بۆمبە تەوقیتكراوەكانی كابینەی هەشتەم بۆ كابینەی نۆیەم

لەگەڵ دەست بەكاربوونی مەسرور بارزانی كۆمەڵێك بڕیار هەڵدەوەشێنێـتەوە
مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی

ژیان: بیلال حاجی 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێم، هیچیان بێ كەم‌و كوڕی گەورە نەبوون‌و هەمیشە كابینەكانی حكومەت گرفتە كەڵەكە بوەكانی خۆیان بەكابینەكانی دوایی خۆیان سپاردووە. كۆمەڵێك كێشە هەن كە لەكابینەی یەكەمەوە بوونیان هەیە‌و تا ئێستاش چارەسەری بنەڕەتیان نەكراوە. سەرەكی ترین گرفتیش گرفتی كارەبایە كە لەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمەوە هەیە‌و تا ئێستاش ئەو قەیرانە بەردەوامی هەیە.

بەدیاریكراوی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم، یەكێك بوو لەكابینە پڕ كێشە‌و قەیرانەكانی حكومەتی هەرێم‌و تا ئێستاش نەیتوانیوە ئەو كێشەو قەیرانانە چارەسەر بكات‌و كێشەكان بۆ كابینەی نۆیەم جێهڵراون. دیار نییە كابینەی نۆیەمیش دەتوانێت ئەو قەیرانانە چارەسەر بكات یاخودا ئەویش كۆمەڵێك قەیرانی دیكە دروست دەكات‌و بۆ كابینەی دوای خۆی جێیان دەهێڵێت.

كابینەی نوێ تا ماوەیەكی درێژ سەرقاڵی دانەوەی قەرزە كەڵەكە بووەكانی كابینەی پێشوو دەبێت

لەم راپۆرتە شیكارییە سەر قەڵەمێك لەو قەیرانانە دەخاینەروو كە قەیرانی قوڵ‌و وەك بۆمبی تەوقیتكراو بۆ كابینەی نۆیەم جێهێڵدراون.
كەڵەكە بوونی قەرزێكی زۆری كۆمپانیا بیانیەكان

یەكێك لەقەیرانە گەورەكانی كابینەی هەشتەم، بریتی بوو لەكۆمەڵێك قەرزی كەڵەكە بووی كۆمپانیاكانی بواری نەوت‌و گاز، هەروەها كۆمەڵێك قەرزی دیكە كە بەیاسا لەچوارچێوەی بانكی نێودەوڵەتی وەرگیراون كە دانەوەی ئەو قەرزانە لەئێستادا ئەستەمە‌و دیار نییە لەبەرامبەر نەدانەوەی ئەو قەرزانە بانكی نێودەوڵەتی چ مەرجێكی دیكە بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەسەپێنێت.

لەگەڵ پێدانی قەرز بەهەرێمی كوردستان، بانكی نێودەوڵەتی كۆمەڵێك مەرجی بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاند، كە خۆیان لەزیادكردنی باج‌و رسومات دەبینیەوە. لەهەموو ئەو مەرجانەش ئەوەی زیاندمەندی یەكەمە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانن.

تا ئێستا بەروونی دیار نییە هەرێمی كوردستان چ بڕە پارەیەك قەرزدارە بەكۆمپانیا بیانییەكان، ئەمەش وا دەكات كە كابینەی نوێ تا ماوەیەكی درێژ سەرقاڵی دانەوەی قەرزە كەڵەكە بووەكانی كابینەی پێشوو بێت. یەكێكی دیكە لەو قەرزانەی كە هەرێمی كوردستان‌و كابینەی هەشتەمی روبەروی قەیرانێكی قوڵ كردەوە بریتی بوو لەو برە زۆرەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەوڵاتی توركیا قەرز كراوەو تا ئێستاش بەروونی دیار نییە كە تا ئێستا لەو قەرزە چەندی دراوەتەوە‌و چەندی ماوە.

