كردنەوەی دەرگای ئیمرالی لەنێوان تاكتیك‌و رێككەوتن

ئاماژەكانی كرانەوەی دەرگای ئیمرالی
عەبدوڵا ئۆجەلان

ژیان: د.سەلام عەبدولكەریم

پێشوتار

پاش ماوەیەكی دور‌و درێژ جارێكیتر دەرگای زیندانی ئیمرالی بەڕووی پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان كرایەوە‌و پاش یەكەم دیدار ناوبراو پەیامێكی ئاراستەی كورد لەباكور‌و رۆژئاوای كوردستان كرد، تایبەت بەكێشە نێوخۆییەكانی توركیا‌و سوریا. لەڕاستیدا چ كردنەوەی دەرگای ئیمرالی لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیا بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردوگان‌و پارتی داد‌و گەشەپێدان‌و چ پەیامەكەی ئۆجەلان زیاد لەرەهەند‌و زیاتر لەشیكاریەك لەخۆدەگرێت، كە هەریەكەیان هەڵگری پەیامی سیاسی‌و ئابووری ئایندەیی جیاوازن یەكەمیان لەمەڕ داهاتووی پێگەی فەرمانڕەوایی ئاكپارتی لەرووی سیاسی‌و ئابووریەوە‌و راگرتنی شكۆی توركیا لەسەر ئاستی ململانێ‌و شەڕە قۆچەكانی ناوچەكە‌و جیهان. دووەمیان سەبارەت بەئایندەی كێشەی كورد‌و خەباتی سیاسی‌و چەكداری جوڵانەوەی رزگاریخوازی كورد لەباكور‌و رۆژئاوای كوردستان‌و پەیوەندیان بەپێشهات‌و گۆڕانكاریە جیهانی‌و ناوچەییەكانەوە. لێرەوە هەوڵدەدەین رۆشنایی بخەینەسەر ئاماژەكانی كردنەوەی دەرگای ئیمرالی بەدیاریكراوی لەمكاتەدا، كە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی توركیا پاش راگرتنی راگەیاندنی ئەنجامەكانی شاراوەنی ئەستەنبوڵ بڕیاریدا لەرۆژی (23ی حوزەیرانی ئەمساڵ) دووبارە هەڵبژاردنی شارەوانی ناوبراو دووبارە بكرێتەوە.

باس لەوە دەكرێت، كە ئەم پێشهاتە نوێیە راستەوخۆ پەیوەندیان بەئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان‌و شكستی ئاكپارتیەوە هەیە

بۆچی ئاكپارتی‌و ئۆردوگان لەم كاتەدا دەرگای ئیمرالی دەكەنەوە؟

سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێین، سەرباری قۆڵبەستكردن‌و زیندانیكردنی عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان، هێشتا‌و بگرە رۆژ بەڕۆژ پێگە‌و قوڕسایی ناوبراو لەسەر شانۆی گۆڕەپانی ململانێ سیاسیەكانی توركیا‌و سوریاش بەهێزتر دەبێت، چ وەك كەسایەتی‌و پەیامەكانی، چ وەك ئەندێشە‌و بیروبۆچوونە سیاسیەكانیشی. بۆیە هۆكاری سەرەكی پەنابردنی ئاكپارتی بۆ كردنەوەی دەرگای ئیمرالی، چونكە وەكچۆن لەدەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا ئیمرالی بەشێكی بنەڕەتی‌و یەكلاكەرەوە بوو لەسێكوچكەی بڕیاری (قەندیل، ئیمرالی، هەولێر)، ئێستاش دەسەڵاتدارانی توركیا‌و خودی ئەردوگانیش دەزانێت بەشێكی زۆر لەگرێكوێرەی كێشە ناوخۆییەكانی توركیا تایبەت بەپرسی كورد لەئیمرالیەوە دەكرێتەوە‌و هەژموونی ئۆجەلان درێژەی هەیە بەسەر رێبەرانی قەندیل‌و دیاربەكریشەوە.

