له‌ سلێمانی بێكاران تۆمار ده‌كرێن و هه‌لی كار دابین ده‌كرێت


ژیان:
حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی له‌ سنوری شاری سلێمانی ناوی بێكاران تۆمار ده‌كه‌ن و هه‌لی كاریان بۆ ده‌دۆزنه‌وه، ناوتۆماركردنیش ته‌نها (6) رۆژ ده‌بێت‌.

لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) نێردراوە، دیار حه‌مید نوێنه‌ری به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی كاری سلێمانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، بە قائیمقامیەتی سلێمانی رایگه‌یاندووە" به‌رنامه‌ و پلانێكی فراوان له‌ نیوان وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (G I Z)ی ئه‌ڵمانی دارێژراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی به‌ ته‌واوی شار‌و شارۆچكه‌نه‌وه‌ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار بكرێت كه‌ بێكارن به‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌وه‌، به‌ خوێنه‌وار و نه‌خوێنه‌واره‌وه‌، به‌ مه‌رجێك ته‌مه‌نیان له‌ نێوان (18-60) ساڵیدا بێت و فه‌رمانبه‌ر نه‌بێت".

دەشڵێت" له‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ (13/6/2019)وه‌ له‌ سنوری شاری سلێمانی ناو تۆماركردن ده‌ست پێده‌كات و رۆژی (13 و 16)ی مانگ له‌ ناو ته‌لاری هونه‌ر ده‌بێت و رۆژانی (17،18،19،20) ناونوسین له‌ ناو پاركی ئازادی ده‌بێت، لایەنی ئەمنی و دابینكردنی شوێنیش بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەكە لەو چەند رۆژەدا لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە دابین كراوە".

نوێنه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاری هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد" كه‌ دوای تۆماركردنی ناوه‌كان به‌پێی سیستمی بایۆمه‌تری وردبینی ته‌واویان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (جی ئای زێت)ه و پارێزگاكانه‌وه‌ بۆ ده‌كرێت و دواتر هه‌وڵ ده‌درێت هه‌لی كار بۆ ئه‌و بێكارانه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌لی كاریان بۆ دابین بكرێت". 

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد" كه‌ تۆماركردن بێ به‌رامبه‌ره‌ و بۆ هاوڵاتیانی ناو شاری سلێمانییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌ شار‌و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی نه‌یانتوانیوه‌ له‌ كاتی خۆیدا به‌هۆی نه‌خۆشی و گه‌شته‌وه‌ ناویان تۆمار بكه‌ن، ده‌توانن له‌گه‌ڵ بێكارانی سلێمانیدا ناویان تۆمار بكه‌ن، هه‌ركه‌سێكیش دووباره‌ ناوی تۆمار بكات راسته‌وخۆ هه‌ردوو ناوه‌كه‌ له‌ سیستمه‌كه‌ لاده‌برێت".