ئوسترالیا هەوڵەکانى بۆ ڕێگریکردن لە بەلەمى قاچاخى کۆچبەران چڕتر دەکاتەوە

بەلەمە چاودێرییەکانی ئوسترالیا

ژیان:

ڕۆژنامەى هێڕاڵد سەنى ئوسترالیى بڵاویکردەوە هێزە دەریاییەکانى ئوسترالیا زیاتر لە دوانزە بەلەمى چاودێریان ناردووتە ناو دەریا و سنورە ئاوییەکانى ئوسترالیا بەمەبەستى ڕێگریکردن لە ئەگەرى هەر هەوڵێک کە لەلایەن بەلەمى قاچاخى پەنابەرانەوە بدرێت بۆ گەیشتن بە سنورەکانى ئوسترالیا.

بەرپرسێکى باڵاى ئۆپەراسیۆنەکانى پاراستنى سنورەکانى ئوسترالیاش، ئەو زانیارییە بۆ ڕۆژنامەکە پشتڕاستکردوەتەوە و ڕایگەیاند لەسەر بنەماى ئەو زانیاریانەى دەستیان کەوتووە ، قاچاخچییەکان دەیانەوێت تاقیان بکەنەوە، ئەوەش بە ماناى ئەوەى کە ئاخۆ ئوسترالیا بەردەوام دەبێت لە دەستگیرکردن و گێڕانەوەى بەلەمى قاچاخى کۆچبەران.

لە ئێستادا سەدان پەناخواز لە ووڵاتى ئیندۆنیسیاى دراوسێى ئوسترالیا گیریان خواردووە و قاچاخچییەکانى ئەو ووڵاتەش دەیانەوێت ڕێوشوێنەکانى حکومەتى نوێى ئوسترالیا تاقى بکەنەوە لە بەرامبەر کۆچبەرانى دەریایى قاچاخدا.

ئەو بەرپرسە دووپاتى کردوە کە ئەم ڕێوشوێنانە ئەو پەیامە دەگەیەنێت بە قاچاخچییەکان کە هێزەکانى پاراستنى سنورەکانى ئوسترالیا هەر لەوێن و بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنى سنورەکان.

بڵاوبوونەوەى ئەم زانیارییە هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنە فیدراڵیەکەى ئوسترالیا کە ئەمڕۆ (18 ى مایسى 2019) بەڕێوچوو کە تێیدا هەردوو بەرە سەرەکییەکەى ئوسترالیا کە بەرەى هاوپەیمانى لیبڕاڵ و پارتى کرێکرانى ئوسترالیایە پێشتر ڕایانگەیاند بەردەوام دەبن لە سیاسەتى گرتن و گێڕانەوەى هەر کۆچبەرێک کە بیەوێت بە قاچاخ و بە بەلەم ڕوو لە ئوسترالیا بکات.  

سەرچاوە : ڕۆژنامەى هێراڵد سەنى ئوسترالیى