چارەنوسی موچە پاشەکەوتکراوەکان چی لێبەسەردێت؟


ژیان: تێکۆشەر حسێن

ئەم بەیانی لێدوانی وەزیری دارایی "ڕێباز محمد حەمڵان" بوو بەمانشێتی زۆرێک لەمیدیاکان، ڕێباز حەملان لەمیانی گفتوگۆیەک لەگەڵ "دەنگی ئەمریکا" لەسەر سێ تەوەر قسەی کردووە، تەوەرێکی قسەکان تایبەت بووە بە هاتنی موچە لەکاتی خۆی بێ پاشەکەوت وبێ دواکەوتن، بەشێکی تری قسەکانی سەبارەت بەپێشینەکان بووە وباسی لەوەکردووە کەوا تا ئێستا هیچ بڕیارێک نیە تایبەت بێت بەلێسەندنەوەی پێشینەکان، ڕونیشی کردۆتەوە لەداهاتوودا بڕیاری لێوەدەدرێت، تەوەرێکی تریش تایبەت بووە بە پێدانەوەی بڕی ئەو موچە پاشەکەوتکراوانەی چەند ساڵێک بووە بەهۆی قەیرانی داراییەوە فەرمانبەر وپێشمەرگە وموچەخۆرانی هەرێمی گرتبویەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە لەوەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکارەکەی دەنگی ئەمریکا، کاتێک لێی دەپرسێت:

ئایا حکومەت لەبەرنامەیدا هەیە لەداهاتوودا موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران بداتەوە؟

لەوەڵامیشدا حەملان دەڵێت: نابێت ئەوەمان بیربچێت لەکاتی گفتوگۆکانماندا لەگەڵ بەغداد، دەبێت تەئکید لەسەر ئەوە بکەینەوە، یەکەم هۆکاری پاشەکەوتی موچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بووە، واتا یەکەم هۆکار حکومەتی ناوەند وبەغدادە، چونکە بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی، خۆ ئەگەر بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕا، دەبوو موچەکە هەر بنێرێت، ئینجا، لەبەشی کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، هەرکاتێک حکومەتی هەرێم دەستی کرد بەدانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی خۆی، دەبێت بەشە زۆرەکەی حکومەتی عێراق بۆدانەوەی پاشەکەوتەکە لەئەستۆ بگرێت...

لەئەگەری نەگەیشتنە هەر ڕێکەوتنێکی حکومەتی ناوەند وهەرێم سەبارەت بەڕادەستکردنی ئەو بەشە سوتەمەنیەی لەسەر مێزی گفتوگۆی دانوستانی نێوان هەردوو لا قسەی لەسەرکراوە، ئەوا حکومەتی هەرێم ئامادە نابێت موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران بگێڕێتەوە، ئەو قسەیە هەر ئەوە دەگەیەنێت، چونکە بەئاشکرا دەیانەوێت پشکی شێر بخەنە ئەستۆی حکومەتی ناوەند وخۆشیان لێبێبەری بکەن.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە