بزوتنەوەی گۆڕان: نەوشیروان مستەفا موڵکی هەمو خەڵکی کوردستانە

بزوتنەوەی گۆڕان_ لۆگۆ

ژیان:

بزوتنەوەی گۆڕان لە دوەم ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوەو رایدەگەیەنێت؛ کاک نەوشیروان تەنها موڵکی یەک لایەن‌و یەک پارچەی کوردستان نیە بەڵکو، موڵکی هەمو خەڵک‌و خاکی کوردستانە.

لەبەیاننامەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە هاتوە، "ئەمڕۆ دو ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی ناوداری جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان، نەوشیروان مستەفا. کاک نەوشیروان نەک تەنها بۆ نزیکەی نیو سەدە وەک سەرکردەیەکی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی گەورە بەشداری کاریگەری لە خەباتی رزگاریخوازی کورد کردوە بەڵکو، وەک کەسایەتییەکی هەڵکەوتو لە بواری فیکری، رۆشنبیری، مێژویی، پێشمەرگایەتی، ئەدەبی‌و رۆژنامەگەریدا شوێن پەنجەی دیار بوە".

گۆڕان جەخت لە"گرنگی یەکڕیزی نێوان هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکاتەوە، بەوانەی دەچنە دەسەڵات‌و ئەوانەش کە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵدەبژێرن. تاکو بتوانین هەمومان بەیەکەوە روبەڕوی ئەو ئاڵنگاریانەی بەردەممان ببینەوەو قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بپارێزین‌و ئەو ناوچانەی لەدەستمان داوە بیانگێڕینەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریداوە دوا بەدوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کۆنفرەنسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ببەسترێ. ئەرکە گرنگەکانی کۆنفرەنس بریتی دەبن لە پێداچونەوە بە دەستوری گۆڕان‌و بەرنامەی سیاسی‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەکان‌و رێکخستنەوەیان‌، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێ لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان‌و هاوڵاتیانی کوردستان بێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەم روەوە پێشوازی لە هەر سەرنج‌و تێبینی‌و رەخنەو پێشنیارێک دەکات لە چوارچێوەی ئۆرگان‌و پرنسیپە رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان".