کەرکوک؛ کوڕێک بەهۆی دەمەقاڵێوە باوکی خۆی کوشت

کوڕێک بەهۆی دەمەقاڵێوە دەستڕێژی گولە لە باوکی دەکات و دەیکوژرێت

ژیان:

بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی لەیلان ڕایدەگەیەنێت، شەوی ڕابردوو کوڕێک بەهۆی دەمەقاڵێوە دەستڕێژی گولە لە باوکی دەکات و دەیکوژرێت، دەشلێت کوڕەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

سەڵاحەدین سابیر، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، کاتژمێر 8 شەوی ڕابردوو، لە گوندی "بەیانلۆ" کاتێک هاوڵاتی "عومەر ڕەشید"ی 42 ساڵ گەڕاوەتەوە ماڵەوە، کوڕەکەى بەناوی "ئەحمەد عومەر"ی 17 ساڵ تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی.

ئاماژەی بەوەشداوە، کوڕەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و وتوویەتی پێشتر لەگەڵ باوکیدا دەماقاڵێی بووە و باوکی لێیداوە، بەهۆیەوە لە نزیک گوندەکەیان کەمینی بۆ داناوە و لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە کوشتوویەتى.

بەڕێوەبەرەکەی پۆلیسی لەیلان ئەوەشیخستەڕوو، بکوژەکە نەخۆشی دەرونی هەیە و لەئێستادا ڕەوانەى نەخۆشخانەى دەرونی کراوە.