شیرین ئەمین بۆ ژیان: بڕوانامە بۆ سەرۆكی هەرێم پێویست بوو

"زۆرینەی یاساكان بە قازانجی پارتی‌و یەكێتی دەردەچوێنرێن"
شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئامەدی کوڕی

ژیان: تەرزە عەباسی

شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی ژیان باس لە هەماهەنگیەكانی نێوان فراكسیۆنی پارتی‌و گۆڕان دەكات‌و پێی وایە، پێویست بوو مەرجی بڕوانامە بۆ سەرۆكی هەرێم هەبوایە.

ژیان: لێك نزیك بوونەوەی پارتی‌و گۆڕان چۆن دەبینی؟

شیرین ئەمین: ئەوەی كە تۆ ناوی لێ دەنێی نزیك بوونەوە، رەنگە لە چوارچێوەی رێككەوتننامەیەك یان پرۆتۆكۆڵێك بێت كە لە 18ی شوباتی 2019، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی رێككەوتنی خۆیان راگەیاند، بۆ ماوەی چوار ساڵی حوكمڕانی كوردستان، ئامانجی بزووتنەوەی گۆڕانیش لەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوویەتی، كۆمەڵێك بنەمای سەرەكی هەبووە لە نێوانیاندا، ئەوەی كرد بینیمان لابردنی پاشەكەوت بوو، ئەوەی منیش پێموایە گەورەترین پرۆژە پرۆژەی چاكسازییە كە دەبێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەتوانین بڵێین یەكەمین پرۆژە دەبێت كە لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پرۆژەی چاكسازییە. كۆمەڵێك ئامانجی دیكە كە دەكەوێتە چوارچێوەی خزمەتكردنی تاكی كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان، ئەوەش لەو روانگەیەوە بووە كە دەتوانین بڵێین بزووتنەوەی گۆڕان‌و پارتی رێككەوتنێكی سیاسیان كردووە نەك بەو شێوازەی كە بڵێین گۆڕان بە ئامانجێكی دیاریكراو لە پارتی نزیك بووبێتەوە.

پێویست بوو مەرجی دەست هەڵگرتنی سەرۆكی هەرێم لەكاری حزبی لە یاساكە هەبوایە

ژیان: لە پەرلەمان هەماهەنگی زۆرتان لەنێوان هەیە وەك ئەوەی لە یاساكان‌و دانیشتەكانی پەرلەمان هەیە مەرجە هەرچی پارتی ووتی ئێوەش بڵێن بەڵێ؟

