داناغاز، گەنەل ئێنێرجی‌و گازپرۆم لەكوردستان بای باڵی خۆیان دەدەن

" ئەمساڵ داناغازی ئیماراتی 50 ملیۆن دۆلاری قازانج كردووە"
دانە غاز لە کوردستان براوە بوو

ژیان: بەرهەم ئەحمەد

ماوەی دوو ساڵە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان ئارامی زیاتری بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی چەند تەوژمێكی خراپی بەركەوت، بەجۆرێك پاش كاردانەوەكانی ریفراندۆم‌و لەدەستدانی 50 %بەرهەمی نەوتی كوردستان، ئێستا ‌وردە‌وردە بەبێ پشت بەستن بەنەوتی كەركوك پێشكەوتن لەكێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان بەدەستهاتووە.

بەگوێرەی راپۆرتی  كۆتایی دیلۆیت، مانگی ئەیلولی ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی 398 هەزار بەرمیلی رۆژانە هەناردە بكات، لەكاتێكدا دوای رووداوەكانی كەركوك ئاستی نەوتی هەرێم بۆ 225 هەزار بەرمیل دابەزی، ئەمەش بەهۆی ئەوەبوو هەرێمی كوردستان 50 %داهاتی لەدەستدا بەهۆی لەدەستدانی 550 بیرە نەوت لەوناوچانە،  كە رۆژانە 362 هەزار بەرمیل نەوتیان لێ رەوانەدەكرا بۆ بەندەرەی جەیهانی توركی، بەتایبەت لەكیڵگەكانی (بای حەسەن‌و هاڤانا) كە كۆی بیرەكانیان دەگەیشتە 330 بیرە نەوت.

دۆخی نەوت چۆنە؟

بەگوێرەی زانیارییەكان ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەرەی جەیهانی توركی رۆژانە لەكۆتایی 2018‌وە گەیشتووەتە 430 هەزار بەرمیل، بەشی زۆری لەڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت، جگە لە پێنج هەزار بەرمیل نەوت كە لەگێڵگەی شێخانەوە بەتەنكەر هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی دەكرێت، بەهۆی ئەوەی پێكهاتەكەی ترشی گۆگردیدی زیاترە‌و نابێت تیكەڵاوی نەوتی ئاسایی بكرێت.
هەناردەی نەوتی كەركوك بەهەڵواسراوی!

ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەرەی جەیهانی توركی لەكۆتایی 2018‌وە گەیشتووەتە 430 هەزار بەرمیل، جگە لە پێنج هەزار بەرمیل نەوت كە لەگێڵگەی شێخانەوە بەتەنكەر هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی دەكرێت

ئێستا نەوتی كەركوك بەفەرمی پشكی (حكومەتی هەرێم، عێراق)‌وە كۆمپانیاكانی (بی پی بەریتانی) (روسنەفتی روسی) تێدایە، هەموو ئەوانەش چاویان لەوەیە كەی‌و چۆن پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت دەستپێدەكات‌و چۆنیش دەڕواتە پێشەوە‌و پشكەكان چۆن دەبێت.

بەگوێرەی رێكەوتنێكی سەرەتایی كە (فاینشاڵ تایمزی) بەریتانی بڵاویكردەوە حكومەتی عێراق‌و هەرێم چونەتە ناو رێكەوتنێكەوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بەبڕی 400  هەزار بەرمیل بۆ بازاڕەكانی جیهان، بەجۆرێك مەرجە لەسەر هەرێم‌و عێراق بەزوترین كات دەستبكەنەوە بەهەناردەی نەوت، بەڵام تائێستا بەگوێرەی زانیارییەكان بەشێوەیەكی سەرەتایی ئەم پرۆسەیە دەستی پێكردووە‌و حكومەتی هەرێم‌و عێراق نەگەیشتوون بەڕێكەوتن ئەمەش نەوتی كەركوكی بە هەڵواسراوی هێشتۆتەوە، تەنها بۆ بەكاربردنی ناوخۆ بەكاردێت، نزیكەی 100 هەزار بەرمیلی دەدرێت بە كۆمپانیای كار‌و بەپارە نەوتەكە بۆ حكومەتی عێراق دەپاڵێوێت، 38 هەزاری بۆ بازیان‌و پێنج هەزاری بۆ پاڵاوتگەی كەركوك پاشان بۆ بێجی‌و گەیارەش دەڕوات.

شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری عێراق لەبارەی نەوتی كەركوكەوە ئەوەی ئاشكراكردووە، ئێستا حەشدی شەعبی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری بەسڕە دەگوازێتەوە بەشێوەی قاچاخ مامەڵەی پێوەدەكات ئەمەش لەدەرەوەی چوارچێوەی مەرجەكانی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقە (سۆمۆ).
گازپرۆم گەشەی بەردەوام 

بەگوێرەی زانیارییەكان كۆمپانیای گازپرۆمی روسی كە كۆمپانیایەكی حكومی روسیە لەگەرمیان كارەكانی چڕكردووەتەوە لەهەردوو كێڵگەی سەرقەڵا‌و شاكەل، توانیویەتی لەماوەی ئەمساڵدا پێشكەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنێت، ئەویش دوای ئەوەی توانی سێهەم بیر بخاتەكار، بەمەش 25%ی بەرهەمی زیادیكرد بەجۆرێك بەرهەمی گەیشتە 35 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

حكومەتی عێراق‌و هەرێم چونەتە ناو رێكەوتنێكەوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بەبڕی 400  هەزار بەرمیل بۆ بازاڕەكانی جیهان

بەگوێرەی ‌ووتەی كۆمپانیای گازپرۆم بەرهەمی گازپرۆمی روسی لەكێڵگەی سەرقەڵا 1.2 ملیۆن تەنەو پشكی ئەو زیاترە %0.5 ملیۆن تەنە.

