هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدە شیاوەكانی سەرۆكی هەرێم ئاشكرا دەكرێت


ژیان:
كاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم داخست و ڕۆژی یەكشەممەی داهاتووش ناوی ئەو پاڵێوراوە یاساییەكان ئاشكرا دەكات. 

دوا كەوتنی راگەیاندنی كەسە شیاوەكان بۆ كاندید بونی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی دوو رۆژ پشوو دەكەوێتە بەردەمی بۆ هەفتەی داهاتوو دوا دەكەوێت. 

پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بەگوێرەی خاڵی (٣) لە بڕگەی یەكەمی ماددەی (٤)ی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، پێویستە لەماوەی دوو ڕۆژدا لەڕۆژی داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن ناوی ئەو پاڵێوراوانە ڕابگەیەندرێت كە مەرجی یاساییان تێدایە.

پەرلەمان راشیگەیاند: بەهۆی بوونی دوو ڕۆژی پشوی فەرمی، ڕۆژی یەك شەممە (١٩ی ٥ی ٢٠١٩) ناوی پاڵێوراوەكان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ڕادەگەیەنرێت.

تا ئێستا ئەوەی ئاشكرا كراوە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و فەرهاد پیرباڵ، نوسەر و رۆشنبیر، رێبوار خۆشناو، ئومێد پاڵانی، بەكر دەربەندی كە سەرجەمیان پارێزەرن خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.