ڕووسیا نیگەرانە لە خراپبوونی ڕەوشی کەنداو

ڤلادیمێر پۆتین، دیمیتری پیسکۆڤ

ژیان:

ڕوسیا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە  خراپبوونی  ڕەوشی ناوچەی کەنداو سەرەڕای لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە بۆ ڕوسیای دووپات کردەوە واشنتن جەنگی لەگەڵ ئێراندا ناوێت.

دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کریملین ڕایگەیاندووە، " لە ئێستادا دەبینین خراپبوونی ڕەوشەکە سەبارەت بەم بابەتە بەردەوامە." هەروەها ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئیستیفزازکردنی ئێران.

وتیشی، " قورسە قسە لەسەر گرەنتیەکان بکەیت چونکە ڕوون و ئاشکرایە ڕەوشەکە بەرەو خراپتربوون دەچێت."

پیسکۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەداخەوەین بۆ ئەو بڕیارانەی ئێران دەیدات، بەڵام ئێرانیش لە خۆیەوە ئەو بڕیارانە نادات، بەڵکو وەکو وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو فشارانەی لەسەریەتی.

ئاماژەشی بەوەدا،  ئەو کارانەی ئەمەریکا دژی ئێران دەیکات ئیستیفزازکردنی ئێرانە.

ماوەی دوو هەفتەیە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران زیادیان کردووە و ئێران هەندێک لە بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا کەمکردەوە، ئەمەش دوای ساڵێک لە کشانەوەی ئەمەریکا لەو ڕێکەوتنەدا و بەڕێوبەرایەتیەکەی ترەمپ سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانی توندترکردەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەرپرسانی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی ئەم هەڕەشانەی ئێرانەوە، ئەمەریکا کۆمەڵێک کەشتی فڕۆکە هەڵگر و فڕۆکەی بۆمب هاوێژی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.