ئاگادارییەک لە قائیمقامیەتەوە بۆ هاوڵاتیان

هۆشداری دەدرێت لەبارەی ئاوی خواردنەوەی لە دەبەنراو
هۆشداری دەدرێت لەوەی ئاوی خواردنەوەی لەدەبەنراو لەبەر تیشکی خۆر دانەنرێت

ژیان:

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانی له‌باره‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ ده‌به‌نراوه‌وه‌ هۆشدارى ده‌دات و داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات ئاوى له‌ ده‌به‌نراوى به‌رتیشكى خۆر نه‌كڕن.

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى قائیمقامیه‌تى قه‌زاى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى له‌ زارى گۆران قادر، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانییه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌،"به‌هۆی تیشكی خۆره‌وه‌ كارلێككردن له‌ نێوان ده‌به‌ی پلاستیك و ئه‌و ئاوه‌ی بۆ خواردنه‌وه‌ تێی ده‌كه‌ن، پێكهاته‌كه‌ زوو ده‌گۆڕێت و شیاوی خواردنه‌وه‌ نامێنێت، بۆیه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاگاداری سه‌رجه‌م كارگه‌كانی كردووه‌ته‌وه‌ له‌ كاتی گواستنه‌وه‌یدا ئاوی له‌ده‌به‌نراو به‌ ته‌واوی داپۆشراوبن و دووربن له‌ تیشكی خۆر".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "به‌ هاوكاری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان رێگری له‌و بارهه‌ڵگرانه‌ ده‌كات به‌ سه‌ردانه‌پۆشراوی له‌ كارگه‌كان یاخود له‌ كۆگاكانی عه‌مباركردنه‌وه‌‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ ده‌به‌نراو ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ بازاڕ و چێشتخانه‌ و ماركێته‌كان، ده‌ستبه‌سه‌ر ئوتۆمبیله‌كه‌یاندا ده‌گیرێت".

ئاشکراشیکردووە، "هه‌ر كارگه‌ و بارهه‌ڵگر و ماركێت و شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت و ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ ده‌به‌نراو له‌ به‌رتیشكی خۆر دابنێت، ئه‌وا به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ رێكاری یاسایی پێویست به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌ به‌ر.

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانی داواشى له‌ هاوڵاتیان كردووه‌، له‌ كاتی كڕینی ئاوی خواردنه‌وه‌دا، هه‌ر شوێنێك ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ ده‌به‌نراوی له‌به‌ر تیشكی خۆر دانابوو لێی نه‌كڕن، ته‌نها له‌و شوێنانه‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ ده‌به‌نراو بكڕن دوور له‌ تیشكی خۆر و شوێنی تایبه‌ت دایانناوه‌.