جەژن و بۆنە پیرۆزەكانی ئیسلام لە كاوێژی كەلتوری سیاسییەكانی شیعەو سوننەدا


ژیان: ماجید خەلیل

لە ئێران و هەندێك وڵاتی دیكەی ئیسلامیدا، سبەی ناكرێتە جەژن. ئێران جگە لەوەی دانووی هیچ بۆنەیەكی لەگەڵ سعودیەدا نەكوڵاوە، بەڵكو بەخوێنی سەری یەكتریش تینوون. قەتەریش هەركاتێ ناكۆكی سیاسی لەتەك سعود تۆخبێ، جەژنێكی كاڵ كاڵ دەكا. زۆرجار لە ئێرانەوە فەتوا دراوە حەج حەرامە. ئەڤغان و پاكستانیش هەمان بەزم و بالۆرەی سیاسییان رقی خۆی بە بۆنەكان دەڕشت.

بۆنەكان یەك پارچە تەزبیحی دەستی پیرە ساسییەكانن و خشەخشی شیرینیی و بۆنەكانیان لە مەجلیسێكا دێت كە پیاوی ورگ زلی سەرمایەداری تێدا بێت، نەك پیرێكی نورانی و پشتكۆماوی عیبادەت. سبەی لەبەر ئەوەی یادی سی ساڵەی كۆچی دووایی ئیمام خومەینییە، داواكرا لە لیژنەكانی بینینی مانگ مانگ نەبینن! لەم چەند ساڵەی تەمەنمدا هیچ شتێكم هێندەی ئایین وەكو گەمەی دەستی بەرژەوەندی و سیاسەت نەدیوە، هیچم هیندەی ئایین وەكو پەیژەو پردی پەڕینەوەی شەهوەتی دنیاگەرایی نەدیوە. 

جەژنێك لە قەڕەوڵی نیمنیگای ئاخوندو مەلایەكەوە جاڕبدرێ. جەژنێك جەبەڕوتی ڕۆژگار تێنەپەڕێنێ و جیا لەبۆنە سروشتییەكانی دی مەهزەلەی مەلای سونی و ئایەتوڵاكانی شیعە بێ. جەژنێك تارایەكی ڕەش بێ بەسەر سیمای سیاسەتەوە، چۆن دەتوانێ ببێتە پەیامی پێكەوەیی، چۆن دەتوانێ ببێتە گەردانەی گەردن ئازادیی. نەك تەنها جەژن، نەك تەنها تێكستی پیرۆزو تەراویح و تەهلیلەو پەرستشەكان، سەرلەبەری ئایین و مەزهەب، هەمووی ڕۆڵی بلوێری شوانێ دەبینێ بۆ ڕامكردنی ڕانەمەڕی ئاوەزی هەمووان. هەمووی ڕۆڵی حساببانقییەك دەبینێ بۆ پتەوكردنی سەرمایەو قازانج، هەمووی ڕۆڵی واژۆیەك دەبینێ بۆ سفتكردنی سەفقەیەكی ژێربەژێر، هەمووی ڕۆڵی قاقایەك دەبینێ بۆ تێپەڕاندنی شەوێكی سوور، هەمووی ڕۆڵی چەكوشێك دەبینێ بۆ تەپڵی سەری عەقڵی ئازاد.

هەتاكەی لە حاڵی بەدحاڵی ئەم رۆژهەڵاتە وردنابینەوە. هەتاكەی تێناگەین كۆدی كەلتوری كەوتنمان لە كوێدایە. ئیسلام ئاینێكی بێ ڕیڤیونیزم و بێ ریفۆرمە، ئاینێكی شەكەتی بەر شەلاقی مەلاو موریدو سیاسییەكانە. ئاینێكی ڕاوكراوی دەستی ئیمپریالیزمی نوێ و كۆنە. ئەمڕۆ ئاین بەخۆی و هەموو میحرابەكانییەوە، بەخۆی و هەموو مەلاو مەلا ژنەكانییەوە، بەخۆی و هەموو مێژووی هەزار ساڵەیەوە، بەخۆی و هەموو شمشێرو جیهادییەوە، بەخۆی و هەموو عروبەو عوسبەی عەرەبییەوە، بەخۆی و هەموو ریش و سەرپۆشییەوە، بەخۆی و هەموو نزاو نەریت و خێرو ئیحسان و سونەت و فەلسەفەی فەرزەكانییەوە، لەلایەكەوە پرۆژەی هێزە لیبراڵ و دیموكراتەكانە، لەلایەكیترەوە پرۆژەی بێ چەندوچونی عەقڵی خەتاكاری مۆدێرنەیە، لەسەدان لای ترەوە پرۆژەی بازرگانە باوەڕدارە ئاینییەكانی خەلیج و حیجازە. ئایین تا نەبێتە ئایینی تاك، وەك چۆن ئازادی سەوز نەبوو تا نەبوویە ئازادی تاك، ناتوانێ ببێتە ئامانجێك كە فەلسەفەی مێژووی خۆی لە بەندایەتیدا دەبینێتەوە.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە