حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمە بەرامبەر وەبەرهێنەران لەسلێمانی

یەکێتی هەوڵێکی چڕ دەستیپێکردووە بۆ رێکخستنەوەی ئابووری سلێمانی
لەسلێمانی جگە لەگومرگ، هاوكات باجی دەرامەتو ژینگەو چەندین جۆر باجی دیكە وەردەگیرێت

ژیان: وریا حسێن

لەكاتێكدا سلێمانی خاوەنی زۆرترین سەرچاوەی سروشتیو گەورەترین پیشەسازییە لەئاستی عێراق، بەڵام لەگەڵ یەكخستنی كابینەی حكومەت ساڵی 2006، هیچ كات بازرگانو ئابووری سلێمانی ئاهێكی پشووی هەڵنەكێشاوە، چونكە جگە لەوەی هەرچی دەسەڵات هەبوو كرایە مەركەزی ئابووری شارەكە بۆ ساڵانێكی زۆر توشی وەستان هات، هاوكات وەبەرهێنەرەكانی یا هەڵهاتوون بۆ دەرەوە یاخود لەهەولێرو دهۆك گیرساونەتەوە.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری ساڵی 2018 نرخی بەكاربەری ساڵی 2018 (تێكڕای ژمارەی پێوانەیی نرخی بەكاربە)واتە ئاستی بەكاربردنو خواستی هاوڵاتیان بۆ شمەك، پارێزگای سلێمانی لەماوەی ساڵانی (2015 تا 2018) زۆترین خاوبونەوەی بەكاربردنی كاڵای بەخۆوە بینیوە، كە دەكاتە 7.4% لەكاتیكدایە لەپارێزگای هەولێر 4% بووە، ئەمەش پەیوەستی تەواوی هەیە بەو دۆخەوە كە توشی پارێزگای سلێمانیو كوردستان هات، بەگوێرەی ئامارێكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان نزیكەی 750 هەزار كەس بەهۆی قەیرانی داراییەوە توشی خاوبونەوەی كارهاتوون.

سلێمانی،  لەپیشەسازی نەوتەوە بۆ روخانی ژێرخانی ئابووری

لەساڵی 1996وە یەكەم بیرە نەوت بەناوی شیواشۆك لەسنوری سلێمانی دۆزرایەوە، ئەمە نەك بۆ كوردستان تازەبوو، بەڵكو بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان، توركیاو ئێرانیش جێگەی سەرنج بوو، چونكە بناغەیەكی پتەوبوو سلێمانی لەشارێكی بێ ستراتیژەوە كردە خاوەن ستراتیژێكی ئایندەیی گەورە، ئەمە هانی زۆری وەبەرهێنانی لەم ناوچەیەدا كە خۆی لەشیشو چیمەنتۆو كەرەستەی بیناسازی دۆزییەوە هەرئەمەش وایكرد سلێمانی لەماوەی 10 ساڵدا ببێتە گەورەترین شاری پیشەسازی عێراقو 30% پیشەسازی هەموو عێراق بۆخۆی بەرێت، ئەم دۆخە هانی زۆری سەرمایەدارانیدا بێنە ناو سلێمانیو پرۆژەكانیان بەگەڕبخەن، ئەمەوایكرد ئاستی بێكاری لەساڵی 1990 لەم شارە 97 %بووە بۆ ئاستی 3% دابەزێت كە نزمترین ئاستی بێكاریبوو لەهەموو عێراقو كوردستان بەبەراورد بەهەولێرو دهۆك زۆر بەرزبوو 7% بۆ 9%بوو.
ئێستا هەموو ئەمانە پێچەوانە بونەتەوە، كەمترین نەوت لەم شارە بەرهەمدەهێنرێت، پیشەسازیەكەشی توشی گرفت هاتووە، دەستی كاریش 10% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیووە، ئەمە بووەتە جێگەی شۆك بۆ بەشێك لەبازرگانان، شارەزایانو تەنانەت بەشێك لەپارتە سیاسیەكان كە چۆن سلێمانیوای لێهات؟