شیرین ئەمین: لێرەدا خاڵێك هەیە، بەو هۆیەی كە ئاماژەم پێكرد، گۆڕان‌و پارتی بە دیاریكراوی ریككەوتنێكی سیاسییان كردووە، كە دەتوانم بڵێم پرۆژەكانی نێو پەرلەمانی كوردستان بە رێككەوتن تێ دەپەڕێنین، ئەمە راستییەكە‌و ناتوانین نكوڵی لێ بكەین، بەڵام لە هەمان كاتدا رەنگە لە هەندێك دۆخدا ئەندام پەرلەمانەكان یاخود بڵێین گۆڕان بیرۆكراتیانە مامەڵەی نەكردووە، ئێمە هەر لە پرۆژەی سەرۆكی هەرێمدا لە چەند بڕگەیەكدا هەبووە بە سێ یان نۆ ئەندام دەنگمان لەسەری نەداوە، بەڵام بە كۆی پرۆسەكە دەتوانین بڵێین پرسی سەرۆكایەتی هەرێم پرۆژەی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، چونكە هەر لە ساڵی 2009، لەگەڵ ئەوە نەبووە كە رەشنووسێكی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان نوسراوەتەوە‌و لە ناو ئەو دەستوورەدا كە پرسی سەرۆكی هەرێم بەو شێوازە جێگیركراوە كە بە سیستەمی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت، واتە لەو كاتەوە بزووتنەوەی گۆڕان رێگری لەمە كردووە، تا گەیشتووەتە ئەوەی ساڵی 2015، بە گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ‌و یەكێتییەوە هەر چوار حزبەكە پرۆژەیەكی دیكەیان پێشكەشكردووە لە سلێمانی، بەڵام لەو كاتەدا پارتی دیموكراتی كوردستان بەوە رازی نەبوو دووبارە، لە ئەنجامی بەستنی ئەو رێككەوتننامە سیاسییەی نێوان پارتی‌و گۆڕان دواجار پرسی سەرۆكی هەرێم بووە پەرلەمانی‌و لە پەرلەمان جێگیركرا، ئەمەش ئەو مانایە دەگەیەنێت كە تۆ لە رابردوودا بەو چوار حزبەشەوە نەتوانرا پرسی سەرۆكایەتی هەرێم ببێتە پرسێكی پەرلەمانی یان سیستەمی پەرلەمانی، بەڵام لە ئێستادا‌و لە ئەنجامی ئەو رێككەوتنە سیاسییەدا بوە سیستەمێكی پەرلەمانی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوەی گۆڕان كردوویەتی هەمان پرۆژەی ساڵی 2015 بووە، بەڵام ئێستا من پێم سەیرە كۆمەڵێك حزب هەیە دەیبینیت لە دەرەوە خەنجەر لە گۆڕان دەدات‌و رەخنەی توند لە گۆڕان دەگرێت، لەكاتێكدا هەر هەمان پرۆژە یاسا بووە، لە ساڵی 2005ەوە یاساكە وابووە مەرجی بەكالۆریۆس تێیدا بوونی نەبووە، خۆزگە كۆی كێشەكانی ئێمە تەنیا لەگەڵ بڕوانامەدا بووایە، بەداخەوە زۆر كێشەی زەق‌و گەورەتر هەیە، من سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە كورتی نابینم كە بڕوانامەیەك بەدەست بهێنن، رەنگە نەوە بە نەوەی ئەوان بڕوانامەی هەرێمی كوردستان هەر قبوڵ نەكەن، بەڵام كەی ئەوە بۆتە رێگرییەك كە بوونی بڕوانامەیەك هێندە لەمپەرێكی گەورە بێت، گرنگ ئەوەیە ئەو كەسایەتییانە بتوانیی خزمەتی هەرێمی كوردستان بكەن، دەشتوانین بڵێین لە ساڵی 2009ەوە بۆ ئێستا ئەو ئامانجەی گۆڕان هەیبووە ئەوە بووە سەرۆك بە سیستەمی پەرلەمانیی هەڵبژێردرێت‌و خۆشبەختانە ئێستا جێگیر بووە، ئەوەش واقیعە تۆ بە ١٢ كورسییەوە‌و ئەوەش بە ٤٥ كورسییەوە، واتە رەنگە زۆرینەی خاڵەكانی بەرژەوەندی ئەوانی تێدا بێت، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەمە پایەی یەكەمی سیستەمی پەرلەمانییە كە تۆ ئەمڕۆ بتوانی هەڵبژاردنی سەرۆك بهێنیتە پەرلەمانەوە، دەكرێت سبەینێ لە نووسینەوەی دەستووردا هەموو حزبەكان تێكڕا بەیەكەوە بەوانەشی كە ئێستا رەخنەگرن دەتوانین لەنێو دەستووردا بەشێوازێك دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت، كە تەنیا بە ئامانجی ئازادی تاك‌و دادی كۆمەڵایەتیدا بێت.

