(رەنگدانەوەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا)

سیاسەتی ئاكەپە‌و ئەردۆگان بەرامبەر مەسەلەی كورد

ژیان: د.سەلام عەبدولكەریم

بەشی دووەم

پێش ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان ئەنجام بدرێت، بۆچوونێك لەئارادابوو، كە پێیوابوو لەئەگەری سەركەوتنی ئەردۆگان‌و بەرەی هاوپەیمانی ئاكەپە‌و مەهەپە، ئەوا ئەردۆگان بەردەوام دەبێت لەدرێژەدان لەدروشمی(یەك زمان، یەك نەتەوە، یەك ئاڵا)‌و لەگەڵیشیدا گوشاری زیاتر دەخاتە سەر كورد‌و هەدەپە‌و وتارەكانی لەسەروبەندی پڕوپاگەندەی رۆژانی هەڵبژاردن‌و نكوڵیكردن لەبوونی ناوچەیەك بەناوی كوردستان بەڵگەی ئەم بۆچوونە بوون، لەگەڵ هەڕەشەكردن لەئەگەری دەرچوونەوەی ئەو سەرۆك شارەوانیانەی پێشوو، كەپێشتر بەدەنگی رەوا‌و بەرێگەیەكی دیموكراسیانە هەڵبژێردرابوون‌و لەجێگەیان قەیوم دانرابوو، بەتایبەت لەناوچە كوردیەكان. بەڵام بۆچوونێكی دیكەش لەئار ادابوو لەگەری شكستی ئاكەپە‌و ئەردۆگان رەنگە سیاسەتێكی لیبراڵانەتر بگرێتەبەر‌و لەو مامەڵە‌و سیاسەتە توندەی بەرامبەر بەمەسەلەی كورد‌و كۆتاییش بەبەرەی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرست بەسەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی بێت. پاش ئەو شكستە گەورەیەی ئاكەپە‌و ئەردۆگان توشی هاتن لەدۆڕان‌و لەدەستدانی شارەوانیە گەورەكانی (ئەنكەرە‌و ئەزمیر‌و ئەستەنبوڵ- كە تائێستا ئەنجامی كۆتایی رانەگەیەنراوە‌و ئەنجامە بەراییەكان پاش سكاڵای ئاكەپە‌و هەژماركردنەوەی سەرجەمی سندوقەكانی دەنگدانی ئەو شارە ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆی كاندیدی جەهەپەی بەرهەڵستكار براوەیە‌و لەپێشەوەیە) بەدوای ئەمانیشدا شارە گەورە‌و گەشتیاریەكانی وەك (ئەنتالیا‌و مێرسین‌و هەندێ شاری تر) لێدانێكی گورچكبڕ بوون بۆ ئاكەپە‌و خودی ئەردۆگانیش، راستە وەك ژمارەی دەنگ هێشتا ئاكەپە براوە‌و زۆرینەیە، بەڵام ئەوە وەك كۆی دەنگە ئەگینا وەك پێگە‌و ژمارەی شارەوانیە بایەخدارە سیاسی‌و ئابووری‌و گەشتیاریەكان ئاكەپە‌و ئەردۆگان شكستی گەورەیان تووشهاتووە، بۆیە قبوڵكردنی ئەو ئەنجامانە سەختە بۆیان، هەربۆیە لەهەوڵی ئەوەدان لەدوو رێگەوە باڵانسی ئەم شكستە كەمتر بكەنەوە، چونكە وەك لەشیكاری پێشتردا ئاماژەمان پێدا كاردانەوە‌و رەنگدانەوەی نەك لەسەر دۆخی حكومڕانی، بەڵكو لەسەر دۆخی ناوخۆیی‌و رێكخراوەیی‌و پەرلەمانی ئاكەپەش دەبێت لەماوەی ئەم چوار ساڵ‌و نیوە تا هەڵبژاردتی 2023. ئەو دوو رێگایەش بریتین لە:

1-گوشار دروستكردن لەسەر كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا سەرەتا لەرێی پێشكەشكردنی سكاڵا لەسەر هەندی لەسندوقەكانی دەنگدان، دواتر پرۆسەی دووبارە ژماردنەوەی سەرجەم دەنگەكان لە ئەستەنبوڵ‌و تائێستا رانەگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی گشتی‌و بەتایبەتیش لەئەستەنبوڵ.