سلێمانی شاری ملیۆنێرو ملیاردێرەکان

بەگوێرەی نوێترین ئاماری یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، سلێمانی زیاتر لە2 هەزارو 500 ملیۆنێرو 5 ملیاردێری تێدایە، كە سەرمایەی ملیۆنێرەكانی  پێنج ملیۆن دۆلار تێپەڕی كردووە، ئەمانە تا ساڵێ 2013 چەقی كاركردنیان لەسلێمانی بووە، بەڵام دوای ئەو ساڵەوە بەشێكی زۆریان كوردستانیان بەجێهێشتووەو بەرەو توركیا، ئێرانووڵاتانی دەرەوە رۆیشتوون كە تائێستاش قەیرانی دارایی بەرەو هێوربونەوە دەڕوات هێشتا ئامادەنین پارەكانیان بهێننەوە بۆ شارەكە، لەلایەكی دیكەوە ئەو بارزگانانەشی كە ئێستا لەشارەكە ماونەتەوە یان پارەكیان بەگەڕ ناخەن یان توشی ئیفلاسی هاتوون، بەهۆی قەیرانی دارایی، یاخود كۆچیان كردووە بۆ شارەكانی دیكە لەوانەش بەسرە، هەولێرو دهۆك.

ئەم دۆخە ئابووری سلێمانی گەیاندە دۆخی نائومێدی بازاڕ كە لەئاستی كوردستان زۆترین كات توشی داكشانی سەرمایەو خاوبونەوەی جوڵەی بازرگانی هات، ئەمە لەكاتێكدابوو بەهۆی جێگیری باری سیاسی هەولێرو دهۆك خاوبونەوەكە بەهێندی سلێمانی كورچك بڕنەبوو كە جیاوازییەكە 4% ە، بەگوێرەی ئاماری دەستەی هەرێم.

گەمارۆكانی سەر ئێران، بازرگانی خاوكردووەتەوە

سلێمانی زۆترین سنوری بازرگانی لەڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئێرانو لەڕۆژئاواوە لەگەڵ عێراق هەیە، ئەمە گەوەرترین مەترسیە لەم دۆخەدا كە 40% ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی خاوبونەوەی بەخۆوە بینووە.

سەرچاوەیەك لەگومرگی باشماخ ئەوەی بۆ ژیان ئاشكرا كرد، تاوەكو پێش سزاكانی سەر ئێران رۆژانە دەیان كۆنتێنەر كەلوپەل لەنێوان ئێرانو پارێزگای سلێمانی ئاڵگوڕ دەكران، بەڵام ئێستا رۆژانە كەمبووەتەوە بۆ دوو كۆنتێنەر.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە بەشێك لەكۆمپانیاكانی گواستنەوە لەبەندەری بەسرە گەڕاونەتەوە بۆ سەرسنورەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، لەسلێمانی پێناسەی گومرگی وەكو خۆی جێبەجێدەكرێت، بەڵام لەهەولێرو دهۆك ئەو پێناسەیە جێبەجێ ناكرێت، ئاسانكاری زۆر دەكرێت.

باسی لەوەشكرد، لەسلێمانی جگە لەگومرگ، هاوكات باجی دەرامەتو ژینگەو چەندین جۆر باجی دیكە وەردەگیرێت، بەڵام لەهەولێر ئەمانە كەمتر وەردەگیرێت یان هەروەرناگیرێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی ژیان كۆمپانیا بەناوبانگەكانی گواستنەوەی نەوت كە لەبۆرسەی جیهانی كاردەكەن، كشاونەتەوە لەترسی ئەوەی نەكەونە ژێرباری سزاكانی ئەمریكا.

