زیانەكانی پێڵاوی پاژنە بەرز


ژیان: 
سەرەتای بەكارهێنانی پێڵاوی پاژنە بەرز دەگەڕێتەوە بۆ ئەسپ سواریی، جەنگاوەرەكان بۆ ئەوەی بەتەواوەتی قاچیان لە زینی ئەسپەكانیان جێگیر بكەن پاژنەی بەرزیان داهێناوە یەكەمجاریش لە وڵاتی ئێران كە بۆ ئەسپسواری تاقیكراوەتەوە. 

بەڵام وەك جوانكاری بۆ یەكەمجار لە سەدەی ١٦ دا لەلایەن خانمێكەوە بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری پێڵاوی پاژنە بەرز تاقیكرایەوە، ئەو دەیویست لە ئاهەنگەكەیدا باڵای بەرز دەربكەوێت لەكاتێكدا درێژیەكەی تەنها ١٥٠ سانتیمەتر بوو.لەو كاتە بەدواوە پێڵاوی پاژنە بەرز بۆ خانمان بووە مۆدێل و دروستكردنی پەرەی پێدرا كە زۆربەی جار بەشێوەی كەوانەیەك لە بنی پێڵاودا دروست دەكرا.

زۆر بەكارهێنانی پێڵاوی پاژنە بەرز لە گەلێك شوێنی جەستەدا ئازار دروست دەكات بەتایبەت ئەگەر بۆ ماوەی درێژ و بەشێوەی نەشارەزایانە بەكار بهێندرێت.

زیانەكانی پێڵاوی پاژنە بەرز: 

•دروستكردنی ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت، چونكە بەیەكسانی كێشی لەش دابەش نابێت بەسەر رووبەری پێیەكان، هەر ئەم نایەكسانیەش كار لەسەر بڕبڕەكان دەكات و كێشێكی ناڕێك دەكەوێتە سەر بڕبڕەی پشت و دەبێتە هۆی ئازار و هەوكردن.

•دروستكردنی ئازاری پووز چونكە زۆرجار ماسولكەكانی پووز بریندار دەكات و ئەمەش یەكێكی ترە لە مەترسیەكان كە لەوانەیە ملولەكانی خوێنیش بگرێتەوە و ببێتە هۆی ئازارێكی بێزاركەر. 

•دروستكردنی ئازاری پێ چونكە كێشێكی ناڕێك دەكەوێتە سەر رووبەری پێیەكان و لە ئاكامی بەردەوامی لەپێكردنی بۆ ماوەیەكی زۆر ئەوا ئازار لە جومگەكانی پێ و پاژنە و چەماوەی بنی پێدا دروست دەبێت. 

•سوڕان و لەجێ چوونی پاژنە كاتێك پێڵاوێكی پاژنە بەرزت لەپێدایە تەنیا دەتوانیت بەسەر رێگەیەكی تەختدا رێبكەیت، ئەو چاڵایی و بەرز و نزمیانەی لەسەر رێگەكەتدایە دەبنە هۆی سوڕانی بنی پێڵاوكە و پاشان دەبنە هۆی سوڕانی پاژنە هەندێك. 

•تێكچونی فرمانەكانی پشت بڕبڕەكانی پشت لەسەر شێوەی پیتی ئی ئینگلیزی دەردەكەون، كاتێك پێڵاوی بەرزمان لەپێدایە ئەم شێوەیە تێك دەچێت، سنگ بۆ پێشەوە زیاتر دەردەپەڕێت و چاڵایی پشتیش زیاتر دێتە پێشەوە واتە شێوە ئاسایی لەدەست دەدات. 

•زیانێكی تر گوشینی بۆریەكانی خوێنە لەئاكامی شێوەی پێڵاوە بەرزەكان، پێستی بەكارهێنەر لاواز و درێژ دەردەكەوێت.

•چەمانەوەی بنی پێ زیاد دەكات و بەشێكی گەورە لەسەر جومگەی پەنجە گەورە دروست دەبێت مەترسی داڕزینی لێ دەكەوێتەوە.

•لاوازبوونی ریشاڵەكانی دەوری جومگەكانی لێ دروست دەبێت و مەترسی پچڕانیان زیاتر دەبێت.

•لە ساڵی رابردووش زانایەكی بەریتانی دوای چەند لێكۆڵینەوەیەكی زانستی لەسەر پێڵاوی بن بەرز رایگەیاند: ئەگەر هاتوو ئافرەتان بە شێوەیەكی بەردەوام پێڵاوی بەرزیان لە پێ كرد، ئەوا كار دەكاتە سەر كۆ ئەندامی زاوزێ و لەكاتی (سوڕی مانگانەدا) توشی ئازارێكی زۆر سەخت دەبن.

•هۆیەكی سەرەكیە بۆ ژانەسەر و هەڵوەرینی قژ.