وەرزش و فەلسەفەی پارە

درێسە نوێیەکەی یانەی لیڤەرپوڵ

ژیان: لەشکر قادر

ئەودرێسەی لیڤەرپوول کە لەسەری نوسراوە( Never give up/ ھەرگیز کۆڵ مەدە) بەچەند کوالێتیەکی جیاواز کەوتە بازاڕەکانی بەریتانیا، ھەرزانترینی بە (20.75£) پاوەند و گرانترینی دەگاتە (30.79£)پاوەند. ئەمە لەکاتێکدا بلیتی یاری کۆتایی تائێستا بۆ سەرووی(1,390£) پاوەند بەرزبۆتەوە، کە دەکاتە داھاتی ساڵانەی تاکەکەس لەزۆرێک لەوڵاتە ھەژارنشین و کەمدەرامەتەکان.

سیستەمی سەرمایەداری دەچێتە ناو ھەموو پەیوەندیەکانەوە و دەیەوێ فەزای گشتی داگیربکات، لەدواجاردا بەوشێوازە دایڕێژێتەوە کە خواستی خۆیەتی.

وەرزش لەدونیای تازەدا پێش ئەوەی کایەیەکی چێژوەرگرتن و کاتبەسەربردن بێت، پێش ئەوەی ئەنجامدانی چەند چالاکیەکی جەستەیی تەکنیکی بێت لەناو یاریگا، پڕۆژەیەکی سەرمایەدایە، یانە وەرزشیەکان پێشئەوەی وەک یانە سەیربکرێن وەکو کۆمپانیای تەماحکار و قازانج وویست سەیردەکرێن، چونکەھەموو مامەڵەیەکیان لەژێر (لۆجیکی قازانج/ Logic of profit) دایە.

ھەرچەندە ھاندەران وەکو پەیوەندی ژیانگە” پەیوەندی ڕۆحی و مەعنەوی” سەیری تیمەکەیان بکەن، بەلام تیمە وەرزشیەکە وەکو پڕۆژەیەکی سەرمایەداری دێت و لەڕێگەی دروستکردنی ھەیەجانێکی میدیایی و بردنی سایکۆلۆژیای جەماوەر کڕیاری بەردەوام و مەسرەفگەرا بۆخۆی دروست دەکات. بە تەکنیک و پڕۆگرامی جۆراوجۆر، بەخوێندنەوەیەکی دەروونشیکاری بۆ ھاندەران دەیانکات بەکڕیاری کاڵاکانی یانەکە، مەبەستی سەرەکی ئەم کارەش تەنھا کۆکردنەوەی پارە و قازانجی زیاترە.

ئیستیغلالکردنی ئەو ئەنجامە گەورەیەی لیڤەرپوول بەرامبەر بەرشلۆنە، ئیستیغلالکردنی دڵخۆشی ھاندەرانی لیڤەرپوول بۆ کۆکردنەوەی قازانجی زیاتر، ھیچ نیە جگە لەمانفیستی سیما ناشیرینەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بەکۆمپانیابوونی یانە وەرزشیەکان.

وەک کۆتایی دەشێ بڵێم، تاکو سیستەمی سەرمایەداری زیاتر گەشە بکات بەھای وەرزش و کۆی کایەکانی دیکە زیاتر دادەبەزێت، پەیوەندی ئێمە بەو کایانەوە لاوازتر دەبێت و چێژ و مانای ڕاستەقینە زیاتر لەدەست دەدەن.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە