هەولێر؛ بەهای گەندەڵی زیاتر لە 274 ملیار دینار بووە

دەستەی دەسپاکی ئامارەکانی ڕاگەیاند
دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان_ لۆگۆ

ژیان:

ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێم ئاماری كارو چالاکیەکانی بۆ ساڵی 2018 راگه‌یاند، به‌پێی ئاماره‌كانیش به‌های گه‌نده‌ڵی خه‌مڵێنراو له‌هه‌ولێر زیاتر له‌ 274 ملیار دینار بووه‌.

سه‌رخێڵ هاشم به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە، له‌كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند، ساڵى پێشوو به‌دواداچوونی نووسراو بۆ 12 كه‌یس كراوه‌ و 35 كه‌یسیش ده‌رخستنی راستیه‌كانی بۆ كراوه‌، كۆی گشتی كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵیش له‌دادگا تایبه‌تمه‌نده‌كانی (كه‌تن - تاوان) له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان بریتی بووه‌ له‌ 170 كه‌یس كه‌ 76 كه‌یس له‌هه‌ولێر  و 54 كه‌یس له‌سلێمانی و 40 كه‌یس له‌دهۆك بووه‌، سه‌رجه‌می ئه‌و كه‌یسانه‌شی یه‌كلاكراونه‌ته‌وه‌ 33 كه‌یس بووه‌ 20 كه‌یس ئازادكراون و 13 كه‌یسیش ئیدانه‌ بووه‌.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئاماره‌كانی بڕیاری دادوه‌ری ده‌ستگیركردن و ئاماده‌كردن له‌فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان بۆ ساڵی 2018 بریتی بووه‌ له‌ 194 بڕیاری دادوه‌ری و 111 بڕیار جێبه‌جێ كراوه‌، هه‌روه‌ها 82 كه‌یس ئاماده‌بوون بووه‌ و 29 كه‌یسیش بڕیاری ده‌ستگیركردن بووه‌، هه‌روه‌ها 86 بڕیاریش جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ كه‌ 58 بڕیارى ئاماده‌بوون بووه‌ و 28 بڕیاریش ده‌ستگیركردن بووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی له‌باره‌ی بڕیاری پاره‌ی گه‌ڕێندراوه‌ له‌فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان وتی: به‌های گه‌نده‌ڵی خه‌مڵێنراو له‌هه‌ولێر 274 ملیار و 842 ملیۆن و 885 هه‌زار و 200 دینار بووه‌، 3 ملیار دیناریش به‌های گه‌ڕێندراوه‌ بووه‌ ساڵانه‌، سه‌باره‌ت به‌پارێزگای سلێمانیش 22 ملیار و 735 ملیۆن و 401 هه‌زار و 94 دینار به‌های گه‌نده‌ڵی خه‌ملێنراو بووه‌، كه‌ 17 ملیۆن و 45 هه‌زار دینار پاره‌ی ده‌ست به‌سه‌ردا گیراو بووه‌ 2 ملیار و 381 ملیۆن و 82 هه‌زار و 500 دینار به‌های گه‌ڕێندراوه‌ بووه‌، هاوكات له‌پارێزگای دهۆكیش به‌های گه‌نده‌ڵی خه‌ملێنراو بریتی بووه‌ له‌ 885 ملیۆن و 198 هه‌زار و 557 دینار بووه‌، به‌ڵام بڕی ده‌ست به‌سه‌رداگیراو به‌های گه‌ڕێندراوه‌ نه‌بووه‌ له‌م پارێزگایه‌.