سلێمانی؛ بەتۆمەتی بەكارهێنان‌و بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەر کەسێک دەستگیركرا

پۆلیس دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند

ژیان:

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكی بەڕەگەز ئێرانییان دەستگیركرد كە بڕێك ماددەی هۆشبەری پێبووەو ویستویەتی‌ لەشاری سلێمانی ساغی بكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، دوای ئەوەی هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی زانیارییان پێگەیشت لەبارەی كەسێكەوە كە بڕێك ماددەی هۆشبەری هێناوەتە ناوشاری سلێمانی‌و بەنیاز بووه‌ ساغی بكاتەوە.

دەشڵێت، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو دوای بەدواداچونێكی وردو ئاشكراكردنی شوێنی تۆمەتبار توانرا تۆمەتبار (س، ف، ع) بەڕەگەز ئێرانی لەناو بازاڕی شاری سلێمانی دەستگیربكرێت‌و دەستیشبگیرێت بەسەر نزیكەی 500گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆرەكانی (كریستاڵ‌و هیرۆرین) كە بەتۆمەتبار بووە.

ئاماژە بەوەش دەکات، لەئێستادا تۆمەتبار ڕەوانەی هۆبه‌ی‌ نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لەئاسایشی سلێمانی كراوە بۆ تەواوكردنی ڕێكارەیاساییەكان‌و له‌ئێستادا بەبڕیاری دادوەر به‌نده‌ بەپێی ماددەی 14ی مخدرات.