خانمە هونەرمەندێکی فارس گۆرانی بۆ منداڵانی کورد دەڵێت

گۆرانی لایە لایە بڵاوکرایەوە
کەتایۆن

ژیان:

 گۆرانی لایە لایە بەرهەمی خانمە هونەرمەندی فارس کەتایون ڕۆژی 15ی مارسی ئەمساڵ بڵاو کرایەوە.

کتایون ئەم گۆرانییەی پێشکەش کردووەبە هەموو ئەو منداڵانەی کە دایکیان لەشەردا لەدەستداوە.

ناوبراو، لە کورتە ڤیدیۆیەکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مێژووی گەلی کورد پڕە لە مەینەتی و چەوساوەیی و لەهەمانکاتدا شۆڕش و خۆراگری هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ژنانی کورد لەو مێژووەدا ئەستێرەیەکی درەوشاوەن.

دەشڵێت، کە منیش ئێستا ژنێکی کوردم، ژنێکی ئەم نیشتیمانەم.

جێگای ئاماژەیە هونەرمەند کەتایون بەڕەچەڵەکە فارسە و چەندین بەرهەمی کوردی تری هەیە کە هێشتا بە کلیپ نەکراوە.

کەتایون پێشتر لە یەکێک لەزانکۆکانی ئێران مامۆستای ئەندازیاری بووە و کاتێک لێکۆڵینەوە بۆ وتارێک دەربارەی کاریگەری ئەندازیاری لەسەر میوزیکی کوردستان ئەکات، حەز بە میوزیکی کوردی ئەکات و بۆیە بریار ئەدات کە چەندین گۆرانی کوردی ئامادە بکات. گۆرانی لایە لایە یەکێک لەبەناوبانگترین گۆرانیەکانی مامۆستای گەورەی کورد مەزهەر خالقییە.