2-گوشار خستنەسەر كۆمسیۆن بۆ قبوڵنەكردنی ئەنجامی بەشێك لەكاندیدە كوردە سەركەوتووەكان لەناوچە كوردیەكان‌و دانانی كاندیدی دووەم، كە زۆربەیان لە ئاكەپەن، بەمەش ئاكەپە‌و ئەردۆگان دەیانەوێت باڵانسێك لەشكستی گەورە رابگرن بەرامبەر دۆڕِانیان لەشارە گەورە توركییەكان‌و وا سەرەتای ئەم سیاسەتەش دەركەوتووە‌و كۆمیسیۆن رەتی دەكاتەوە بەبیانوی جۆراوجۆری ناڕەوا رەزامەندی لەسەر ئەنجامی كۆتایی كاندیدە كوردە دەرچووەكان بكات‌و رێگە نادات دەستبەكار بن.

گوشار خستنەسەر كۆمسیۆن بۆ قبوڵنەكردنی ئەنجامی بەشێك لەكاندیدە كوردە سەركەوتووەكان لەناوچە كوردیەكان‌و دانانی كاندیدی دووەم، كە زۆربەیان لە ئاكەپەن
راستە ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنی شارەوانیەكان بوو، نەك سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانی، بەڵام دەنگی كورد مەسجی گەورەی گەیاندە دەسەڵاتدارانی توركیا، سەرباری گرتنی گەورە سیاسەتمەتدارانی كورد

سیاسەتی ئایندەیی ئەردۆگان‌و ئاكەپە بەرامبەر بەكورد

راستە ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنی شارەوانیەكان بوو، نەك سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانی، بەڵام دەنگی كورد مەسجی گەورەی گەیاندە دەسەڵاتدارانی توركیا، سەرباری گرتنی گەورە سیاسەتمەتدارانی كورد وەك دەمیرتاش‌و سیاسیە باڵاكانی تر، سەرباری دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیە هەڵبژێردراوەكان‌و دانانی قەیومەمان، سە رباری زیندانیكردنی زیاتر لە10 هەزار ئەندام‌و لایەنگری هەدەپە، بەڵام دەركەوت دەنگی كورد‌و كورد لەتوركیا بەردی گۆشەی ململانێ سیاسیەكانە‌و مەحاڵە درێژەدان بەسیاسەتەكاتی فەرامۆشكردن‌و نكوڵیكردن بتوانێ كۆتایی بەو كێشەیە بهێنێت، هەروەك بۆ ئاكەپە‌و ئەردۆگانیش روونبوویەوە، ئەگەر ئەوان لەرابردوودا زللەیەكیان لەكورد دابێت، ئەوا كورد‌و هەدەپە لەئەستەنبوڵ‌و ئەنكەرە شەقێكی بەهێزیان لەئاكەپە‌و ئەردۆگان وەشاند، كەتا نزیكی 5 ساڵی تر پێوەی دەناڵێنێت، بۆیە لەبەردەم ئەردۆگان‌و ئاكەپەدا بۆ ئایندە دوو بژاردە هەیە:

 یەكەمیان: بەردەوامیدان بەسیاسەتی سڕینەوە‌و داننەنان بەكێشەی كورد‌و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی كورد لەگۆڕەپانی سیاسی، وەك سەرەتاكانی درێژەدان پاش ئەم شكستە دەركەوتووە‌و پێدەچێت ئەردۆگان دەستبەرداری هاوپەیمانیەكەی لەگەڵ مەهەپە، كە مەرجی جەختكردنەوەیە لەنەتەوەپەرستی تورك‌و فەرامۆشكردنی مەسەلەی كورد‌و بەرتەسك كردنەوەی ئازادی سیاسی‌و بەشداری سیاسی كورد‌و هەدەپە لەرێگەی سوربوون لەسەر دروشمی (یەك زمان، یەك نەتەوە، یەك ئاڵا).