ساڵی 2015 بەرهەمی سەرقەڵا 10 بۆ 12 هەزار بەرمیل بوو كە بەدەست كۆمپانیای ‌وێنسترن زاگرۆسی كەنەدییەوە بوو، بەڵام ئێستا پشكی كیڵگەكە دابەشكراون بەجۆرێك كۆمپانیای گازپرۆم 40% لەو كیڵگانە پاش ئەوەی پشكەكانی كڕیەوە،‌وێسترن زاگرۆس 40%، حكومەتی هەرێمیش 20%، بەگوێرەی زانیارییەكان ئێستا گفتوگۆ لەنێوان گەنەل ئێنیرجی‌و ‌وێسترن زاگرۆس هەیە لەسەر 40% پشكەكان.

2019 ساڵی داناغازە

پاش چارەسەری گرفتەكان لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كۆمپانیای داناغازی ئیماراتی، كۆمپانیاكە ئێستا بەردەوام لەگەشەدایە‌و توانیویەتی بەرهەمی غاز زیاتر بكات ئەوەش داهاتێكی گەورەی بۆ هێناوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان ساڵی 2018 بەرهەمی كۆمپانیای داناغازی ئیماراتی گەیشتووەتە  300 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی، بەڵام لەكۆتایی ساڵدا بەڕیًژەی 3% ئاستی غازی سروشتی بەرزبویەوە بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا، ئەمەش 50  ملیۆن دۆلار داهاتی زیادەیان دەستكەوتوو. 

نزیكەی 100 هەزار بەرمیلی نەوتی كەركوكی دەدرێت بە كۆمپانیای كار‌و بەپارە نەوتەكە بۆ حكومەتی عێراق دەپاڵێوێت

پاتریك ئاڵمان، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لەوبارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "ئێستا دوو پرۆژەی دیكەمان بەدەستەوەیە لەغازی سروشتی كوردستان، كە 250 هەزار پێ سێجا غازی سروشتی زیاد دەكات ئەمەش تا ساڵی 2023 بەرهەمان دەگاتە 500 ملیۆن پێ سێجا، دواتر بۆ 900 ملیۆن پێ سێجا ئەمەش داهاتمان زیاد دەكات بۆ 170 ملیۆن دۆلار بۆ 190 ملیۆن دۆلار".

گەنەل ئێنێرجی؛ كوردستان قوت دەدات

كۆمپانیا گەنەل ئێنێرجی، كۆمپانیایەكی ئەنگلۆ توركی یە لەلایەن تۆنی هایوارد كەسایەتی نزیك لە ئاشتی هەورامی، ‌وەزیری سامانە سروشتیەكان ئیدارە دەكرێت، رەزامەندی حكومەتی هەرێمی ‌وەرگرتووە بۆ كڕینی دوو كیڵێگەی نەوتی لە شیڤرۆنی ئەمریكی بكەڕێتەوە، ئەوەش دەبێتە دواهەمین پێگەی ئەمریكا لەنەوتی كوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەكان گەنەل ئێنێرجی رەزامەندی لە حكومەت ‌وەرگرتووە پشكەكانی زیاد بكات بەوەی لەكێڵگەی قەرەداغ‌و سارتا پشكەكانی شیڤرۆن بكڕێتەوە كە گەنەل ئێنیرجی 30% پشكی هەبوو، شیڤرۆنیش 50%، بەڵام ئێستا گەنەل ئێنێرجی ئەمریكی پشكەكانی بووەتە 40%، شیڤرۆنیش 40%‌و حكومەتی هەرێمیش 20%.

گەنەل ئێنێرجی رەزامەندی لە حكومەت ‌وەرگرتووە پشكەكانی زیاد بكات بەوەی لەكێڵگەی قەرەداغ‌و سارتا پشكەكانی شیڤرۆن بكڕێتەوە 

بەگوێرەی زانیارییەكان ساڵی 2020 یەكەم پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لە قەرەداغ بەرهەم دەهێنن بۆ ئەوەیش پێدەچێت 60 ملیۆن دۆلار خەرج بكەن.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، گەنەل ئێنێرجی بەنیازە لە كێڵگەی سارتە، سەرەتا لە فەیسكی یەكی ساریتە بەدوو بیر دەستپێ بكات، كە چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمی رۆژانەی 7500 بەرمیلی رۆژانە بێت لەگەڵ دروستكردنی پاڵاوتگەیەك بەتوانای 20 هەزار بەرمیل نەوت، پێدەچێت یەكەم بەرهەمیشی ساڵی 2020 بێت بیری سێهەمیش دەكەوێتە ساڵانی داهاتوودا. 

هاوكات پلانی گەنەل ئێنێرجی لە قەردەغدا ئەوەیە هەڵسەنگاندن بۆ بیرە پێشبینی كراوەكان دەكەن لە قەرەداغ_2 كە لێدانی بیرەكە دەكەوێتە ساڵی 2020، بەگوێرەی زانیارییەكان یەدەگی نادڵنیایی لە كێڵگەی قەرەداغ 200 ملیۆن بەرمیلە.

ساڵی 2020 ساڵی گەشەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی كەشێكی ئارام هاتووەتە پێشەوە بۆ گەشەكردنی كەرت، بەڵام ئەگەری بەهێز هەیە لەكۆتایی لەسەرەتای 2020 قەیرانەكانی نێوان هەولێر‌و بەغداد لەسەر پرسی گرێبەستە نەوتییەكان‌و هەناردەكردنی غازی سروشتی سەرهەڵبدات.