توركیا: هاوسەنگی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ پەیوەندییەكانی توركیا گرنگە


ژیان: 
میدیاكانی سەر بەحكومەتی توركیا خۆشحاڵی خۆیان بە دیاری كردنی نێچیرڤان بارزانی دەردەبڕن بە هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی هەرێم و ئاماژە بەوە دەكەن كە رۆڵی گرنگ دەگێڕێت لەپەیوەندیە ئەمنی و سایسی و ئابوریەكانی نێوان هەرێم و توركیا. 

ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بەحكومەتی توركیا  لە راپۆرتێكیدا دەڵێت "دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی كە بەوە ناسراوە لە توركیاوە نزیكە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر لە بواری ئابووری، سیاسیی و ئەمنی".

 لەو بابەتەی ئاژانسی ئەنادۆڵ رای چەند كەسێكی وەرگرتووە باسیان لەوە كردووە "بە هۆی كاریگەری سیاسەتی توركیا لە بارەی عێراقەوە لەم ماوەیەی دواییدا گفتوگۆكانی ئەنقەرە و هەولێر گەشەیان كردووە".

بیلگای دومان، رێكخەری كاروباری عێراق لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو بابەتەدا شیكردنەوە بۆ دیاری كردنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت دەكات و دەڵێت "پێشخستنی گفتوگۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كە كابینەی نوێی حكومەت پێكدەهێنێت لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە گرنگە چونكە یەكێك لەو دوانە لە داهاتوودا دەبنە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان".‌

ئاماژەی بە گرنگی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانیش كردەوە لە نێوان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیران بۆ هەرێمی كوردستان وتی "پێشخستنی هاوسەنگی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كە كابینەی حكومەت پێك دەهێنێت بۆ پەیوەندییەكانی توركیاش گرنگە".

لەو بابەتەدا ئەوەش ئاشكرا بووە كە توركیا پێداگیربووە لەوەی وەزارەتێك لە كابینەی نوێ بدرێتە توركمانەكانی هەرێمی كوردستان .