دووەمیان: سەرەتا دەستبەردار بوون لەسیاسەتی سەركوتكردنی نەیارەكانی‌و هەڵگرتنی كۆت‌و بەند لەسەر ئازادی میدیا‌و رۆژنامەگەری‌و گرتنەبەری سیاسەتی لیبراڵی‌و ئازادانە بەرامبەر بەكورد‌و هەدەپە‌و گەڕانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، كە ئەم بژاردەیە سەرباری ئەوەی بۆچوونی بەشێكی ز‌وری شارەزایانی بواری كاروباری توركیایە‌و پێیانوایە لەقازانجی ئاكەپە‌و ئەردۆگان بێت، چونكە جەركەوت لەشارە سەرەكیە توركیەكان خەڵك ئەوانی سزادا، بەڵام لەناوچە كوردیەكان سەرباری بوونی تێبینی پرۆسەكە لەهەندێ شار كورد دەنگی پێدانەوە، بەڵام پێناچێت ئەم بژاردە پەیڕەو بكرێت، كە ئێمەش بۆچوونمان وایە هەم بۆ ئاكەپە‌و ئەردۆگان‌و هەم بۆ هەدەپە‌و كوردیش بژاردەی دووەم باشترینە.

لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی كۆتایی بەهاوپەیمانی بەرەی جمهوری نێوان ئاكەپە‌و مەهەپە دێت

ئایا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد  لەتوركیا دووبارە دەستپێدەكاتەوە؟

رەنگە پرسیارێكی قورس بێت بەخێرایی وەڵام بدرێتەوە، چونكە روونبوویەوە كێشەی كورد لەتوركیا لەساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە چۆن چووە نێو هاوكێشە جیهانی‌و هەرێمیەكانەوە‌و گرێدرایەوە بەكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەو شێوەیەش ئێستا زیاتر گرێدراوە، بگرە نەك كێشە بەڵكو سیاسەتی جیهانیەوە، هەربۆیە هەر هەنگاوێك ئاكەپە‌و ئەردۆگان لەم ڕووەوە بینیێن كاردانەوە‌و رەنگدانەوەی گەورەی جەبێت بەهەردوو بارەكەدا، بەڵام سەبارەت بەم پرسە‌و ئایندەی كێشەی كورد لەتوركیا پاش شكستی ئاكەپە‌و ئەردۆگان پێناچێت بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانەك لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی كۆتایی بەهاوپەیمانی بەرەی جمهوری نێوان ئاكەپە‌و مەهەپە دێت، كە لەدوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكە ی 15ی تەمموزی 2016ەوە بەردەوامی هەیە، ئەمە لەلایەك لەلایەكیترەوە ئەو سیاسەتانەی ئاكەپە‌و ئەردۆگان گرتیە بەر بەرامبەر لەكورد‌و هەدەپە پێناچێت یارمەتی بدات بۆ بژاردەیەكی لەو شێوەیە. 

