زەریف: ئیمارات دەیەوێت ببێتە ئیسرائیلی دووەم

محەمەد جەواف زەریف

ژیان:

وەزیری دەرەوەی ئێران ،هێرشى کردە سەر  ئیمارات و رایگەیاند، ئەو وڵاتە دەیەوێت ببێت بە ئیسرائیلی دووەم لەناوچەکەدا.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئیمارات چەندین ملیار دۆلار لە خۆپڕچەككردندا خەرج دەكات و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی ببێتە ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەكەدا.

زەریف ئاماژەى بەوەشکردوە، لەناوچەکە سێ وڵات هەن پێیان وایە لەڕێگای پاراستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن دەتوانن پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی خۆیان بکەن کە ئەوەش بۆچوونێکی هەڵەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو جەنگە ئابوورییەشی بە "تیرۆر" وەسفكرد كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە دژی وڵاتەكەی بەرپای كردووە و وتیشی "جیاوازی لە نێوان جەنگی سەربازیی و ئابووریدا نییە، لە بارگرژیدا ئەگەری هەموو شتێك هەیە و زەرەرمەندی گەورەش ناوچەكە دەبێت".

لەدرێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەوان رێگە نادەن وڵاتە یەکگرتووەکان جەنگێکی یەکلایەنە بەسەر گەلی ئێراندا بسەپێنن، بەدڵنیایی هەموو لایەک زەرەر دەکات.