ئیبراهیم زیاتر لە 40ساڵە گۆرانی كوردی ئەرشیف دەكات


ژیان: كاروان عومەر
هەرچەندە رۆژانە بە كاروباری فەرمانگەكەی خەریكە، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە ژورێكدا سەرقاڵ دەبێت بە ئەرشیفەكەیەوە‌و ئەو كاسێتانەی كە كۆن بوون‌و خەریكە خراپ دەبن سەر لە نوێ‌ لە كاسێتی نوێدا تۆماریان دەكاتەوە.

ئیبراهیم علی (ئیبراهیم خورماڵی ) زیاتر لە 40 ساڵە خەریكی كۆكردنەوەی كاسێت‌و قەوان‌و ئەرشیفی گۆرانی‌و فیلمی كوردیە، دانیشتوی ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، تاكو ئێستاش بەردەوامە هێشتا بە هەمان گوڕو تینی سەردەمی لاوییەوە كاردەكات‌و دەیەوێت ئەرشیفەكەی فراوانتر بكات .

ئیبراهیم علی بۆ ژیان ‌ووتی "هەر لە منداڵیەوە ئەوە خولیام بوو كە كاری ڤیدیۆ‌و ئەرشیفكردنی گۆرانی‌و كورتە فیلمەكان بكەم، زیاتر لە 40 ساڵە خەریكی كۆكردنەوەی ئەو بابەتانەم، ژورێكم لە ماڵەكەی خۆم بۆ تەرخان كردوە، سەرەڕای ئەو شەڕو كاولكاری‌و كۆچكردنەی كە بەسەر میلەتەكەم هاتووە، بەڵام نەم هێشتووە ئەو ئەرشیفانە بفەوتێن".

ئەو دەیەوێت لە رێگەی ئەم ئەرشیفەوە گۆرانی رەسەن‌و دەنگی هونەرمەندانی كۆن بپارێزێ، ئەگەر تەمەن رێگەی نەدا ئەوا بڕیاریداوە هەموو ئەرشیفكە بگەینێت بە دەستێكی ئەمین

بەقسەی ئیبراهیم لەئێستادا 90%ی گۆرانی رەسەنی كوردیی لایە، وەك حەسەن زیرەك، حەمە جەزا، ناسری رەزازیی، علی مەردان‌و هەموو ئەو دەنگە رەسەنانە.

ئەرشیفەكەی لە چوار هەزار كاسێت‌و 50 قەوان‌و نزیكەی 500 كاستێتی ڤیدیۆیی كە زۆربەیان ئەو كورتە فلیمانەن كە لە ساڵانی پێش حەفتاكان تۆمار كراون، هەروەها 350 ڤیدیۆی گۆرانی  كە خۆی تۆماری كردون، بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی هەشتا خۆی كامێرایەكی ڤیدیۆی كڕیوە بە 3 هەزار دینار.

جیا لەوانەش 15 ئامێری تۆماركردنی دەنگی هەیە كە زۆرێك لە هونەرمەندان گۆرانیان پێ تۆماركردوە، تاكو ئێستاش كار دەكەن.

ئەو گۆرانیانەی لای ئیبراهیم ئەرشیفكراون، زۆربەیان گۆرانی كوردین تەنها بە شێكی كەم نەبێت كە 5%تێپەرناكات پێكدێن لە گۆرانی فارسی‌و عەرەبی.

زیاتر لە 40 ساڵە خەریكی كۆكردنەوەی ئەو بابەتانەم، ژورێكم لە ماڵەكەی خۆم بۆ تەرخان كردوە، سەرەڕای ئەو شەڕو كاولكاری‌و كۆچكردنەی كە بەسەر میلەتەكەم هاتووە، بەڵام نەم هێشتووە ئەو ئەرشیفانە بفەوتێن

ئیبراهیم علی، كە بە ئیبراهیم خورماڵیش ناسراوە باسی لەوەشكرد، بەرهەمی هونەرمەندانی باكوور زۆر كەم بوو لەلام، بەڵام ئێستا لە رێگەی چەند كەسێكەوە، سەرقاڵم كە ئەرشیفی چەندین گۆرانی هونەرمەندانی دیاری باكوریی كوردستانیش لای خۆم تۆمار بكەم.

ئەو دەیەوێت لە رێگەی ئەم ئەرشیفەوە گۆرانی رەسەن‌و دەنگی هونەرمەندانی كۆن بپارێزێ، ئەگەر تەمەن رێگەی نەدا ئەوا بڕیاریداوە هەموو ئەرشیفكە بگەینێت بە دەستێكی ئەمین.

ئیبراهیم لە رێگەی تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە زۆربەی كات هەندێك لەو گۆرانیانە بڵاودەكاتەوە كە لای خۆیی ئەرشیفن، بە ڤیدیۆ یان تەنها بەدەنگ.