‎تەنها سەروەریی یاسا، رۆحی سەردەشت ئاسودە دەكات

خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دوای مەرگی سەرەدەشی عوسمان.

ژیان: د. هێرش رەسوڵ 
نۆ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ‌و لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستاندا، رۆژنامەنوس‌و خوێندكار (سەردەشت عوسمان)، بە ئاشكرا‌و بە بەرچاوی پۆلیس‌و ئاسایش‌و، لە بەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەددین دەڕفێنریت‌و دوای رۆژێك بە كوژراوی لە شاری موسڵ دەدۆزرێتەوە.

‎شێوازی رفاندن‌و دواتر تیرۆكردنی ئەو گەنجە، پێشێلكارییەكی راستەوخۆی ماف‌و ئازادییەكانی مرۆڤ بو، پەلامارێكی راستەوخۆ بو بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین‌، ئارامی‌و ئاسایشی خەڵكی كوردستان. لەوەش كارەساتتر ئەنجامی ئەو لیژنەیەی لێكۆڵینەوەیەی لایەنە ئەمنییەكان بو، كە بە بڕوای رۆژنامەنوس‌و چاودێران، ئەمجارە كەسێتیی مەعنەویی ئەو لاوەی تێرۆركرد. ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەنجامی لیژنەكە رایگەیاند، گوایە كەیسی سەردەشت پەیوەندیی به ‌پرسی‌ تێرۆر‌و رێكخراوێكی تێرۆریستییەوە هەیە. لەكاتێكدا تاكو هەنوكەش هیچ رێكخراوێكی تێرۆریستی راستیی ئەمەی نەسەلماندوە‌و، بەرپرسیارێتیی خۆی لەكردەوەكە رانەگەیاندوە، بەپێچەوانەشەوە سەرتاپای گێڕانەوەی ئەنجامی ئەو لیژنە ئەمنییە رەتكرایەوە.

‎ئێستاش، كاتێ له ‌یادی ساڵێكی تری تێرۆركردنی ئەو رۆژنامەنوس‌و خوێندكارەداین، بۆ چەندەمینجار جەخت لەسەر ئەوەش دەكەینەوە، دەبێت ئەو بەناو پڕۆسەی دادگاییكردنەی كەیسی ناوبراو هەڵبوەشێنرێتەوە و جارێكی دیكە لیژنەیەكی سەربەخۆ‌و بێلایەن به ‌سەرپەرشتیی پارلەمانی كوردستان‌و ئەندامێتیی پارلەمانتار‌و یاساناس و رۆژنامەنوس‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵی‌ مەدەنی پێكبهێنرێت‌و، شێلگیرانە بە دوای سەرەداوەكانی ئەم روداوە بكەوێت، چونكە نەك كاتی ئەوە هاتوە، بەڵكو درەنگیش كەوتوە لەوەی بكوژانی‌ سەردەشت بدۆزرێنەوەو دواجار كەیسەكە بە دادگاییەكی شەفاف و دادپەروەرانە بسپێردرێت.

‎درود بۆ رۆحی كاكە سەردەشتی جوانەمەرگ.. سەروەریی بۆ یاسا لە كوردستاندا.. ئازادیی بۆ مرۆڤی كورد..




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە