وەزیری دارایی عێراق: بەشە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو وەك ئێستا دەبێت

فوئاد حوسێن, وەزیری دارایی عێراق

ژیان: 
وەزیری دارایی عێراق هیواخوازە پەیوەندیەكانی عێراق و هەرێم باشتر ببێت و رێكەوتن لەسەر پرسە جیاوازەكان بكرێت و ئاشكراشی دەكات بودجەی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو وەك خۆی دەمێنێتەوە. 

فوئاد حوسێن, وەزیری دارایی عێراق، رایگەیاند: قۆناخی داهاتوو بۆ هەولێر و بەغدا گرنگە، پێویستە هەردوو لا گفتوگۆ  لەسەر ئەو پرسانەی بكەن، كە ناكۆكییان لەسەرە. 

ناوبراو دوای بەشداریكردنی لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند:  زۆر پرسە هەیە كە گرنگی پێبدرێت لەوانە پرسی ماددەی 140 لە دەستووری عێراق، سیاسەت و نەوت و پرسی بودجە و چەند پرسێكی دیكە.

فواد حسێن ئاشكراشیكرد: كارەكانمان بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو دەستپێكردووە، بەشە بودجەی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو وەك خۆی دەمێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند كۆبونەوەیەك كراوە.