مەسرور بارزانی ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی

ژیان:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 12ی حوزه‌یرانی 2019،  به‌ مه‌رسوومی هه‌رێمی، مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راسپارد.

مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، "سوپاس بۆ متمانەتان و هەوڵ دەدەم بە هاوکاریی هەموو ئەو لایەنانەی بڕیاڕی بەشدارییان لە کابینەی نوێ داوە، لە وادەی دیاریکراودا پێکهاتەی کابینەی نۆیەم بخەمە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو هەرچی زووتر بتوانین خزمەتێکی شایستەی گەل و نیشتمانمان دەست پێبکەین. ئاواتەخوازم هەموو لایەنە پەیوەندارەکان هاوکارمان بن بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنین".

مه‌سرور بارزانی، رۆژی سێشەممە، له‌لایه‌ن فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ ناوزه‌دكرا و له‌ په‌رله‌مانی كوردستانیش، به‌ كۆی ده‌نگی 87 په‌رله‌مانتار له‌ 97 په‌رله‌مانتاری ئاماده‌بووی به‌ده‌ستهێناوه‌.

به‌ گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ته‌نها 30 رۆژ له‌به‌رده‌م مه‌سرور بارزانی-دا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م پێكبهێنێت.