هەرێم؛ ڕێژەی تووشبوانی شێرپەنجە ڕوو لەزیادبوونە

لەماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە 5000 کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون
نەخۆشخانەی هیوا

ژیان: 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "نەخۆشی شێرپەنجە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و لەهەموو دونیا رێژەی تووشبون بەم نەخۆشییە لەزیادبوونە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان لە زیادبوونە.

خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، "لەهەرێمی كوردستان ئەگەر ژمارەی تووشبوان بەراورد بكەین بە تووشبوان لە وڵاتانی دیكە ئەوا ڕێژە و ژمارەكە كەمترە، لەهەرێمی كوردستاندا لە هەر 100 هەزار كەسێك ساڵانە 95 تا 99 كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن".

وتیشی، لە وڵاتانی دیكەی دونیا بەپێی داتای ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و دەزگای نێودەوڵەتیی تایبەت بە توێژینەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە ساڵانە لەو 100 هەزار كەسە 200 كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن، واتە رێژەی تووشبوون لەهەرێمی كوردستان ساڵانە نزیكەی 50 لەسەد كەمترە لەو ڕێژەیەی لە وڵاتانی دیكە هەیە.

ناوبراو ئەوەشی بە ئانادۆڵۆ وتوە، بە بەرارود بە ساڵانی پێشووتر ساڵ دوای ساڵ ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان لە زیادبوونە، رێژەیەكی كەمی زیادبوون ساڵ دوای ساڵ هەیە، لە كۆی گشتی لە سێ ساڵی ڕابردوودا ساڵانە نزیكەی پێنج هەزار و 180 كەس تووشی شێرپەنجە بوون و وەكو تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆماركراوە.