رەوەند مەلا مەحمود بۆ ژیان: پارتی نایەوێت رەوشی كەركوك باشتر بێت

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

ژیان: تەرزە عەباسی

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەی ژیان، باس لە رەوشی پارێزگای كەركوك دەكات، لەگەڵ ئەو كێشانەی پارتی لە پارێزگاكە دروستی كردوون.

ژیان: لە ئێستادا رەوشی كەركوك چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

رەوەند مەلا مەحمود: گەر بڵێم رەوشی كەركووك باشە، وانییە. لەلایەك دەغڵ‌و دان سووتاندن لەلایەن داعشەوە دەستیپێكردووە كە هێزە ئەمنییەكانیش ناتوانن كۆنترۆڵی بكەن، لەلایەكی دیكە پڕۆسەی تەعریب لە ئارادایە‌و هەوڵدانێكی جددی هەیە بۆ ئەو پڕۆسەیە، بەڵام توانیومانە لەڕێگەی پەرلەمانتارەكانەوە بە گژیدا بچینەوە، حاڵەتێكی ناخۆش هەیە لە پارێزگاكە كە لەلایەن هەندێك لایەنی كوردییەوە لەگەڵ عەرەبە سوونییەكان كۆمەڵێك دانووستاندیان هەیە وەكو رێككەوتنەكانی موسڵ‌و لەسەر مەنتیقەكانی ئێمەش گفتوگۆ دەكەن، بەڵام جددی نین لەچارەسەركردنی كێشەی كەركووك، هەروەها لەم ماوەیەدا گفتوگۆی زۆر هەبووە لەنێوان سەرۆك كۆمار‌و پارێزگاری كەركووك‌و دوو سێ جار سەرۆك كۆماری پارێزگاری كەركووكی بانگ كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو پارێزگایە، بەڵام بە واقیع كێشەكانی كەركووك ئاوا بە ئاسانی چارەسەر ناكرێت پێویست بەوە دەكات حكومەتێكی كارای هەبێت، ئەنجوومەنێكی هەڵبژێردراوی هەبێت، بەگشتی ئەم كێشانە هەمووی هەیە‌و كورد ئەوەی لە كەركووكیشدا ئەوەی هەتە توانیوێتی ئیعتیماد لەسەر پەرلەمانتارەكانی بكات‌و ئێمە ئیعتیماد لەسەر هەڤاڵانمان بكەین لە ئەنجوومەنی ناوەند‌و خۆشمان لەڕێگەی دادگاوە بەرگری لە خەڵكەكەی خۆمان بكەین.

پارتی رێككەوتنی لەگەڵ توركمانەكان‌و عەرەبەكان هەیە‌و پێیان خۆشە رەوشی كەركووك بەم شێوەیە بێت

ژیان: دەوترێت كە كەركوك داگیركراوە، ئایا بەڕاستی كەركووك داگیركراوە؟

رەوەند مەلا مەحمود: ئەو لایەنانەی كە وا دەڵێن: بۆ پاساوهێناوە قسە لەسەر ئەوە دەكەن، ئەگینا ئەوان بۆخۆیان لە بەغدا عەیبیان نییە، لەسەر جێگری پەرلەمان، لەسەر وەزیرەكان شەڕیانە، لەسەر وەزارەتی دارایی شەڕیانە، لەسەر جێگری سەرۆكی وەزیران شەڕیانە، بەڵام كە دێن وەكو موزایەدەیەك ئەم قسانە لەسەر كەركووك دەكەن، ئەوان ئێستا لە هەولێرەوە داوای پۆست‌و پلە‌و پایە دەكەن لەكەركووك، ئەوان داوای 40 پۆستی پۆلیس دەكەن لە پارێزگاكە، لە رۆژانی پێشوو هەموو ئاگاداربووین، محەممەد كەمال نامە دەنێرێت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆئەوەی خەڵكیان لە پۆستەكان بۆ دابنێن، وە لەهەمانكاتدا دەبینین لە موسڵدا گەورەترین مامەڵە دەكەن لەگەڵ سوننەكاندا بۆ دانانی جێگری پارێزگار، بەڵام كەدێتە سەر كەركووك دەیانەوێت بە شێوەیەك لەسەر كەركووك بدوێن لەبەر ئەوە كە نفوزیان لێرە نییە، دەیانەوێت كەركووك لە كوردستانیش داببڕێنن بۆئەوەی بتوانن مەرامەكانی خۆیان جێبەجێبكەن، خۆ ئێمە نەبووین چووین شانی حەشدی شەعبیمان ماچ كرد، خۆ ئێمە نەبووین چووین لەگەڵ بەغدا رێككەوتنمان كرد لەسەر وەزیرەكان، ئەوان بۆچی دەتوانن هەموو ئەو كارانە بكەن، ئەی بۆ ناتوانن بە كورد بڵێن وەرن باهەموومان ساحێبی خۆمان بكەینەوە لە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوە رەوشی كەركووك چارەسەر بكەین؟بەڵام ئەوان ئەو شوێنانەی كە خۆیان بیانەوێت كاری تێدابكەن ئەچن  بەهەموو جۆرێك مامەڵە‌و رێككەوتن دەكەن، ئەگەر بشیانەوێت لە شوێنێك نەیكەن، ئەوا ئیتر ئەڵێن ئەو شوێنە ئاگرە نابێت رووی تێبكەین.

ژیان: بەرپرسانی پارتی لە كەركوك دەبینرێن، بەڵام پارتی بارەگا ناكاتەوە، هۆكاری ئەمە چییە؟

رەوەند مەلا مەحمود: هۆكار ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت لە كەركووك مەسئول بن‌و هەموو شتێكیان بەدڵ بێت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو نفوز پەیدا بكەن لەڕێگەی ئەم هەموو زەخت‌و فشارەی كە لەسەر كەركووك‌و لەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەیكەن، لەهەمان كاتیشدا ئەوان تێئەگەن نفوزیان نییە لە كەركووكدا، بۆیە كە نفوزیان نییە نفوزەكەی خۆیان بۆ ئەو كێشانە ئەهێڵنەوە كە حەزیان لێیەتی.

ژیان: پارتی خۆی هەستی بەو شكستەی كردووە لە كەركووك؟

رەوەند مەلا مەحمود: بەدڵنیاییەوە هەستیانپێكردووە، ئەوانیش ئینسانن‌و سیاسەت دەكەن‌و بیركردنەوەیان هەیە، هەموو رۆژێك لەگەڵ خەمیس خەنجەرو لەگەڵ شەممەرەكان كۆدەبنەوە، ئەوان هەموو رێككەوتنێكیان لەگەڵیاندا هەیە، كەمال كەركووكی لە راگەیاندنەكانەوە ناڵێت، لەگەڵ توركمانەكان‌و عەرەبەكان دانیشتووین ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە بەڵێ ئاگایان لە هەموویان هەیە، بەڵام دەخوازن‌و پێیانخۆشە رەوشی كەركووك ئاوا بێت.

ژیان: پەیوەندیتان  لەگەڵ  پارتی چۆنە  لە كەركوك؟

رەوەند مەلا مەحمود: پارتی لە كەركووك نییە تا بە رەسەمی پەیوەندیمان هەبێت لەگەڵیاندا هەبێت، بەڵام لەگەڵ هەموو حزبە كوردستانیانەی لەكەركووكدان پەیوەندیمان هەیە، بەڵام هەموو جارێك كە بۆنەیەكی كوردی دێتە پێشەوە پارتی دەست دەكات بە حەملە‌و بانگەشە بۆ فەشەل پێهێنانی، بۆ نموونە كە نەورۆز هاتەپێشەوە، زۆریان هەوڵدا ئاهەنگی نەورۆز لە پارێزگای كەركووك ئەنجامنەدرێت‌و فەشەلی پێبهێنن، یان كە كاتی هەڵبژاردن هاتەپێشەوە زۆریان هەوڵدا فەشەل بە پرۆسەی هەڵبژاردنیش بهێنن لە كەركووك، پارتی خۆی بەم شتانەوە سەرقاڵ كردووە لە كەركووك، خەریكی ئەوە نین كارێك بكەن كە خزمەت بە كەركووك بكات.

وەك چۆن یەكێتی قسە لەسەر دانانی پارێزگاری دهۆك ناكات، پارتیش بۆیی نییە قسە لەسەر دانانی پارێزگاری كەركوك بكات

ژیان: پارتی  بۆ نایەتە ژێر باریئەوەی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابندرێت؟

رەوەند مەلا مەحمود: پارتی لەهەرشوێنێك خۆی دەسەڵاتی هەبێت، بەشانی شێری خۆی دەزانێت، لە هەرشوێنێكیش خۆی دەسەڵاتی نەبێت ئەڵێن ئەمە بڤەیە، لە كەركووك پارتی ئەو نفوزەی نییە، بۆیە دەیەوێت نفوزی كورد لە كەركووك بشكێنێت یاخود كورد والێبكات مەجبور بێت هانای بۆ بەرێت، ئێمە تووشی واقیعێكی تاڵ بووین، ئێمە لە 2005ەوە لە كەركووكین، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك نەكردووە، ئەم حاڵە وایكردووە پارتی هەندێ خەڵكی لەناو ئەو ئەنجوومەنی پارێزگایە هەبێت، بۆیە ئێستا ئەمانە وەكو كارتی فشار بۆ گیانی كەركووكیەكان بەكاردێنی‌و ناهێڵێت ئەنجوومەنەكە كارا ببێتەوە، تەنها ئەمانەی لەدەسەڵاتدا ماوە، ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكرێت، ئەوكاتە یەكجاری لەدەست پارتیش رزگارمان دەبێت‌و ئەم حاڵەتە جارێكی دیكە نایەتە پێشەوە.

ژیان: بەپێی زانیارییەكانی ئێوە یەكێتی تا ئێستا چەند كاندیدی پێشنیاركردووە بۆ پارێزگاری كەركووك‌و پارتی رازی نەبووە؟

رەوەند مەلا مەحمود: ئێمە لە كۆبوونەوەی رەسمی خۆماندا لە مەڵبەندی كەركووك باسی ئەوەمان كردووە هەر كاندیدێك پێشنیاربكرێت بۆ پارێزگاری كەركووك لە رێگەی مەڵبەندی كەركووكەوە پێشنیار دەكرێت، بەڵام تا پێش شەش مانگ دانوستاندن هەبووە لەنێوان یەكێتی‌و پارتی، ئەوكات بەرەسمی لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە كاك رزگار عەلی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركووك بوو، بەڵام بەچەندین بابەتی جۆراوجۆر‌و خۆدزینەوە پارتی خۆی لەم بابەتە دزییەوە، لە ئێستادا ئێمە هیچ كەسێكمان كاندید نەكردووە بۆ پۆستی پارێزگار، چونكە پۆستی پارێزگاری كەركووك هی یەكێتیە هی كوردە‌و هی كەركووكییەكانە، بۆیە ئەگەر بیر لە هەركەسێك بكەینەوە ئەبێ ئەو تایبەتمەندییانەی تیابێت‌و ئێمە هەوڵ دەدەین بەپێی ئەو تایبەتمەندییانە خەڵك پێشنیاربكەین بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك، لە ئێستاشدا جارێ ئەو رێككەوتنانەی كە كردمان لەگەڵ پارتی، پارتی لەهەمووی پاشگەز بووەتەوە‌و لەسەر هیچی كار ناكات.

پارتی لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئێمە پاشگەز بووەتەوە

ژیان: ئەگەری ئەوە هەیە ئەو رێككەوتنانەی نێوان یەكێتی‌و پارتی هەڵبوەشێتەوە؟

رەوەند مەلا مەحمود: هەڵوەشانەوە چۆنە، ئێمە لەگەڵ پارتیدا رێككەوتین لەسەر ئەوەی كێشەی كەركووك‌و بەغدا‌و هەرێم هەرسێ كێشەكە یەك پاكێج بێت‌و پێكەوە چارەسەر بكرێت، ئەوان دەیانەوێت هەر ئەوەی هەرێم چارەسەر بكرێت كێشەكانی بەغدا‌و كەركووك بمێنێتەوە تا دوای دروستبوونی حكومەت ئەوەش خۆی لە خۆیدا پاشگەزبوونەوەیە‌و بە ئاشكراش دیارە.

ژیان: پارتی سوورە لەسەر كاندید كردنی فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، قسەی ئێوە چییە؟

