ئێران؛ پیاوێک لە گرتووخانە ژنەکەی خۆی دەکوژێت

گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج

ژیان:

لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئێران، پیاوێک کە سزای زیندانی هەتاهەتاییی بەسەردا سەپێندرابوو، لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی، هاوسەرەکەی دەکوژێت و دواتر هەوڵدەدات خۆشی بکوژێت.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئێران، نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، لە گرتووخانەی قزڵحەسار لە کەرەج، پیاوێک کە پێشتر سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، دواتر سزاکەی سوک کرا بۆ زیندانی هەتا هەتایی، لە کاتی سەردانی بنەماڵەکەی بۆلای، ژنەکەی خۆی دەکوژێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، ناوبراو پاش ئەوەی ژنەکەی کووشتوە، هەوڵیداوە لەڕێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیشی بهێنێت، بەڵام کارمەندانی ئەو گرتووخانەیە دەبنە ڕێگر لەبەردەم خۆ کوشتنی ئەو زیندانیە.

رۆژنامەی ئێران، ئەوەشی خستوەتەڕوو، تاوانبارەکە تەمەنی 33 ساڵە و بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر حەوت مانگی پێش ئێستا سزاکەی لە سێدارەدانەوە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی، و تۆمەتبارەکە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامە ئێرانییەکەدا ڕایگەیاندووە، من ژنەکەمم کوشتووە، چونکە گوێی لە قسەکانی من نەدەگرت و هەرچیم پێدەوت بەپێچەوانەوە ئەنجامی دەدا، بۆیە بڕیاریمدا بیکوژم، دەشمزانی دوای کوشتنی هاوسەرەکەم سزاکەم قورس دەبێتەوە بۆیە هەوڵمدا لە ڕێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆشم بهێنم.