هەیاسە لەكوردستان چ باسە

"ئەم قسانەی من نەمكردوون"

ژیان: سەرتیپ جەوهەر
ئەمڕۆ دانپێدانانی ئەو باندە تاوانبارەی سلێمانی بڵاوكرایەوە، زۆرمەترسیدارو تۆقێنەرە! بەڵام ئەو تاوانە زۆرشتی دیكەمان بیردەخاتەوە كە زۆرمەترسیدارترە لەو تاوانەی كراوە.

بەپێی نوسراوێك تۆمەتبارێك لەبەندیخانە ئاسایشی هەولێر دەستگیركراوەو تەوقیف بووە، دادوەر نوسراوی كردووە ماوەی تەوقیفی بۆ درێژبكرێتەوە، كەچی بەندیخانە وڵامیان داوەتەوە دەڵێن (ناوبراو) ئازادكراوە چونكە بێتاوان دەرچووە!! 

ئاخر لەكوێی دونیا بووە بەڕێوبەرانی بەندیخانە تۆمەتبار بەبێ‌ بڕیاری دادوەر یان دادگا ئازادبكەن و بەدادوەر بڵێن ئازادمان كرد!! خراپر ئەوەیە كابرا عەریزەیەكی داوە دەڵێت مۆبایل و كەلوپەلم لەبەندیخانە جیهێشتوە بۆم بگەڕێننەوە!!

برادەرێك وتی رۆژێك لای دەستڕۆیشتوێكی حزبیی ئەم وڵاتە بووم كە هیچ پۆستێكی دیاریكراوی حزبی و حكومی نەبوو، كەچی تۆمەتبارێكیان لەبەندیخانەوە بۆ هێنابوو تا لەدیوەخان "رەزیلی" بكات، دوای رەزیلكرن، تۆمەتبارەكەیان گێڕایەوە بەندیخانە!! 

ئاخر لەكام سوچی ئەم سەرزەمینە بووە تۆمەتبار لەبەندیخانە بهێنرێتە دەرەوە ببرێتە دیوەخانێك و بەردەم دەستڕیشتوێكی حزبیی! تەنها بۆ ئەوەی سەرزەنشتی بكات!!

ئێ‌ خۆتان بینیتان كاكی بەڕێوبەری ئاسایش بێمنەت و بەبەرچاومانەوە وتی ئێمە (فلان)مان گرتوە لەبەر ئەوەی هەڤاڵێكی حزبمان لە سلێمانی دەستگیركراوە؟! ئای لەوە؟! ئەركی ئاسایش پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی كوردستانە یان رفاندن و بەبارمتەگرتنی هاوڵاتیان؟ كاریان دابینكردنی ئاسایشە یان تێكدانی ئاسایش؟!

جا چۆن ناكرێت تاوان بەردەوام بێت؟ لەهەولێر گەنجێكی تازە پێگەیشتو، خوێندكاری ماستەر لەروسیا، لەبەردەم ماڵی باوانی لەلایەن گروپێكی چەكدار رفێنراو تەلەفۆنیان بۆ باوكی كرد وتیان ئەوە كوڕەكەت لەتۆڵەی ئامۆزاكەی دەكوژین! بردیان لەچۆلەوانی كوڕەیان گولەباران كرد؟! یەكێكی دیكە لەسەر فولایت كوژراو كرایە ژێر ئۆتۆمبێلەوە! دەیان و سەدان تاوانی لەمانە خراپتر..تدد

ئاخر دادوەرانی دادگاو ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كوردستان بەجەماعەت بەشداری لەبانگەشەی حزبدا بكەن لەیاریگای هەولێر!! تۆ بڵێی دادگاكانی كوردستان لەچ بارودۆخێكدا بن! عەیبەكە ئەوەندە گەورەیە، من دڵنیام بەدوو دێڕ نوسینی من پێشان نادرێت!!

ئێ‌ پێرێ‌ حەمكە دادوەرێك چوبونە بۆنەیەكی حزبی و بۆ ئەم مەبەستە دوو سێ‌ سەعاتیش بەئۆتۆمبێل ئەزیەتیان كێشابوو! خراپتر لەتەلفزیۆن پیشان دەدران وەك ئەوەی بەیعەتیان نوێكردبێتەوە!

ئێ‌ بۆ ئاسایی نییە، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان لەپێناو ئازادكردنی چەند تاوانبارێكی دیاریكراو چەند بڕگەیەك لەقانونی لێبوردنی گشتیی زیاد بكات، تۆ بڵێی ئەم وڵاتە گەیشتبێتە كوێی وێرانیی!! ئێ‌ ئەو لێبوردنی گشتییە بووە بە بەڵایەكی گەورە، زۆربەی ئەوانەی بەلێبوردنی گشتی ئازادكراون، دواتر تاوانیان كردۆتەوە!!

ئەو قسانەی سەرەوە حەقیقەتی ئەم وڵاتەن، بۆیە بەلاتانەوە ئاسایی بێت یەكێك تیرۆردەكرێت یان دەكوژرێت یان دەڕفێنرێت! ئاخر ئەوە حاڵی پەرلەمانتارو ئاسایش و پۆلیس و دامەزراوەی دادوەریی بێت، تۆ بڵێی تاوانباران لەچی بترسن؟! ئەمە حاڵی كوردستانە، بەڵام ئەم قسانە من نەمنوسیون، نەموتون، چونكە لەوانەیە سبەی یەخەم بگرن و لەپای ئەو قسانە بەبارمتە بمگرن و دواتر بەدیل بمگۆڕنەوە.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە