كتێبی چێژی خوێندنەوە بڵاودەكرێتەوە

کتێبی "چێژی خوێندنەوە" ی شاخەوان سدیق

ژیان: 

ئەو كتێبە گرنگی دەدات بە پرسی (خوێندنەوەو گرنگی كتێب بۆ ژیانی مرۆڤ)، ئەویش لەرێگەی وەرگرتنی راوبۆچوونی (13) نووسەری ناسراوو بەئەزمونی كوردو تیایدا وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە (كتێب و خوێندنەوەو جۆرەكانی خوێنەرو چێژی خوێندنەوە) دراوەتەوە. 

ئەم كتێبە هەوڵێكی رۆژنامەوانی رۆژنامەنووس (شاخەوان سدیق)ە، كتێبەكە لەسەر ئەركی رۆژنامەی هاووڵاتی لە(چاپخانەی كارۆ) لەشاری سلێمانی چاپكراوەو بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو سەعات 5ی ئێوارە لەناوەندی رەهەند لەشاری سلێمانی و لەرێورەسمێكدا بەئامادەبوونی نووسەرو وەرگێڕ (ئازاد بەرزنجی) و نووسەرو لێكۆڵەر (ئارام سدیق) وەك وەك دوو بەشداربووی نێو كتێبەكە بڵاوبكرێتەوە.

هەر لەو رێورەسمەداو لەلایەن هەرسێ بەشداربووەوە بابەتێك لەسەر كتێب و چێژی خوێندنەوە بۆ مرۆڤ پێشكەش دەكرێت، بڕیاریشە لەهەفتەی داهاتوودا لەشاری هەولێر و لەرێورەسمێكی جیاوازدا هەمان كتێب بڵاوبكرێتەوە.

لەپێشەكی ئەم كتێبەدا هاتووە" كتێب چییە؟ بۆ گرنگە مرۆڤ كتێب بخوێنێتەوە؟ ئەگەر بخوێنینەوە چی روودەدات و ئەگەر نەخوێنینەوە ژیانمان چی لێدێت؟ كتێبەكان لەبری ئێمە بیر دەكەنەوە، یان كتێبەكان یارمەتیمان دەدەن رونتر و قوڵتر دونیا لەوەی كە هەیە بیبینین و بیری لێ بكەینەوە

شاخەوان سدیق، ساڵی 1983 لەهەڵەبجەی شەهید لەدایك بووە، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانییە بەشی شێوەكاری، لەساڵی 2004ەوە وەك رۆژنامەنووس كار دەكات، سێ نامیلكەی شیعری بڵاوكردۆتەوە و خاوەنی چەندین كۆڕو سیمینار و وتارو لێكۆڵینەوەی ئەدەبیە، ئێستا سەرنووسەری گۆڤاری وەرزی ئەدەبی باران و سەرنووسەری پاشكۆی كلتوری هەفتەنامەی پەڕوی هاوڵاتییە.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە