە بووە و بە دروستكەری یەكەم رۆبۆت لە مێژووی مرۆڤ دەگەڕێتەوە و زیاتر لە 100 ئامێری میكانیكی داناوە و 80یان داهێنانی تایبەتی خۆی بوون و پێشكەشی مرۆڤایەتی كردوون.

 لەو سەردەمە بە رۆبۆت و ئامێری خۆكار دەگوترا زانینی فێڵ و حیلەكردن، دواتر ناوی ئەو زانستە بۆ میكانیك و دواتر بۆ زیرەكی دەستكرد و مرۆڤی دەستكرد گۆڕدرا.

بۆ یەكەمجار ئامێری بەرزكردنەوەی ئاو و سەعاتی ئاوی ئاگاداركەرەوە و ئامێری هایدرۆلیكی دروست كردووە، سەرجەمیانی لە كتێبەكەی بە ناوی ” كۆكەرەوە لە نێوان زانست و كاری بەرزكردنەوە و پیشەسازی فێل” تۆماركردووە.

ناسناوی ئەلجەزری بۆ كورتكراوەی ناوچەی لە دایكبوونی دەگەڕێتەوە، كە پێی دەگوترێ جەزیرەی بۆتان .

ئەو كتێبەی كە نووسیویەتی و لە پاش خۆی بەجێماوە لەسەر ڕاسپاردەی پاشا ساڵح ناسڕی كوڕی فەتحی كوڕی مەحموودی كوڕی محەمەدی كوڕی ئەرسەلانی كوڕی داودی كوڕی سەكمانی كوڕی ئارتیق نووسراوە، كە ئەوكاتە پاشای ئامەد بووە و لە ماوەی 561 تا 619 كۆچی حوكمی ئەو ناوچەیەی كردووە و ئەلجەزری بۆ ماوەی 25 ساڵ لە كۆشكی پاشایەتی ئامەد وەك گەورەی ئەندازیاران و دانایانی كۆشك كاری كردووە.

ئەلجەزری شارەزایی زۆری لە بواری بیركاری و فیزیا و میكانیك و ئەندازیاری هەبووە، بۆیە بەشێكی كاتەكانی بۆ وانەگوتنەوە تەرخان كردووە.

ئامێری بەرزكەرەوەی ئاوی دروست كردووە كە پێنج جۆر ئامێری جیا جیای بەرزكردنەوەی ئاوی داهێناوە و هەریەكەیان لەسەر بنەمایەكی بیركاری و ئەندازەی و فیریایی و میكانیكی جیا جیا دروستكراون.

 بۆ یەكەمجار بازنەی كارلێكەری سەر یەكتری دروست كردووە و كە لە تۆپێكی ئاسنی بازنەیی و شێوەی دەرەوەی بە چاڵی و بەرزی جیا جیا پێكهاتبوو لەگەڵ ئەوەی تر دەچوونە ناو یەك و وەكو بەكرەیەك دەخولانەوە و كاریان دەكرد و ئاویان سەر دەخست، 100 ساڵ دوای ئەو ئەوروپییەكان كۆپیان كرد و لە وڵاتانی ئەوروپا بڵاوبووەوە.

داهێنەری سەعاتی ئاوی و خوڵ، بەر لەوە سەعاتەكان بە پەتێكەوە كاریان دەكرد و دەبوو كەسێك بچێت و پەتەكە ڕابكێشێ تا بچێتە سەر سەعاتێكی تر، بەڵام ئەلجەزری بۆ یەكەمجار سەعاتی ئاوی و دواتر خۆڵی دروست كرد، كە بێ هیچ هاوكارییەكی مرۆڤ خۆكارانە سەعاتیان دەژمارد، نەك هەر ئەمە بەڵكوو ئەو سەعاتانەی ئەو دروستی كرد لە سەری هەموو سەعاتێك جۆرە موزیك و دەنگێكی جیاوازی لێ دەدا كە هاوشێوەی بوكەڵەیەكی ئەلیكترۆنی خۆكار بوو كە ئەمڕۆ بە ڕۆبۆت ناودەبرێن.

دروستكردنی فوارە و لوولەی ئاوی باخچەكانی كۆشكی پاشایەتی و بزوێنەری ئاو و ئامێری پێوانەكردن و موزیك، داهێنانەكانی جزری بوونە هەوێنی پێشكەوتنی شارستانییەت و گەشەسەندنی ژیانی مرۆڤایەتی، بە جیهانی ئیسلامی و ئەوروپا بڵاوبوونەوە.

كتێبەكەی بۆ هەریەكە لە زمانەكانی  ئینگلیزی و ژاپۆنی و ئەڵمانیوەرگێڕدراوە.

هەرچەندە كۆپی راستەقینەی كتێبەكە دیار نیە بەڵام وێنەیەكی كتێبە عەرەبیەكە لە كتێبخانەی تۆپ قاپی ئیستەنبۆل و وێنەیەكی تری لە مۆزەخانی كاپی لە ئیستەنبۆل و وێنەیەكی لە مۆزەخانەی بۆستن و وێنەیەك لە لۆڤەری پاریس و لە كتێبخانەی ئۆكسفۆری بەریتانیایش وێنەیەكی تری هەیە.

لە 1206 كۆچی دوایی كردووە.