گارسیا لە شێوەكارییەوە بۆ شیعر

شێوەكاران لەبەردەم كۆمەڵێك ئاستەنگدا
گارسیا ناسیح

ژیان: ترێسا

گارسیا ناسیح، هونەرمەندی شێوەكار دەڵێت، یەكێك لە كێشەكان گواستنەوەی تابلۆیە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر بەبێ بیمە، هەرەوەها لە ئێستاشدا سەرقاڵی دیوانە شیعرە.

هونەرمەندی شێوەكاری كورد ناسیح محەمەد عەبدولڕەحمان ناسراو بە گارسیا ناسیح، یەكێكە لە هونەرمەندە شێوەكارەكانی تاراوگە‌و ناوبراو ئەندامی كۆمەڵەی هونەرمەندانی نێودەوڵەتی‌و سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانە.

ناسیح لەبارەی كارەكانییەوە بۆ ژیان دەدوێت‌و دەڵێت، تا ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا‌و دەرەوەی ئەڵمانیا 13 پێشانگای تایبەتییم كردووەتەوە، لەوانە كوەیت، فەلەستین، مەغریب‌و میسڕ، هەروەها خاوەنی چەندین پێشانگای هاوبەشم لە وڵاتە جیاوازەكان.

دەشڵێت، لەپاڵ كاری شێوەكارییم، ناو بەناو هۆنراوە دەنووسم‌و لە چەندین رۆژنامەی عێراقی بڵاوكردووەتەوە لەوانە "العراق الیوم والصباح"، لەبەرنامەشمدایە لە ئایندەیەكی نزیكدا دیوانە شیعرێكی خۆم چاپ بكەم. 

ئەو شێوەكارە كوردە لەبارەی هەڵبژاردنی كاری شێوەكاری لەناو دونیای هونەر دەڵێت، هەڵبژاردنی هونەری شێوەكاری یان هەر بەشێكی دیكەی هونەر، خۆمان هەڵینابژێرین، ئەوە ناخمان‌و هەست‌و هۆشمانە كە بڕیار دەدات‌و هەڵیدەبژێرێت، ئارەزووەكان منداڵیەوە لەگەڵیان گەورەدەبن، هونەرمەندی راستەقینە سروشتیە‌و پڕە لە مرۆڤایەتی.

ئەوەی نەمتوانیوە بە وێنە دەریببڕم، هەوڵمداوە بە وشە دەری ببڕم

ناسیح لەبارەی ئەو وێنانەی كە دەیكێشێت‌و بەردەوام سەرقاڵی رەنگەكانە ئاماژە بەوە دەكات، وێنەكانی جۆرەها پەیامی جیاوازی لەخۆگرتووە لەوانە پەیامی خۆشەویستی خاك‌و ئاشتی، پێشی وایە، دەبێت هونەرمەند پێش هەموو شت هۆش‌و هەستی راستەقینەی هونەری تێدابێت، بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی بە زیندووی بگاتە وەرگرە.

سەبارەت بە سستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ شێوەكارانی كورد لە تاراوگە‌و كوردستان ئەوە دەخاتەڕوو، كە خۆم پەیوەندییەكی ئەوتۆی نیە لەگەڵ هونەرمەندانی شێوەكار لە هەرێمی كوردستان یاخود لە تاراوگە، رەنگە ئەوەش كۆمەڵێك هۆكاری تایبەت بە خۆی هەبێت، دووری لە نیشتمان یان ساردبوونەوەی پەیوەندییەكان، بەشێكیشی دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی خۆی كە زیاتر لەگەڵ تەنیای راهاتووە‌و هەمیشە ئارەزووی ناو تابلۆ‌و هۆنراوەكان دەكات.

گارسیا لەبارەی كارئاسانیی لە هونەری شێوەكاری نێوان كوردستان‌و تاراوگە دەڵێت، نەك شێوەكاری، بەڵكو سەرجەم بەشەكانی دیكەی هونەر لە هەموو شوێنێك ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت، چوونكە بەردەوام رێگری هەیە لەبەردەم كارەكان‌و ئێستاش وەك ئەوەی كە ئەو ئاگادارە لە كوردستان هونەرمەندانی شێوەكار لەبەردەم كۆمەڵێك ئاستەنگدان، بەڵام دەكرێت بڵێین لە تاراوگە ئاستەنگەكان كەمترن‌و هەوڵەكان ئەنجامی باشیان هەیە.

ناوبراو باس لە تێكەڵبوونی هەستی شیعر‌و شێوەكاری دەكات‌و دەڵێت، من بۆخۆم پێش ئەوەی ببمە شاعیر شێوەكار بووم، بەڵام بەپێی ئەو روداوانەی لە ژیانمدا بەرۆكیان گرتم  بۆ دەربڕینی هەستەكان شیعرم نووسیوە، ئەوەی نەمتوانیوە بە وێنە دەریببڕم، هەوڵمداوە بە وشە دەری ببڕم، یاخود بە پێچەوانەوە، ژیانیش قوتابخانەیەكی گەورەی مرۆڤە.

ئەو شێوەكارە كوردە لەبارەی كاری داهاتووی بۆ ژیان ووتی "هونەرمەند بەردەوام پێی خۆشە كاری نوێ‌و تازەگەریی ئەنجام بدات، بەڵام هەندێكجار دۆخەكان سەخت دەبن‌و دەستت دەگرن، یەكێك لە كێشەكان گواستنەوەی تابلۆیە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر بەبێ بیمە، چونكە ئەگەر تابلۆكەت لەناو بچێت، كەسێك نیە كە وەڵامی هونەرمەندان بداتەوە، بەڵام لە تاراوگە جیاوازە‌و بەرپرسیارێتی تابلۆكان دەخەنە سەر شانی خۆیان، هونەرمەند چەند ناوبانگی هەبێت زیاتر ماندوو دەبێت، بەڵام لە داهاتوودا بە دڵنیاییەوە ئەگەر بە تەنیاش نەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندانی دیكە پێشانگای شێوەكاری دەكەینەوە، هەرچەند لە ئێستاشدا خەریكی دیوانە شعریەكەمم، دوای بڵاو بوونەوەی كار دەكەم بۆ پێشانگایەكی باش لە كوردستان.