زەریاب هونەرمەندێكی گەورە لە مێژووی كورد

ئەو وێنەیە لە سەدەی سیانزەدا دروستكراوە كە وا پێ دەچێت دوای چەند سەدەیەك بە شێوەیەكی خەیاڵی دروست كرابێت.

ژیان: سۆران حەمەڕەش
ناوی تەواوی بریتیە لە ئەبول حەسەن عەلی كوڕی نافیع و نازناوی (زریاب) ی هەبووە. بۆچوونی جیاواز سەبارەت مانای ناوەكەی هەیە؛ هەوڵ دراوە كە بە مانای (باڵندەی ڕەش) ی عەرەبی لێك بدرێتەوە، بەڵام پێ دەچێت كە (زۆراب) ی كوردی یان (زەڕیاو/زڕیاو) (ئاوی زێڕ) بووبێت و ئەو سەردەمە كە زمانی پەهلەوی بۆ نووسین بەكارهاتووە، پیتی (و) ی كوردی وشەی (ئاو) كرابێتە (ئاب) ی پەهلەوی و ناوەكە لە (زەڕیاو/زڕیاو) وەوە كرابێتە (زریاب).

مانای ناوەكەی هەرچۆنێك بووبێت، لە نزیكی ساڵی ٧٨٩ ز دا لە دایك بووە و ٦٨ ساڵ ژیاوە. زریاب قوتابی ئیسحاق موسڵی بووە و ئەو فێری هونەری مۆسیقای كردووە. بەڵام هێندە توانای لە بوارەكەدا پەیدا كردووە سەرنجی هارونە ڕەشیدی بۆ خۆی ڕاكێشاوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە ئیسحاقی مامۆستای ئێرەیی پێ بەرێت. زریاب بەغدا بەجێدەهێڵێت و ڕوو دەكاتە ئەندەلوس لە ئیسپانیا. لەوێوە سەرەتایەكی نوێ لە ژیانی لە شاری قورتوبە دەست پێ دەكات و دەبێتە مۆسیقاژەنی سەرەكیی دیوەخان. زریاب هەرچەندە زیاتر وەك مۆسیقاناس و مۆسیقاژەن ناسراوە، بەڵام شارەزایی لە فەلسەفە، ئەستێرەناسی و زانستی پزیشكیدا هەبووە و بیروبۆچوونی فەلسەفیشی لە شاری قورتوبەدا كاریگەریی هەبووە.

شارەزاییەكی باشی لە جوگرافیادا هەبووە و شاعیر و گوتەبێژێكی باش بووە. زۆر جار بۆ كاروباری سیاسی ئەو سەردەمەی قورتوبە، پرس و ڕای پێ كراوە. هەر پاش ماوەیەك لە گەیشتنی بە قورتوبە، ئەم مۆسیقا ژەنە سەرنجی چینی نوخبەی ئەو سەردەمەی قورتوبەی بۆ خۆی ڕاكێشاوە و داهێنانەكانی لەوێوە بە هەموو ئەوروپادا بڵاوبووەتەوە. زریاب هێندە مایەی سەرنج ڕاكێشانی خەلكی ئیسپانیا بووە، تەنانەت شێوەی قژداهێنانی لەلایەن ئەرستۆكراسیەكانی ئەو سەردەمەی قورتوبەوە چاوی لێكراوە و جۆرێك لە كەوای لەبەر كردووە كە ئەو سەردەمە بووەتە مۆدێڵ بۆ ژنان و پیاوانی ئیسپانی، بە جۆرێك زریاب بووەتە مۆدێلێك بۆ چاولێكەریی خەڵكانی قورتوبە. هەر ئەویش بووە كە یاری پۆلۆی بە ئەوروپیەكان ناساندووە كە نزیكی پێنج سەد ساڵ پێشتر لە هەندێك سەرچاوەدا لە سەدەی چوارەمی زاینیدا لە هەولێر ئاماژەی پێكراوە و چینی حوكمڕان ئەو یارییەیان كردووە و دواییش ئەو یاریە یەكێك بووە لەو یاریانەی كە سەلاحەدینی ئەیوبی زۆر حەزی پێكردووە.

سەرچاوە مێژووییەكان دەڵێن كە زریاب نزیكی یەك هەزار گۆرانی لەبەر بووە و توانای لەسەر ئامێری عود بە شێوەیەك بووە كە ژێیەكی بۆ ئەو ئامێرە زیاد كردووە و لە چوارەوە كردوویەتە پێنج. هەمان ئەو ئامێرەی كە دوایی ووردە ووردە گیتاری ئیسپانی لێ پەیدا بووە. ئەمڕۆ زریاب ناسراوترین مۆسیقاژەنی مێژوویی ڕۆژهەلاتە كە لە ئەوروپادا زۆر ناسراوبێت و بە باوكی مۆسیقای ئەندەلوسی لەقەڵەم دەدرێت.

پاكۆ دێ لوسیا (Paco De Lucia)، گیتارژەنی جیهانی فلامینكۆ، یەكێك لە ئەلبومەكانی بە ناوی زریابەوە ناو ناوە. منیش وەك كەسێكی مۆسیقاژەنی ئامێری گیتار و هەوادارێكی مۆسیقای فلامینكۆ، ساڵی ١٩٩٦ لە شاری لەندەن لەگەڵ مۆسیقاژەنی فلامینكۆ (Juan Martin)ی ئیسپانی گفتوگۆم دەكرد سەبارەت بە كۆنسیرتەكانی، ئەویش پرسیاری لێكردم كە خەڵكی كوێم. كە گووتم كوردم، یەكسەر بابەتەكەی گۆڕی و هەموو شتێك بوو بە باسی زریاب. مارتن پێی وابوو كە زریاب گەورەترین كاریگەریی لەسەر مۆسیقای ئیسپانی هەبووە و ئەو بە كاریگەرترین كەسی دانا لەسەر مۆسیقای فلامینكۆ. لە ڕاستیدا ئەو كاتە هەستم بە شەرمەزاری كرد كە سەرەڕای ئاشناییم بە ئامێری گیتار كەچی ئەو كەڵە مۆسیقا ژەنە كوردەم زۆر لە خوان مارتنی ئیسپانی سەرپێی تر ناسیبوو و هەرگیز ئەو كاتە ئەو كاریگەریە مەزنەی زریابم نەبیستبوو.

بە بۆچوونی من دەبێت ئەمڕۆ سەنتەرە مۆسیقاییەكانی كوردستان بە ناوی خەڵكانی وەك زریابەوە ناوبنرێن و بۆ بەرزڕاگرتنی یادەوەری ئەم مۆسیقاژەنە، بە دڵنیایی دروستكردنی پەیكەرێكی نایاب شایستەیەتی.