لەلایەكیترەوە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان‌و لەدەستدانی گەورە شارەكانی وەك ئەنكەرە وەك پایتەختی سیاسی‌و ئەزمیر‌و ئەنتالیا‌و میرسین‌و ئەستەنبوڵی توركیای بچووك‌و پایتەختی ئابووری‌و شادەماری ژیان لەتوركیاش، كە لەهەڵبژاردنەكانی 31ی مارس ئاكەپە گورزی كەمەرشكێنی بەركەوت، بێگومان ئەو گورزەش كورد‌و ئەندام‌و هەوادارانی هەدەپە لەئەستەنبوڵ لەئاكپارتیان وەشاند‌و بەپێی ئەنجامی سەرەتایی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ بەنزیكەی (15-20) هەزار دەنگ لەپێش (بن عەلی یەڵدرم)ی كاندیدی ئاكپارتیەوە بوو، بەڵام دواجار بەبڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا 23ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە لەو شارە. واتە ئەم پەنابردنەوە بەر كردنەوەی دەرگای ئیمرالی پەیوەندی بەشكستی ئاكپارتیەوە هەبوو لەهەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، بۆیە لەم درەفەتەدا، كە هەم ئەردوگان‌و هەم ئاكپارتیش بۆ راگرتنی باڵانسی بەڕێوەبردنی شارەوانیەكانی توركیا لەداهاتوودا بتوانن ئەستەنبوڵ ببنەوە بۆئەوەی لەسێ شارە گەورەكەی توركیا بەلای كەمەوە شارێكیان بەدەستەوە بێت، سەرباری ئەوەی ئەستەنبوڵ قورسایی ئابووری خۆی هەیە لەمەڕ وەبەرهێناین بیانی‌و شادەماری ئابووری توركیایە‌و سەرمایەدار‌و وەبەرهێنی ناوخۆیی زۆریشی لەكورد‌و تورك تێدایە. بێگومان لەمەشدا دڵنیابوو، كە بەهۆی مامەڵە‌و سیاسەتی خراپی ئاكپارتی بەرامبەر بەكورد، بەشی هەرە زۆری كوردانی ئەستەنبوڵ دەنگیان بەكاندیدەكەی جەهەپەدا، بەو پێیەی هەدەپە كاندیدی بۆ ئەوشارە نەبوو، هەروەها بەشێكیشی باس لەوە دەكرێت بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری توركیا‌و دابەزینی بەهای لیرەی توركی بەتایبەت لەم دواییانەی دەسەڵاتی ئاكپارتیدا هۆكار بووە، كە وەبەرهێن‌و سەرمایەدارانی كورد لەئەستەنبوڵ دەنگ بەئاكپارتی نەدەن.  

ئایا كردنەوەی دەرگای ئیمرالی گۆڕانی سیاسەتە یا تاكتیكی نوێی ئاكپارتیە؟

لەراستیدا چەند سیناریۆ‌و ئاماژەیەك لەپشتی كردنەوەی دەرگای ئیمرالی لەم كاتەدا هەیە‌و دەشێ هەریەكەیان بچێتە چوارچێوەی لێكدانەوە بابەتیەكەوە، لەوانە:
سیناریۆی یەكەم- باس لەوە دەكرێت، كە ئەم پێشهاتە نوێیە راستەوخۆ پەیوەندیان بەئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان‌و شكستی ئاكپارتیەوە هەیە، ئەردۆگان دەیەوێت سیاسەتێكی لیبراڵانەتر بەرامبەر بەكورد بگرێتەبەر، بەتایبەت كە هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ دووبارە دەكرێتەوە‌و پشت بەكورد ببەستێ‌و لەمەشدا لەبری دانوستان لەگەڵ هەدەپە لەخواری هەڕەمەكەوە پەنای بۆ لوتكەی هەڕەمەكە‌و ئۆجەلان بردووە لەرێگەی كردنەوەی دەرگای ئیمرالی‌و ئاراستەكردنی پەیامێكی نوێی سیاسی لەلایەن ئۆجەلانەوە، كە پوختەی پەیامەكە سەرباری زۆر رەهەند، بریتی بوو لەدرێژەدان بەخەباتی پەرلەمانی‌و پەنابردنە بەر دیالۆگ‌و وتوێژ لەگەڵ توركیا، لەمەشدا ئاكپارتی لەلایەك خۆی لەرەخنەی مەهەپەی هاوپەیمانی دوورگرتووە، چونكە مەرجی مەهەپە كاتی خۆی بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی پاشەكشەی ئاكپارتی بوو لەچارەسەری سیاسی‌و ئاشتیانەی كێشەی كورد‌و نكوڵیكردن لەكێشەی كورد لەتوركیا. بۆیە باس لەوە دەكرێت، كە ئەم پێشهاتە بریتیە لەگۆڕان لەسیاسەتی ئاكپارتی‌و ئەردوگان بۆ دەستبەرداربوون لەفەرامۆشكردنی كورد‌و هەدەپە، چونكە پێش ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان ئەنجام بدرێت بۆچوونێك لەتوركیا لەئارادابوو، كە لەئەگەری شكستی ئاكپارتی ئەگەری زۆرە پاشەكشە لەهاوپەیمانێتی مەهەپە بكات‌و بەرەو كورد لیبراڵانەتر مامەڵە بكات، هەوڵی زیندووكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بدات، بەكرداریش هەڵبژاردنی شارەوانیەكان كورد دووو پەیامی بەئاكپارتی دا، یەكیان ئەوەبوو كە تورك لەشارە توركیەكان سزای ئاكپارتیان دا‌و دەنگیان پێنەدان، لەولاوە لەشارە كوردیەكانی باكوردی كوردستان كورد دەنگی بەئاكپارتی دا، دووەمیشیان كورد لەئەستەنبوڵ دەنگی بەجەهەپە دا‌و ئاكپارتی خست. بۆیە بەهەموو پێوەرەكان ئاكپارتی‌و ئەردوگان لەم پەیامانە باش تێگەیشتوون.

