هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەمساڵ ئەنجام نادرێت

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دواخرا

ژیان:

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام نادرێت، دەشڵێت كە لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران ئاڕاستەیەك ھەیە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ ماوەیەكی تر دوا بخرێت.

خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەكانی پارتی ڕایگەیاندووە "ئەمساڵ لەبەر چوار ھۆكار ھەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام نادرێ، كە بریتین لەوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تا ئێستا ھەموار نەكراوەتەوە و یاسایەكە ئامادە نییە، تۆماری بایۆمەتری بەردەوامە و ئەو كەسانەی ساڵی لەدایكبوونیان ٢٠٠٠ بووە، داخڵ كراون بۆ ھەڵبژاردنەكان و دەبێت ئەمانەش ئەپدەیت بكرێنەوە، كۆتا ھۆكاریش ئەوەیە كە لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران ئاڕاستەیەك ھەیە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ ماوەیەكی تر دوا بخرێت."

ناوبراوە ئەوەشی بە ماڵپەری فەرمی پارتی وتوە، یاساكە ئەمساڵ ھەموار دەكرێتەوە، چونكە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی ھەموو دەسەڵات و تێبینییەكمان بە فراكسیۆنی پارتی داوە بۆ ھەمواركردنەوەی یاسایەكە و مەرج نییە ئەوەی پارتیش پێی باش بوو، قبووڵ بكرێت و تێپەڕێنرێت لە ئەنجوومەن، چونكە ھێز و لایەنی تریشی لێیە.