وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشكردنی موچە لە پێش جەژن رونكردنەوە دەدات


ژیان: 
وەزارەتی دارایی توانای نیە هیچ موچەیەكیتر لە پێش جەژن بدات و پێویستی بەوەیە كە حكومەتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پارەی پێویست بدەنە وەزارەتەكە بۆ ئەوەی بتوانێت بە خێرایی لە پێش جەژندا دابەشی بكات. 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە گەنجینەی هەولێر بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: بە گوێرەی ئەو خشتەیەی هەیە سبەی دوو شەممە 20مانگ وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی، ئاوەدانكردنەوە، رۆشنبیری، سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان، موچە وەردەگرن و دوای ئەوانیش لە 21ی مانگدا موچەی خانەنشینی پێشمەرگە دەست پێدەكات و لە رۆژی 22ی ئەم مانگەدا موچەی خانەنشینی مەدەنی دابەش دەكرێت. 

ئەو رونیشیكردەوە كە بە گوێرەی سیستەمی دابەشكردنی موچەی وەزارەت مانگانە لەدوای 5ی مانگەوە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی موچە رۆژی جەژنیش دەكەوێتە نزیكی ئەو كاتەوە بۆیە ئەگەر پارەی تەواو لە هەریەكە لە وەزارەتی سامانەسروشتیەكانی هەرێم و حكومەتی عێراقیەوە نیەت موچە دابەش ناكرێت تا دوای جەژن.