سەبارەت بەبۆچوون‌و هەڵوێستی بیرۆكراسیەتی دەوڵەت‌و سوپا، رەنگە وەك كۆتایی ساڵانی حەفتاكان سوپا دەستێوەردان بكات، هەروەك دەركەوت بەشێك لەدامەزراوەی نێو دەوڵەت لەگەڵ تێڕوانینەكانی ئەردۆگاندا نین‌و سەرباری بەرزی ئاستی دیموكراسیەتی توركی لەدۆخی گشتیدا، بەڵام رێگەش نەدرا شەوی هەڵبژاردن یاری بەدەنگەكان‌و رێژەی پارتە سیاسیەكان بكرێت، بۆیە پێدەچێت بەشێكی كاریگەر لەسوپا بۆچوونیان پێچەوانەی ئەردۆگان بێت لەدرێژەدان لەسیاسەتی سەركوتكردن‌و پەراوێزخستنی كورد‌و هەدەپە، بەڵام ئەم بۆچوون‌و لیچكدانەوەیەش پشت ئەستورە بەگەشەكردنی باڵی لیبراڵی نێو بەرەی ئۆپۆزیسیۆن واتە جەهەپە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە لەماوەی چوار ساڵ‌و نیوی داهاتوودا واتە تا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانی  لە2023 پاش گەشەكردنی تەوژمی نەتەوەپەرستی لەرێگەی مەهەپە‌و پارتی چاكە ئایا ئەگەری دروستبوون‌و هاتنەئارای بەرەی هاوپەشی نەتەوەپەرست‌و كەمالیەكان ناكرێ؟ ئەوە لەلایەك لەلایەكی دیكەوە ئایا چ گرەنتیەك هەیە جەهەپە بەردەوام دەبێت لەسیاسەتی لیبراڵانەی بەرامبەر بەكورد لەئایندەشدا‌و  نزیكبوونەوە‌و موخاتەبەكردنی كورد‌و هەدەپە وەك گەمە‌و ئامرازی هەڵبژاردن بەكارناهێنێت؟ هەروەك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا ئاكەپە‌و ئەردۆگان پێویستیان بەهاوكاری ئەجەلان‌و قەندیل دەبێت، بەڵام ئایا ئەو دوو جەمسەرە گرنگەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەم پرسەدا دەبن یان نا؟ ئەوەش بۆخۆی گرێیەكی تری ئەم شیكارییەیە.

چەند ئاماژایەك هەیە كە رێگە نادەن ئاكەپە‌و ئەردۆگان لەسیاسەتی نكوڵیكردن‌و فەرامۆشكردنی كورد‌و هەدەپە‌و مەسەلەی كورد پاشگەزببنەوە

ئایندەی سیاسەتی ئەردۆگان‌و ئاكەپە بەرامبەر بەكورد

ئەگەرچی سەرەتا‌و ئەدگارەكانی سیاسەتی نوێی ئەردۆگان‌و ئاكەپە بەرامبەر بەكورد‌و هەدەپە‌و پرۆسەی ئاشتیش تۆزێك دەركەوتوون‌و پێناچێت گۆڕاو بێت، كە سەرەتاكەی بەگوشار خستنەسەر ئەنجومەی باڵای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیایە بۆئەوەی ئەنجامی كۆتایی ژمارەیەك لەكاندیدی سەركەوتووی كورد لەناوچە كوردیەكان پەسەند نەكات، هاوكات لەرووی سیاسەتی دەرەوە‌و پەیوەندیەكانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، كە پەیوەندیەكی گەورەی بەپرسی كوردەوە  هەیە، پێدەچێت وەك خۆی بمێنێتەوە‌و توركیا دابڕاوتر بكات هەم لەیەكێتی ئەوروپا، هەم بەتایبەت لەئەمەریكا، بەتایبەت پاش سەردانی نوێی ئەردۆگان بۆ مۆسكۆ‌و جەختكردنەوە لەكڕینی سیستەمی موشەكی ئێس-400ی روسی. هەم پەیوەستی بەبنەماكانی هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە‌و دەستبەردار نەبوون لەگوتاری نەتەوەپەرستی هەموو ئەمانە ئەو ئاماژانەن، كە رێگە نادەن ئاكەپە‌و ئەردۆگان لەسیاسەتی نكوڵیكردن‌و فەرامۆشكردنی كورد‌و هەدەپە‌و مەسەلەی كورد پاشگەزببنەوە، كە نازانرێت ئاخۆ سوپا‌و دامەزراوەی دەوڵەت تاكۆتایی بینەر دەبن یاخود تێچێن دەكەن، چونكە وەك تێبینی دەكرێت دوو هەڵبژاردنە ئۆپۆزیسیۆن‌و بەرەی نەیاری ئاكەپە‌و ئەردۆگان گەشەیان كردووە، ئەمەش واتای گەشەكردن لەبوارەكانی ئابووری‌و نێو دامەزراوەكانی دەوڵەت‌و نێو سوپاش.