ژیان: قسە لەسەر ئەوە دەكرێن كە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان زیاتر لەوەی لە رێككەوتنی نێوان پارتی‌و گۆڕان هاتووە هەماهەنگە لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی؟

شیرین ئەمین: سەبارەت بە كاك عەلی حەمە ساڵح، من هەرگیز شتێكی لەو جۆرە لەودا بەدی ناكەم، ئەوەندەی كە من نزیكم لەوەوە، هەرچەند رەنگە ماوەیەكی زۆر نەبێت لە نزیكەوە ئەو بناسم، بەڵام ئەو تموحە بەهێزەی كە لە ئەودا هەیە تەنها چەسپاندی چاكسازی‌و دادپەروەری‌و خزمەتكردنی تاكە، رەنگە دوور بەدوور زۆر قسە لەسەر ناوبراو بكرێت، بەڵام لە واقیعدا هیچ شتێك لەو باسانە لە كاك عەلیدا بەدی ناكرێت كە شوێن مەرامی شەخسی‌و تایبەتی خۆی كەوتبێت. تەنها دەیەوێت لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە كردوومانە لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی گۆڕان بە فراكسیۆنی گۆڕانیشەوە بە ئامانجی راستەقینەی خۆیان بگەن.

ئاشتی هەورامی شیاوی ئەوەیە بچێتە بەردەم دادگا

ژیان: جەنابت دەنگت نەدا بە یاسایی سەرۆكایەتی؟

شیرین ئەمین: وەك ئاماژەم پێكرد ئەم یاسایە خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان، بە حوكمی رێككەوتنەكەی ئێمە‌و پارتی ئێمە دەنگمان پێداوە، بەڵام هەندێك بڕگە هەبووە من خۆم دەنگم پێ نەداوە.

ژیان: لەگەڵ ئەوە بووین كە بڕوانامە بۆ سەرۆكی هەرێم پێویست نەبێت؟

شیرین ئەمین: بڕوانامەكە یەكێك بوو لەو بڕگانەی من دەنگم پێنەدا، بڕگەیەكی دیكە كە دەنگم پێ نەدا ئەوە بوو كە سەرۆك دەست لە كاری حزبی نەكێشێتەوە، چونكە بەڕاستی ئەوە لە پرۆژە یاساكەدا نەهاتبوو، بەڵام لە خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازی یاساكەدا بەهۆی بەدەستهێنانی زۆری دەنگ جێگیر كرا، من بۆخۆم لەگەڵ ئەوەدا بووم‌و پێم باشبوو كە سەرۆكی هەرێم هەڵگری بڕوانامەیەكی بەكالۆریۆس بێت‌و لەهەمانكاتیشدا دەست لە پۆستی حزبی بكێشێتەوە، بەڵام بۆخۆتان دەزانن هەر هۆكاری ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن یەكێتی‌و پارتین، رەنگە هەر ئەو كەسانە بن دوور بە دوور رەخنە دەگرن، رەنگە زۆرینەی یاساكانیش بە قازانجی یەكێتی‌و پارتی تەواو بێت لە پەرلەماندا.

ژیان: پێت وایە نێچیرڤان بارزانی شایەنی ئەو پۆستە‌و كاندیدی تر ناتوانن ركابەری بكەن؟

شیرین ئەمین: رەنگە ركابەرییەكە تەنها بگەڕێتەوە بۆ قەبارەی حزبەكە كە ئەوان وەك پارتی ٤٥ كورسیان هەیە، من ركاربەرییەكە تەنها لەوەدا بەدی دەكەم، بۆ هەڵسانگاندنی ئەو پۆستەش من هیچ هەڵسەنگاندنێكی بۆ ناكەم لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەشدا نیم هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، نێجیرڤان بارزانی بێت یا كەسێك لە دەرەوەی پارتی بێت، ئەو كات براوە دەبێت‌و دەتوانرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت كە لەماوەی چوار ساڵی حوكمڕانیدا بتوانێت خزمەت بە گەل‌و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات

ژیان: بەپێی رێككەوتنی پارتی‌و گۆڕان مەرجە ئێوە دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن‌و بە پێچەوانەوەشەوە پارتی بۆ كاندیدانی گۆڕان؟