كەڵەكە بوونی قەرزێكی زۆری فەرمانبەران

بەهۆی بڕیاری پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم، قەرزێكی زۆری موچەی فەرمانبەران كەوتۆتە سەر حكومەتی هەرێم.

بەبیانوی شەڕی داعش‌و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەند‌و نەناردنی نەوتی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی زۆرەملێ بەشێكی موچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كرد لەگەڵ چەند موچەیەك بەتەواوی. حكومەتی هەرێم لەو كاتە تەواوی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی راگرت‌و برێكی زۆری پارەی بەڵێندەرانی لەسەر كۆبۆوە. 

تەنها نێچیرڤان بارزانی‌و ئاشتی هەورامی‌و كەسە نزیكەكانیان ئاگاداری تەواوی وردەكارییەكانی دۆسیەی نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستانن ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە لەبەردەم كابینەی نۆیەم

ئەو بڕە پارە زۆرەی كە دانەوەی دەكەوێتە ئەستۆی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارەكانی بەردەم مەسرور بارزانی قورس دەكات. بەشێوەیەك كابینەی نۆیەم هەر بڕە پارەیەكی بكەوێتە دەست لەباشترین حالەتدا دەتوانێت ئەو قەرزە زۆر كەڵەكە بووە بداتەوە.

شارەوانی، زەوییە بەنرخەكانی دابەشكرد

بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ دارێژراو‌و لەگەڵ راگەیاندنی ناوی مەسرور بارزانی بۆ كاندید بوونی بۆ سەرۆك وەزیرانی هەرێم، وەزارەتی شارەوانی ژمارەیەكی زۆری زەوی بەنرخی بەسەر كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی دابەش كردووە بەتایبەت لەشاری هەولێر ئەو زەویانەی دەكەونە سەر شەقامی سەرەكی (120) مەتری‌و (150) مەتری. 

لەسۆشیال میدیادا رۆژانە چەندین بەڵگەی دابەشكردنی زەوی لەلایەن كابینەكەی نێچیرڤانەوە بڵاو دەبێتەوە، لەلایەن هەوادارانی مەسرور بارزانییەوەو لەلایەن ئەو هەوادارانەی مەسرور بارزانی ئەو كارانەی ئێستای كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی بەدروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم كابینەی نوێ هەژمار دەكرێـت.

بەشێك لەچاودێران پێیان وایە دوور نییە لەگەڵ دەست بەكاربوونی مەسرور بارزانی بڕیاری هەڵوەشانەوەی كۆمەڵێك بڕیار‌و راسپاردەی كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی بدرێت بەشێوەیەك كە بتوانرێت كابینەكەی مەسرور بارزانی خۆی بەدور بگرێت لەو شكستانەی لەسەردەمی نێچیرڤان هاتونەتە ئاراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەدەست كێوەیە؟

یەكێك لەو كێشە‌و ئاریشانەی لەبەردەم كابینەی نۆیەمدایە چۆنییەتی ئیدارەدانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان حكومەتی هەرێمە. بەشێوەیەك تەنیا نێچیرڤان بارزانی‌و ئاشتی هەورامی‌و كەسە نزیكەكانیان ئاگاداری تەواوی وردەكارییەكانی دۆسیەی نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستانن. ئەمە لەكاتێكدا كۆڵەگەی سەرەكی ئابووری هەرێم بریتیە لەنەوت‌و گاز. 

لەسۆشیال میدیادا رۆژانە چەندین بەڵگەی دابەشكردنی زەوی لەلایەن كابینەكەی نێچیرڤانەوە بڵاو دەبێتەوە، لەلایەن هەوادارانی مەسرور بارزانییەوە بەدروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم كابینەی نوێ هەژمار دەكرێـت

مەسرور بارزانی هەموو هەوڵێكیدا كە بتوانێت بەرلەدەست بەكاربوونی لەپۆستی سەرۆك وەزیران كۆنتڕۆڵی ئەو وەزارەتە بكات. بەڵام هەموو هەوڵەكانی بێسوود بوو بەهۆی پێداگری نێچیرڤان بارزانی لەهێشتنەوەی ئاشتی هەورامی لەپۆستەكەیدا.