ئەگەری رێككەوتنێكی نهێنی‌و ژێر بەژێر لەئارادایە پاش رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەستەنبوڵ‌و هەنگاوی یەكەمیش بەكردنەوەی دەرگای ئیمرالی دەستیپێكردووە

سیناریۆی دووەم- بەشێكی زۆر لەشیكەرەوانی بواری كاروباری توركیا بۆچوونیان وایە ئەگەری رێككەوتنێكی نهێنی‌و ژێر بەژێر لەئارادایە پاش رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەستەنبوڵ‌و بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لەو شارە‌و هەنگاوی یەكەمیش بەكردنەوەی دەرگای ئیمرالی دەستیپێكردووە، پێدەچێت ئەگەر ئەم سیناریۆیە راست بێت بەشێكی تر لەو بەند‌و بڕگە‌و خاڵانەی نێو رێككەوتنە نهێنیەكەی نێوان هەدەپە‌و ئاكپارتی دوای دەركەوتن‌و راگەیاندنی ئەنجامی شارەوانیەكانی ئەستەنبوڵ لە23ی حوزەیرانی ئەمساڵ جێبەجێ بكرێت، كە دەبێ ئازادكردنی دەمیرتاش‌و پارلەمانتار‌و سەرۆك شارەوانیە زێندانیكراوەكانی پێشتر‌و سەركردە‌و سیاسەتمەدارەكانی كورد‌و هەدەپە لەخۆ بگرێت، بەبڕوای ئێمە ئەگەر ئەم سیناریۆیە راست بێت ئەوكاتە ئاسۆیەكی گرنگ‌و نوێ هەم لەبەردەم هەدەپە‌و كورددا دەكرێتەوە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە گەورانەی هاتۆتە رێی بەم دواییانە، هەم دەلاقەی رزگاربوونی ئاكپارتیشە لەو تەنگژە سیاسی‌و ئابووریانەی تێیكەوتووە، چونكە بۆ هەردوولا دەركەوت، كە لەقۆناغی دەستپێكردن‌و بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا هەم بارودۆخ‌و ئاسایشی توركیا سەقامگیر بوو، هەم ئابووری توركیاش گەشەسەندوو بوو، هەم ناوچە كوردیەكان‌و خەباتی پەرلەمانی هەدەپە‌و كوردیش شوێنی خۆیان گرتبوو. بۆیە لەمبارەدا ئاكپارتی دەتوانێت باڵانسی سیاسی خۆی رێكبكاتەوە‌و لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا تا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانی 2023 بتوانێ بەشێكی زۆر لەو هەڵە‌و كەمو كورتیانەی خۆی بەهۆی پشتگوێ خستنی چارەسەری ئاستیانەی كێشەی كورد راست بكاتەوە، هەم هەدەپەش دەتوانێت پێداچوونەوە بەسیاسەتی خۆیدا بكات‌و چیتر خۆی نەكاتە قوربانی پارتە نەیارەكانی توركیا لەنمونەی جەهەپە، كە هچ ئاسۆیەكی روونی بۆ چارەسەری پرسی كورد بەرێگەی دەستوری‌و دیموكراسیش بەفەرمی تائێستا نیە، جگە لەهەندێ لێدوانی میدیای پراگماتی نەبێت.

