رابون مەعروف ناڕاستەوخۆ هێرشی توند دەكاتە سەر شاسوار عەبدولواحید

بە گەندەڵ وەسفی دەكات
ڕابوون مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق

ژیان:

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ناڕاستەوخۆ هێرشی توند دەكاتە سەر سەرۆكی حزبەكەیی و بە گەندەڵ وەسفی دەكات.

ڕابوون مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوە، گەندەڵ ئەوانەن كە كۆمپانیا و میدیایان هەبووە و دواتر حزب دروست دەكەن و بۆ ئەوەی فشاربخەنە سەر حكومەت تاوەكو پرۆژەی گەورە بە بەهای ملیۆنان دۆلار بەدەستبهێنن.

رابون مەعروف، ئەوەشی بە پەیام رایگەیاندوە، ئەو لەو قسەیەی كە دەیكات هیچ حزبێكی سیاسی لێبەدەر ناكات و وتویەتی" پێشتر حزبە گەندەڵەكان بازرگانیان دەكرد، كۆمپانیایان دادەمەزراند لە رێگای كۆمپانیاكان و هەژموون حوكمڕانی خۆیانەوە گەندەڵییان لە رێگای كۆمپانیاكانی خۆیانەوە دەكرد".

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ دەشڵێت"ئێستا دۆخەكە پێچەوانە بووەتە كە حزب كۆمپانیا دابمەزرێنێ بەڵكو كۆمپانیاكان حزب دادەمەزرێنن، واتە كۆمپانیاكان دێن دەزگای ئیعلامی گەورە دادەمەزرێنن و حزبێكیش دادەمەزرێنن و خەڵك دەنێرنە پەرلەمان، كە ئەوە زاهیرەیەكی یەكجار ناوازەیە لە عەمەلییەی گەندەڵی لە دونیادا".

رابون مەعروف وتیشی، "كۆمپانیاكان حزب بۆخۆیان دادەمەزرێنن و ئەو پەرلەمانتارانە بەكاردەهێنن بۆ ئیستیفزازكردن و فشارخستە سەر حكومەت بۆ ئەوەی بۆ كۆمپانیاكانیان سازش بكەن و بە رێگەی نایاسایی كۆنتراكت بكەن و بە ملیۆنان دۆلار بەدەست بخەن و میدیاكانیاشیان دیسان بەكاردێنن"

ئەو لێدوانەی (ڕابوون مەعروف) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەكاتێكدایە، پێشتر (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی نەوەی نوێ‌ خاوەنی كۆمپانیا بووە و دواتر تۆڕێكی فراوانی میدیای دروستكرد و پاش ئەوەش حزبێكی بەناوی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌) ڕاگەیاند كە خاوەنی چەند پەرلەمانتارێكە لە بەغدا و هەرێمی كوردستان.

لەماوەی ڕابردووشدا ناكۆكییەكانی نێو حزبی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، گەیشتە ئاستێك كە لەبەشێكی زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەی هەبوو، هەرچەند بەرپرسانی ئەو جوڵانەوەیە ئامادە نەبوون هیچ لەبارەیەوە بڵێن، وەك ئەوەی وتەبێژی جوڵانەوەكە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند، لەئێستا بۆ میدیا پێویست نیە خۆی بەكێشەكانی نەوەی نوێ‌ وە سەرقاڵ بكات.