لە دوو رووداوی هاتوچۆدا دوو کچ بریندار بوون

رووداوی هاتوچۆ

ژیان:
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئەمڕۆ له‌دوو رووداوی هاتوچۆدا له‌سنوری كه‌لار  دوو كچ بریندار بوون.

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (تۆڕی هەواڵی ژیان) كەوتووە، عه‌لی جه‌مال قه‌دوری، وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان رایگه‌یاندوه‌"به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه له‌سه‌ر شەقامی به‌رده‌سوور نێو بازاڕی كه‌لار ئۆتۆمبێلێك له‌جۆری جێب واز  له‌ كچه‌ خوێندكارێكی زانكۆی خانه‌قین ده‌دات  و  پاش گه‌یاندنی به‌به‌شی فریاكه‌وتنی شه‌هید هه‌ژار چاره‌سه‌ری پێویستی بۆكراوه‌ و له‌ئیستادا له‌ژێرچاودێری پزیشكدایه‌".

دەشڵێت" له‌ڕووداوێكی دیکەی هاوشێوه‌دا له‌گه‌ڕه‌كی سیروانی قه‌زای كه‌لار ئۆتۆمبێلێك له‌جۆری ئاڵتیما له‌ كچێك ده‌دات و پاش گه‌یاندن و چاره‌سه‌ری پێویست له‌به‌شی فریاكه‌وتنی شه‌هیدهه‌ژار به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی كراوه‌".

وتەبێژەكەی پۆلیسی گەرمیان ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌"شۆفێری هه‌ردوو ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌بڕیاری دادوه‌ر و به‌پێی ماده‌ی 23ی هاتوچۆ به‌ندكراون".