سیناریۆی سێیەم- لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، كە ئەم هەنگاوەی ئاكپارتی‌و ئەردوگان بۆ كردنەوەی دەرگای ئیمرالی تاكتیكی ئەم قۆناغە بێت تاوەكو لەهەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ بەسەركەوتووی رزگاری دەبێت‌و دیسان بگەڕێتەوەسەر سیاسەتەكانی پێشووی. چونكە ئەوەی جێگەی مەترسیە ئەوەیە ئەردوگان زۆر پراگماتیانە سیاسەت دەكات‌و وتارەكەی ئەمدواییەی لەشاری (سامسۆن)‌و بانگهێشتكردنی سەرۆكی سەرجەم پارتە سیاسیەكانی توركیا جگە لەهەدەپە‌و دەستخستنە ناو دەست‌و وێنەگرتنی دەستەجەمعی لە(ئیسلامیەوە بۆ سێكیۆلار‌و لەچەپەوە بۆ راست‌و كەمالی) ئاماژەی باش نین بۆ ئایندەی ئەم پێشهاتە نوێیەی ئاكپارتی بەرووی كورددا. بۆیە ئەگەر ئەم سیناریۆیەیان راست بێت ئەوكاتە ئاكپارتی تەنها دەتوانێت سودێكی كاتی لەكورد وەربگرێت، بەڵام زیانەكانی ئایندەی زیاتر دەبن بۆی بەتایبەت ئەم دوو هەڵبژاردنەی ساڵی پار‌و ئەمساڵیش ئاستی گەشەكردنی نەیارەكانی لەتەوژمی نەتەوەپەرستی پارتەكەی میراڵ ئەكشنار‌و تەوژمی كەمالی جەهەپە بەخۆوە بینی.

ئەم هەنگاوەی ئاكپارتی‌و ئەردوگان بۆ كردنەوەی دەرگای ئیمرالی تاكتیكی ئەم قۆناغە بێت تاوەكو لەهەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ بەسەركەوتووی رزگاری دەبێت

پەیامی كۆتایی...بژاردەی ئاكپارتی‌و كورد چیە؟

بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو كێشە دەرەكی‌و ناوخۆییانەی تەوقی توركیایان داوە، بەتایبەت تەنگ پێهەڵچنینی لەلایەن نەیارە سیاسیەكانیەوە پاش ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان‌و ئەگەری دروستكردنی پارتی سیاسی نوێ لەلایەن هەریەكە لە(عەبدوڵا گول‌و ئەحمەد داود ئۆغلو)، كە باس لەوەش دەكرێ نەك ئەندام‌و هەوادار بگرە پارلەمانتاری ئاكپارتیش دەچنە نێو ئەو پارتە نوێیەوە. بۆیە بژاردەی دروست لەبەردەم ئاكپارتی سیناریۆی دووەمە، كە رێكەوتن‌و سازانە لەگەڵ هەدەپە‌و كورد نەك تەنها لەهەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵدا، بەڵكو بۆ داهاتووش. هەرچی بژاردەی هەدەپەشە بەتێڕوانین بۆ دۆخی ناوخۆیی پارتەكە‌و زێندانیكردنی هاوسەرۆك‌و پارلەمانتارەكانیان‌و بەلەبەرچاوگرتنی پەیامەكەی ئۆجەلانیش، بریتیە لەلەدەستنەدانی ئەم دەرفەتە نوێیەی هاتۆتە پێش‌و سازانە لەگەڵ ئاكەپە، بەڵام پرسیار‌و گرێی سەرەكی ئەم شیكاریە ئەوەیە، لەكاتێكدا دەرگای ئیمرالی كراوەتەوە‌و ئۆجەلانیش پەیامی خەباتی سیاسی‌و سازان‌و وتوێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا پێشنیاز دەكات، لێدوانی هەدەپە چیە، كە رایانگەیاندووە دووبارە دەنگ بەكاندیدەكەی جەهەپە لەئەستەنبوڵ دەدەنەوە؟