لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق: دیاری نەكردنی وەزیری داد كێشەی دروست كردووە


ژیان: 

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رونیدەكاتەوە كە دانەنانی وەزیری داد كێشەی بۆ زیندان و چاكسازیەكان دروست كردووە و دواین ئاماری زیندانیكراوانی عێراقیشی خستە روو. 

بەختیار شاوەیس، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: وەك لیژنەی مافی مرۆڤ داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین، كاندیدێك پەسەندبكات بۆ پۆستی وەزارەتی داد، بۆ ئەوەی بەشێك لەو كێشانەی چاكسازیەكان بووەتەوە چارەسەر ببێت.

 شاوەیس لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە كرد ئەمڕۆ میوانداریی بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاكسازییەكان و زیندانیكراوانی عێراقیان كردووە، بۆیان ئاشكرا بووە كە كۆمەڵێك دۆسیە هەیە بۆ چارەسەر كردنی پێویست دەكا دانانی وەزیری داد یەكلایی بكرێتەوە. 

لە ئێستادا لە عێراقدا28 گرتووخانە و زیندانی هەیە، سەرجەمیان36هەزار و742 كەسیان بە تۆمەت و تاوانی جیاجیا تێدا ڕاگیراوە. نابراو ئاشكراشیكرد بەهۆی زۆریی زیندانیكراوەكانەوە، دۆخی زیندانەكان پێویستی بە پێداچوونەوەی هەیە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ ئاشكرایكرد، هەزار و 442كەس سزادراون، ئەو كەسانەی كە سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنراوە لەلایەن دادگای تاوانەكانەوە بە مادەی تیرۆر، نززیكەی 18 هەزار و 700كەس، هەزار و900 كەسیش لە زیندانی كراوەكان هاوڵاتی بیانین و بە تاوانی جیاجیا سزادراون.