لەلایەكی دیكەوە، دەستەی گومرگی عێراق لەراگەیاندراوێكدا ئەوەشی ئاشكراكردووە هەفتەی رابردوو بەهۆی ترسی هاوردەكارانو وەبەرهێنەرانەوە كە جموجوڵ لەسەر بەندەری بەسرە كەم نەبێتەوە، وەفدیان ناردووەتە سەر سنورەكانی سلێمانی بەدواداچونیان بۆ جێبەجێكردنی پێناسەی گومرگی كردووە ئایا وەكو خۆی جێبەجێ دەكرێت یان نا، بەجۆرێك پرۆسەكە لەسەر سلێمانی توندبووەتەوە.

ململانێكانی یەكێتیو گۆڕان؛ زامێك لەجەستەی ئابووری سلێمانی

سیروان محمەد، سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی لەدیدارێكی ژیان ئەوەی ئاشكراكرد، لەدوای 17 شوباتەوە دۆخی ئابووری سلێمانی توشی كێشەی گەورە هات، ناجێگری سیاسی وایكرد چەندین كۆمپانیا شارەكە بەجێبهێڵن رووە لەشارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بكەن.

ئەم قسەیەی سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی لەكاتێكدایە بەهۆی جیابوونەوەی گۆڕانەوە لەساڵی 2009 شڵەژانێكی وەهای ئابووری دروستبوو كە تائێستا دۆخەكە نەهاتووەتەوە ئاستی جارانی، چونكە دۆسیەی ئابووری كارنامەی یەكەمی گۆڕان بوو كە لەسەر ئیدارەی گشتی یەكێتی دەیوروژاندن، ئەمەش وایكرد ئیدارەی گشتی یەكێتی تائاستێكی زۆر لەبازاڕی سلێمانی بكشێتەوەو كارەكانی بگوازێتەوە.

پارتی چۆن ئابووری سلێمانی وەستاند؟

پارتی هیچ هەلێكی لەدەستنەداوە كە ئابووری سلێمانی توشی شڵەژان بكات، یەكەم هەنگاوی دوای پێكهێنانی كابینەی هاوبەش بووە كە "هەرچی بەڕێوبەرایەتی گرنگ بوو بردیەوە هەولێرو ئەمەش وایكردوە بازرگانەكان بۆ سادەترین كار بگەڕێنەوە بۆ هەولێر توشی رۆتینی ئیداری بن، ئەمەش لەكۆی پرۆسەكان رەنگی داوەتەوە" بەگوێرەی ووتەی بازرگانەكان.

جگەلەوەش پارتی بەفەرمیو نافەرمی بەردەوامی بەم دۆخە داوە، تەنانەت بەگوێرەی راگەیاندراوێكی ژوری بازرگانی سلێمانی لەمانگی ئابی 2017  كە لەبەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگردبوونەوەیەك رایانگەیاند، لەسنوری هەولێر هەر بازرگانێكی سلێمانی دەچوو بۆ موسڵ لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە بۆ هەر كارتۆنێك جگەرە 35 دۆلار وەردەگیرێتو بۆ یەك تۆن چیمەنتۆش پێنج دۆلار لەسنوری هەولێر بەرەو موسڵ لێوەردەگیرا.

بەگوێرەی بەدواداچونێكی ژیان ئەمە بۆ ئەوەبوو ئاڕاستەی بازرگانە موسڵاوییەكان بگۆڕن بۆ هەولێر_دهۆك، ئەگەرچی موسڵ زۆر چاوی لەسەر شیشو چیمەنتۆی سلێمانی بوو، ئەمەش زیانێكی گەورەی گەیاندە بەبازرگانانی شیشو چیمەنتۆ لەسلێمانی. 

ئەم دۆخە كە لەدوای ساڵی 2006وە بەتایبەت دروستبووە، گەشەی ئابووری سلێمانی وەستاندووە، سەرباری ئەوەش كەرتی تایبەت لەسلێمانی لەشڵەژانێكی گەورەدایە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی ژیان ئێستا یەكێتی لەسلێمانی هەوڵێكی چڕی دەستپێكردووە بۆ ساغكردنەوەی دۆخەكە، ئەمەش لەڕێگەی پێداچونەوە بە مامەڵە كۆنەكانی یەكێتی لەگەڵ بازرگانەكانی شارەكە.