ئابووری میسر بەرەو هەستانەوە هەنگاو دەنێت

دراوی میسری

ژیان: لاپەڕەی ئابووری

دوای ئەو داڕووخانە ئابووریە گەورەیەی دووچاری میسر بووە، ئێستا ئابووری ئەو وڵاتە رووی لە گەشەسەندن كردووە‌و حكومەتەكەی قاهیرەش رێژەی ئەو گەشەسەندنە دەخاتەڕوو.

وەزارەتی پلاندانانی میسر لە راگەیەنراوێدا ئەوەی خستوەتەڕوو كە رێژەی گەشەكردنی ئابووری میسر لە چارەكی كۆتایی ساڵی داراییدا بەرزبووەتەوە.

لە راگەیاندراوەكدا هاتووە، كە رێژەی گەشەكردنی ئابووری میسر لەو ماوەیەدا بریتبووە لە ٥.٦%، كە ئەمەش بە بەراورد بە ئامارەكانی پێشوو بەرزبوونەویەەكی بەرچاوە.

لەو راگەیاندراوەی وەزارەتی پلاندانانی میسردا هاتووە كە شانبەشانی گەشەسەندنی ئابووری وڵاتەكە، رێژەی بەرهەمهێنانی ناوخۆییش بە بەراورد بە ئامارەكانی ساڵی پێشوو ٥.٥% زیادیكردووە.

سەبارەت بەو گەشەسەندنە، هالە سەعید، وەزیری پلاندانانی میسر بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە "لەماوەی ساڵی داراییدا رێژەی گەشەسەندنی ئابووری میسر گەیشتووەتە ٥.٨% كە ئەمەش ئاستێكی دڵخۆشكەرە".

ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەماوەی رابردوودا ئابووری میسر بەردەوام رووی لە لاوازی‌و داكشان كردووە، بە یەكێك لەم خراپترین ئابووریەكانی جیهان ناسراوە.

ئابووری میسر لەدوای ئاڵۆزییەكانی بەهاری عەرەبییەوە جێگریی بەخۆیەوە نەبینیوە‌و بەردەوام لە هەڵكشان‌و داكشاندا بووە‌و هۆكاری سەرەكی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نائارامیی سیاسی لەو وڵاتەدا.

میسر یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بە هەمجۆریی ئابووری بەناوبانگە‌و رێژەی %٥١ی دانیشتوانەكەی لە كەرتە خزمەتگوزارییەكاندا كاردەكەن‌و رێژەی ئەو كەسانەشی كە لە كەرتی كشتوكاڵدا كاردەكەن دەگاتە %٣٢‌و ئەوانەشەی كە مە كەرتی پیشەسازیدا كاردەكەن رێژەی %١٧ پێكدەهێنن.