شیرین ئەمین: بەپێی رێككەوتنە سیاسییەكە بەڵێ، وەك دەوترێت سبەینێ وەزیرێكی گۆڕان بێتە پەرلەمان بۆ هەڵبژاردن‌و لە هەمان كاتدا ئێمە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمان هەیە بێگومان هەر پێویستی بە دەنگی پەرلەمانتارەكان دەبێت، بەڵێ دەكرێت ئێمە دەنگ بە كاندیدی ئەوان بدەین، ئەوانیش دەنگ بە كاندیدی ئێمە بدەن.

پێم سەیرە كۆمەڵێك حزب خەنجەر لە گۆڕان دەدەن

ژیان: ئاشتی هەورامی كاندید بێت دەنگی پێدەدەن وەك فراكسیۆنی گۆڕان؟

شیرین ئەمین: لە ئێستادا هیچ بەرچاو روونییەك نیە بۆ ئەوەی كە ئاشتی هەورامی كاندید دەبێت یاخود نا، بەڵام من وەك باوەڕی تایبەتی خۆم ئەو وەزارەتی لەلایەن ئاشتی هەورامییەوە بەڕێوە براوە زۆرترین قسە‌و باسی لەسەر هەبووە لەسەر پرسی گەندەڵیی، من وا پێشبینی دەكەم ئەو شیاوی ئەوەیە كە بچێتە بەردەم دادگا، بۆ ئەوەی كۆی ئەو تۆمەتانەی لەسەر وەزارەت‌و خودی ئەو وەزیرە هەیە لەلایەن دادگاوە یەكلا بكرێتەوە.

ژیان: وەك چۆن دەنگ دەدەن بە كاندیدانی پارتی دەنگ بە كاندیدی یەكێتیش دەدەن؟

شیرین ئەمین: بەهۆی ئەوەی ئێمە تەنها لەگەڵ پارتیدا رێككەوتنی سیاسیمان واژۆ كردووە سەبارەت بە یەكێتی یان هیچ حزبێكی دیكەش هیچ خاڵێكی وا لە ئارادا نیە.

ژیان: پارتی مەسرور بارزانی كاندید كردووە بۆ سەرۆكی حكومەت‌و ئەگەری زۆریش هەیە قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆك وەزیران دەنگ بە هەردووكیان دەدەن؟

شیرین ئەمین: ئەوەی دەكەوێتە چوارچێوەی رێككەوتننامە سیاسیەكەوە، پارتی كە كاندیدی لە ئێستاوە بۆ سەرۆكی حكومەت دیاری كردووە، بەڵام لەدەرەوەی رێككەوتنە سیاسییەكە هیچ قسەو باسێك لەسەر ئەوە نەكراوە كە دەنگ بدەین بە كێ یان نەیدەین بەكێ، هەرچەندە ئەو كات خودی پەرلەمانتارەكان سەرپشكن لەوەی كە دەنگی پێدەدەن یاخود نا.

بەپێی رێككەوتنی پارتی‌و گۆڕان دەنگ دەدەین بە كاندیدەكانی پارتی

ژیان: بۆ بابەتی چاكسازی‌و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی پارتی یا یەكێتی؟

شیرین ئەمین: وەك بڕوای تایبەتی خۆم قسەی لەسەر دەكەم، لەماوەی رابردوودا كۆی سێكتەرەكانی حكومەت لەژێر باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بووە، خۆیان راییان كردووە‌و مامەڵەیان پێوە كردووە، لە رابردوو بە ئێستاشەوە هەروا رۆیشتووە، هیچ بەرچاو روونیەك نیە تاكو بە پرۆژەی چاكسازی هەموار نەكرێت‌و پەسەند نەكرێت‌و خۆیان نەچنە ژێر ئەو بارە ناتوانین هیچ قسەیەكی لەسەر بكەین.