دۆسیەی نەوت لەهەرێمی كوردستاندا یەكێكە لەدۆسیەیە هەستیارەكان‌و تائێستا هیچ كام لەدیوانی چاودێری دارایی‌و پەرلەمانی كوردستان‌و داواكاری گشتی‌و دەستەی دەستپاكی چەندین دۆسیەی گەندەڵی ئەو وەزارەتەیان بڵاوكردووەتەوەو تا ئێستاش لەسەر ئەو دۆسیانە هیچ كەسێك لێپێچینەوەی لەگەڵ نەكراوەو رووبەروی دادگا یا لێپرسینەوەی پەرلەمانی نەكراوەتەوە.

ئیمزاكردنی كۆمەڵێك گرێبەست‌و گرفت بۆ یاسای بودجەی عێراق

بەپێی یاسای بودجەی عێراق دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە تەسلیم بەحكومەتی ناوەندی بكات لەبەرامبەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغدا، بەڵام تا ئێستا ئەوەی پابەند نەبووە بەو یاسایە حكومەتی هەرێمەو حكومەتی ناوەند مانگانە بڕە پارەی هەرێم لەبەغداوە دەنێرێت.

دەوترێت نەناردنی (250) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بۆ بەغدا بەرپرسانی هەرێم بۆ ئەو پرسە بیانوو بەوە دەهێننەوە كە كابینەی ئێستای حكومەت، كار بەرێكەرەو ناتوانێت پابەند بەو جۆرە رێككەوتننانە بەڵكو دەبێت كابینەی نوێ پابەند بێت بەو یاسایەو ناردنی (250) هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا. لەلایەكی دیكە بەپێی بەدواداچوونەكانی پەرلەمانتارێكی هەرێمی كوردستان دەركەوتووە كابینەی هەشتەم تەواوی نەوتی هەرێمی بۆ ئەمساڵ فرۆشتووەو بڕە پارەكەشی بەپێشكەی وەرگرتووە. ئەمەش یەكێك دەبێت لەكێشەكانی بەردەم كابینەی نۆیەم، چونكە كابینەی نۆیەم پابەندە بەوەی كە دەبێت رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت بۆ بەغدا، بەڵام كابینەی هەشتەم هیچ بڕە نەوتێكی بۆ كابینەی نۆیەم نەهێشتۆتەوە كە بینێرێت بۆ بەغدا. دیار نییە كابینەی نۆیەم چۆن ئەو ئاستەنگەی بەردەمی لادەبات.

بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ دارێژراو‌و لەگەڵ راگەیاندنی ناوی مەسرور بارزانی بۆ كاندید بوونی بۆ سەرۆك وەزیرانی هەرێم، وەزارەتی شارەوانی ژمارەیەكی زۆری زەوی بەنرخی بەسەر كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی دابەش كردووە 

چاكسازی وەك دواین كارتی دەستی مەسرور بارزانی

تەواوی ئەو قەیرانانەی كە بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی جێهێڵدراون یەك رێگەی لەبەردەم مەسرور بارزانی هێشتۆتەوە كە بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنی كابینەكەی لەژێر ناوی ئەنجامدانی چاكسازییەوە تەواوی بڕیارەكانی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی هەڵبوەشێنێتەوەو لەشوێنیاندا بڕیارو راسپاردەی نوێ دەربكات. یا لەژێر ناوی چاكسازییەوە خۆی بێ بەری بكات لەو بەرپرسیارێتیانەی كە لەلایەن حكومەتی ناوەندو كۆمپانیا بیانییەكانەوە خراوەتە سەری.