لەسەر بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی سێکسی کەناڵی نێت تیڤی سزادرا

بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ پەخشی دەوەستێندرێت
نێت تیڤی_ لۆگۆ

ژیان:

له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی سێكسی، به‌ بڕیاری داواكاری گشتی کەناڵی ئاسمانی نێت تیڤی داده‌خرێت و وه‌زاره‌تی رۆشنبیریش بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێده‌كات.

خه‌لیل عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوبه‌ری گشتی له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌مڕۆ 25ی نیسانی 2019، راگه‌یاندووە، په‌خشی ناوخۆیی كه‌ناڵی نێت تیڤی به‌ بڕیارێكی داواكاری گشتی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك واته‌ حه‌وت رۆژ راگیراوه‌.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی زانایانی ئاینی كوردستان، داوایه‌كیان بۆ داواكاری گشتی له‌سه‌ر كه‌ناڵی "نێت تیڤی" به‌رزكردبوەوه‌ كه‌ به‌ڵگه‌یان پێبووه‌، په‌خشی گرته‌یه‌كی كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وشت و دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ئاینی ئیسلامدا ناگونجێت، بۆیه‌ داواكاری گشتی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ بڕیاری سزادانی كه‌ناڵی نێت تیڤی داوه‌ به‌ هه‌فته‌یه‌ك داخستن.

ناوبراو ئەوەشی بە ماڵپەری فەرمیی یەکێتی ڕاگەیاندووە، كه‌ بڕیاری داواكاری گشتی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كرا بۆ راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵێك، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری داواكارییه‌كه‌ جێبه‌جێده‌كات سزای كه‌ناڵه‌كه‌ ده‌دات و په‌خشه‌كه‌ی راده‌گرێت.