خامنەیی: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناکەین

دیداری ئەمڕۆی خامنەی و سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن

ژیان:

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وەڵامی ترەمپ نادەمەوە و دانووستان لەگەڵ ئەمریکا ناکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیداریدا لەگەڵ شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاند، ئێران متمانەی بە ئەمریکا نییە و ئەزموونی تاڵی دانوستانی ڕابردووی لەگەڵ ئەمریکا لە قەبارەی ڕێککەوتنی ناوەکی، بە هیچ لەونێک دووبارە ناکاتەوە.

خامنەیی بە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنی ڕاگەیاند، ئێمە گومانمان لە نیازپاکی و جدی بوونی ئێوە نییە بەڵام سەبارەت  بەوەی لە زمانی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە قسە دەکەی، من خودی کەسایەتی ترامپ بە شایستە و لایەقی گۆڕینەوەی هیچ پەیامێک نازانم و هیچ وەڵامێکم بۆی نییە و وەڵامی نادەمەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکیەکان پرسی گۆڕینی ڕژێم نییە، چونکە ئەوان ئەگەر خواستێکی وایان هەبێت، ناتوانن جێبەجێ بکەن، هەر بەو چەشنەی کە سەرۆکە پێشووەکانی ئەمریکا لە چل ساڵی رابردوودا نەیانتوانی . 

خامنەیی ڕاشیگەیاند، ئەمریکا بە هیچ جۆرێک شیاوی ئەوە نییە باس لەوە بکات کە کام وڵات چەکی ناوەکی هەبێت یان نەیبێت، چوونکە خۆی خاوەنی چەندین چەکی ناوەکیە.