لە پێناو مێژووی سلێمانی؛ دارا ئۆتۆمبیلەکەی دەفرۆشێت

کتێبخانەکەی دارا

ژیان: هێڤار قەرەداغی

هەمیشە بەدەنگێكی بەرز مانشێتی رۆژنامەو گۆڤارەكانی دەخوێندەوە، بەتایبەت ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی كە پێیان دەوترا ئەهلی و سەربەخۆ، ئەمەش چەندینجار رووبەڕووی كێشەو گرفتی كردۆتەوە.

دارا محێدین محەمەد، لە دایكبووی ساڵی 1982ی قەرەداخە، بۆ ژیان ووتی "لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقدا دەچووم بۆ كەركوك و ناوچە ئازادكراوەكان و چەكی جۆری دەمانچەم دەكڕی و لە سلێمانی دەمفرۆشتەوە، بەڵام هەر لە سەرەتادا خولیام هەبوو بۆ خوێندنەوەی كتێب ئەمەش وایكرد دوای دەرچوونی گۆڤاری خاك و سیخورمە و رۆژنامە سەربەخۆكان دەست بكەم بەكاری كتێب و رۆژنامە فرۆشی".
باوكی دارا 27 ساڵە كاری فرۆشتنی چەك دەكات، بەڵام دارا كارێكی جیاواز لەكارەكەی باوكی هەڵبژاردووە، دارا ئاماژەی بەوەكرد، لەم كارەی ئێستای زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەكات و بەراوردی بە پیشەكەی پێشووی و ئامانجیش لەم كارە خزمەتكردنە.

دارا: ئەوانەی پارەیان پێ‌ نیە دەخوێنەوە، ئەوانەشی پارەیان پێیە ناخوێنەوە

"لە ئێستادا دۆخی فرۆشتنی كتێب باش نیە، چونكە هاوڵاتیان بە گشتی ناخوێنەوە و دوورن لە خوێندنەوە، ئەوانەشی دەخوێنەوە رێژەیان كەمە، ئەو كتێبانەی فرۆشیان ماوە زیاتر ئەو رۆمانانەن كە گەنجانەن، هەروەها بابەتە دەرونناسییەكان زۆترین خواستیان لەسەرە، ئەو كەسانەشی كە تەمەنیان هەیە، زیاتر بابەتی مێژوویی و بیرەوەری و سەرگوشتەكان دەخوێننەوە، هاوكات ئەو تەمەنانەی خواستی خوێندنەوە دەكەن، گەنجانن و لەنێویشیاندا رەگەزی مێ، چونكە كاتێكی زیاتریان بەدەستەوەیە بۆ خوێندنەوە". دارا وای ووت.

دارا بڕیاریداوە هیچی تر رۆژنامە نەفرۆشێت و تەنها كتێب بفرۆشێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەكارەكەی هەراسان بووە وەك خۆی ووتی "باوەڕم بە رۆژنامەی ئازادو بینراو نەماوە، ئێمە لە ئێستادا لە كایەی رۆشنبیریدا چەقیوین".

بەقسەی دارا خوێنەری ئێمە پارەی پێ نیە، ئەوەشی كە ناخوێنێتەوە پارەی لەبەردەستە بەجۆرێك كەسێك بیەوێت بخوێنێتەوە دەتوانێت بڕە پارەیەكی كەم تەرخان بكات بۆ كڕینی رۆژنامە.

دارا كە خۆی خوێنەرە باسی لەوەشكرد، چەندین جار بیرۆكەی بابەتی رۆژنامەوانی داوەتە دەزگا رۆژنامەوانیەكان بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە رۆژنامەنووسان پەیوەندیان لەگەڵی هەیە.