 رەوەند مەلا مەحمود: كاك فەرەیدوون پیاوێكی بەڕێزە، سەردەمانێك سیاسەتی كردووە‌و بەرپرسی ئێمەش بووە، بەڵام ناوبراو دەمێكە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوور كەوتوەتەوە‌و كار بۆ یەكێتی ناكات‌و كاری تایبەتی خۆی دەكات، وە من نەشمزانیوە كە كاك فەرەیدوون پێیخۆش بێت وەك خۆی لە بڵاوكراوەیەكدا دەلێت كە من پێمخۆش نەبووە ببم بە پارێزگاری كەركووك، من نازانم ئەمە لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە نەكردووە، ئیلا كاك فەرەیدونمان رەفزە، ئێمە وتومانە ئەو كەسەی كە ئەكرێت بە پارێزگاری كەركووك ئەبێ ئێمە لە كەركووك پێمان باشبێت‌و پشتیوانیی بكەین‌و هەوڵ بۆ سەرخستنی بدەین، هەركەسێك لە دەرەوەی رایەكانی خەڵكی كەركوك بێت، رەنگە ئەو كاتە خەڵكی كەركووك نەتوانی تەعامولی لەگەڵدا بكات، ئێمە قسەیەكمان لەسەر كاك فەرەیدوون نەكردووە وەك یەكێتی، بەڵام من پێم سەیرە پارتی بیەوێت قسە لەسەر پارێزگاری كەركووك بكات، چونكە ئەمە هیچ پەیوەندی بە پارتیەوە نییە، چۆن لە دهۆك ئەگەر پارێزگارێك دابندرێت یەكێتی نیشتیمانی كوردستان قسەی تێداناكات، بۆیە لە كەركووكیش پارتی بۆی نییە قسە لەسەر ئەم بابەتە بكات.

ژیان: نەهاتنە ژێر باری پارتی  خزمەت بەكێ دەكات؟

رەوەند مەلا مەحمود: بە دڵنیاییەوە نێو ماڵی كورد كە خراپ بێت‌و كورد یەك ریز نەبێت، هەمیشە خزمەت بە داگیركەران دەكات، ئەوە واقیعە كە لە هەرشوێنێكدا هەبێت، زۆرجار وتراوە كاتێك یەكێتی‌و پارتی تەبا بوونە توانراوە پڕۆسەكە جوان بچێتە پێشەوە، بەڵام لەم كاتانەشدا هەمیشە یەكێتی دەستی لەسەر برینەكانی خۆی داناوە‌و قبوڵی كردووە، ئەگینا ئەبینین ئێمە كە لە حكومەتیشدا شەریك بووین ئەوان زۆربەی پۆستەكانیان بۆخۆیان داگیركردبوو، خۆ ئێمە لەگەڵ گۆڕان نەمانكردە شەڕ‌و بچین پەرلەمانی كوردستان دابخەین، خۆ ئێمە وەزیرەكانی گۆڕانمان دەرنەكرد، خۆ ئێمە نەمانویست حكومەت‌و پەرلەمان سوك‌و چرووك بكەین، ئەوان بوون، ئێمە نەچووین بارەگای یەكگرتوو بسوتێنین لە زاخۆو دوای بچین دەست بكەینە ملیان، ئەو دۆخەی كە لە ئێستادا لەئارادایە پارتی خۆی لێی بەرپرسیارە.

هەمیشە یەكێتی دەستی لەسەر برینەكانی خۆی داناوە‌و قبوڵی كردووە

ژیان: رەوشی یەكێتی لە كەركوك چۆنە، چونكە دەوترێت دوای كاردانەواكانی  ریفرادۆم یەكێتی   باری لارە؟

رەوەند مەلا مەحمود: سەنگی مەحەك بۆ ئەم قسەیەی تۆ ئەوەیە كە لە كەركووك هەڵبژاردن كرا لە دوای ریفراندۆم، كۆمەڵێك كەناڵی كوردی زۆر بەهێزەوە دژی خەڵكی كەركووك كەوتنە قسەكردنی‌و فشار دروستكردن، بەشێكی زۆریشیان ماڵیان باری كرد‌و چوونە هەولێر‌و لەوێشەوە قسەی خراپیان بە كەركووكییەكان دەوت، بەڵام ئێمە توانیمان لەو هەڵبژاردنە دەستەبەری دەنگەكانی كورد بكەین لە كەركووكدا ئەمە خۆی لە خۆیدا سەركەوتنێكی گەورە بوو، ئێمە توانیمان ئاڵای كوردستانیش هەڵبكەین، توانیمان هەڵبژاردن ببەینەوە، توانیمان ئاگری نەورۆز بكەینەوە، توانیمان بمێنینەوە‌و بەرگری لە میللەتەكەمان بكەین‌و پرۆسەی تەعریب رابگرین، ئەی ئەمانە سەركەوتن نین بۆ یەكێتی‌و میللەتەكەمان؟ ئەوان كەنایەنەوە كەركووك هەر لە دوورەوە قسەی لەسەر دەكەن، پێم باشە ئیدارەكەشیان هەر لای خۆیان بێت، نەیەنە ناو كەركووك ریز ببەستن بۆ مووچە وەرگرتن بەڵام دوای بچنە دەرەوەی كەركووك‌و قسە بە كەركووكیەكان بڵێن.