کەروێشکە سوتاوەکەی کەرکوک لە ئەمریکایەو ئێستاش لەژیاندایە


ژیان: زمناکۆ ئیسماعیل

   چەند رۆژێکە لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، ووێنەی کەروێشکێکی سوتاو دەبینین، بەپێی هەواڵی بەشداربوانی تۆڕی کۆمەڵایەتی کوردی بێت، ئەو کەروێشکە لەناوچەی کەرکوک و لەپاش سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران سوتاوە، بەڵام راستی هەواڵەکە بەو جۆرە نییە، بەڵکو ئەو کەروێشکە لە گەڵ چەند ئاژەڵێکی دیکەی نێو دارستانەکانی لە ئەمریکا سوتاوە.

   چیرۆکی سوتاندنەکەی بەم جۆرەیە، رۆژی پێنج شەممە رێککەوتی ٨ نۆڤەمبەری ٢٠١٨، ئاگر لەبەشێک لە دارستانەکانی ناوچەی پارادیزێ، لە باکوری کالیفۆرنیا، لە ئەمریکا دەکەوێتەوە، بەهۆی ئەو ئاگرەوە زیانێکی زۆر بەر سامانی سروشتی ئەو ناوچەیە دەکەوێت و نزیک بە ٧ هەزارو سەد ماڵیش دەسوتێن، خەڵکیش بۆ دەرەوەی ئەو ناوچانە هەڵدێن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئاگرەوە ٢٣ کەس ژیان لەدەست ئەدەن، لەلایەکی دیکەشەوە کڵپەی ئاگر، رەحم بە ئاژەڵان ناکات و ئەوانیش لەگەڵ دارستانەکاندا دەکات بە سوتوو، بەڵام ئەوەی کە دەبێتە جێگای سەرنج، ئەو کەروێشکەیە کە لەوێنەکاندا دەیبینن و ئەمڕۆش وەک کەروێشکە سوتاوەکەی کەرکوک، لەنێو دەغڵ و دانی سوتاوی ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان هەژماری بۆ دەکرێت.

   ئەوەی گرنگە لەم چیرۆکەدا لەگەڵ هەڵهاتن و ئاوارەبونی دانیشتوانی ناوچەی کارەساتبار، چەندین ئاژەڵیش توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن لە سوتان، چریس روسەنۆسکی دەڵێت " کاتێک ووێنەی ئەو کەروێشکەم چرکاند، وامزانی نەماوە، بەڵام پاش کەمێک بینیم بەئازاری سوتانەوە دەتوانێت هەناسە بدات". کریس ووێنەی ئەو کەروێشکەی لە ناوچەی مالیبۆ چرکاندوە لە کالیفۆرنیا، لەپاش ئەوەش دەتوانێت کەروێشکەکە بداتە دەست ئەو کەسانەی، کە لەنێو تیمی ڤرتنەری دیاریکرابون، بەمەبەستی پاراستن و چارەسەرکردنی ئاژەڵەکان.

   کەروێشکە سوتاوەکە نەک لەدەغڵو دانە سوتاوەکەی کەرکوک نەبوو، بەڵکو بەتەنهاش نەبوو، ئەو کەبرا بۆ چارەسەرکردن لە کەمپی ڤێرتنەری لە ناوچەی بیوتی لەکالیفۆڕنیا، چەندین جۆری دیکەی ئاژەڵی وەک سەگ و پشیلەو زەڕافەو گوێدرێژ و ئەسپ و قەل و مریشک و کەڵەشێر و بەرازو قازیشی لەگەڵدا بوو، کاپتن Fire Steve Millosovich کەیەکێکە لەپیاوانی ئاگر کوژێنەوە دەڵێت " لەنێو ئاگرەکەدا زۆر ئاژەڵمان رزگارکرد، ئەوەی ئازاریداین، سوتانی ئەو کەروێشکەبوو، بەڵام ئەوەی ببوە جێگای شۆکبون، ئەو کەروێشکە بەسوتاویش لەژیاندا مابوو ". رۆژنامەی ئەلەکترۆنی دەیلی مەیلی بەریتانی چیرۆکە جیاوازەکانی ئەو رۆژە لەزاری شایەتحاڵەکان دەگێڕێتەوە، لەپەنای ئەوەشدا ئاماژەی تەواو دەخاتە سەر ژیانی ئەو کەروێشکەو لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا نیشانی ئەدات، کە ئەو کەروێشکە چارەسەر کراوە، لەنێو ژیانێکی تایبەتدا دەستیکردۆتەوە بە جوڵەو بزۆکی، جیاواز لەو چیرۆکانەی کە ئەو کەروێشکەیان بە بەشێک لە سروشتی کەرکوک دەچواند.

   دەبێت ئەو راستییە دەزانین، کە (فەیک نیوز)، گرێ و کۆڵەی دونیایی رۆژنامەگەرییە، بەشێکە لەشێوێنەری ووێنای راستەقینەی هەواڵ، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە، کە فەیک نیوز زۆر بە زووی دەگاتە دەمی خەڵک، چونکە سەرچاوەی هەواڵەکەی، سۆسیال میدیایە نەک ماس میدیا، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە، کە ماس میدیا (رۆژنامە، تەلەفزیۆن و ماڵپەڕو رادیۆو گۆڤار) قسەی لەسەر نەکەن و نەتوانن یان نەیانەوێت ئەو هەواڵە فەیکە راست بکەنەوە.

 

سەرچاوە:

https://www.dailymail.co.uk/news/article-6383809/Heartbreaking-images-animals-injured-California-wildfires-killed-44.html?fbclid=IwAR26r2iV9OuL3XxeMgF9NLS-jEWc7jmzUSSCRU2k2C1Zo_fQXSSXCEf66Pc
https://www.mirror.co.uk/news/us-news/california-fire-devastating-images-burned-13584635
http://www.ladbible.com/news/news-horrifying-images-show-the-animals-injured-in-california-wildfires-20181113
https://www.thenewsminute.com/article/fact-check-images-burnt-animals-supposedly-bandipur-fire-are-fake-97314




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە